هەرێم حەسەن
پایز ئەی مەوسیمی وەرزی ئەوین، ئەی ڕیحانەی بۆنی مەستی، ئەی شاباڵی پەپولەی جوان، ئەی گەڵای وەریوی عاشقان.
بەخێرهاتی.. بەتریفەی مانگ هاتی، جوانی و بۆ جوانی هاتی. وەختێ تۆ دێی، هەناسەکان مەست مەست دەبن و زەردەخەنە بە باڵای گەڵاوە دەڕسکێ. وەختێ تۆ دێی کۆچەریەکان یەکەم نمەی باران دەنووسنەوە، تاڤگەی خۆزگەکان شەڵاڵتردەبن و ڕۆشنایی بۆ نیگاکان دەگەڕێتەوە.
وەختێ تۆ دێی پەلکە زێڕینەی خەیاڵ هەموو تخوبەکان دەبڕێ و لەباوەشی لقی دارێک دەگیرسێتەوە، تا ماچی لێوێک نەکات ناگەڕێتەوە مەنزڵ، ئیدی ئاوێزانبوونی گەڵا و ماچ و عەشق دەبێتە سەرمەشقی کاروان سەرای دڵەکان...
وەختێ تۆ دێی گۆنای تەزیوی یار چی ئاگرێک دەکاتەوە لەدڵی مندا، بۆیە پێمدەڵێ هەموو توولەڕێیەکانی زەمەن دەمهێننەوە باوەشی تۆ کەچی هێشتاش تێرنابم، نا...
وەختێ تۆ دێی داستانی خەج و سیامەند زیندوو دەبێتەوەو خۆی دەخزێنێتە نێو کۆڵانەکانی تەنهایمەوە، کەچی هێشتاش تۆ لەگەڵ من ڕێ دەکەی و پێم دەڵێی هێواش ڕێبکە، هێواش...
ئەو سەفەرە دووایی نایە، بۆیە پایز دەکەینە بیانویەکی جوان بۆ باوەشی پڕ سۆزی ئەوێنێک، کەچی دووبارە پایز لەگەڵمان ڕێدەکات، تا کرانەوەی گوڵێک ڕانەگەیەنێت دەستمان لێ بەرنادا...
سوپاس پایز، گەر تۆ نەبای ماچ و عەشق و گوڵ چرۆی خەونەکانی سەوز نەدەکرد و هێللانەی بۆ شاعیرێک چێ نەدەکرد..