‎خوێندنەوەیەک بۆ شیعری 'گریانی من و مێژوو'
 لە کۆمەڵە شیعری'سۆراخ'ی سەلما تۆما کاکۆ
ڕێباز مستەفا
**
‎کۆمەڵە شیعری'سۆراخ'،٧٠ شیعر لەخۆ دەگرێت ٦٠ شیعر بە کوردی و ١٠ شیعر بە سریانی و لە ١٢٨ لاپەڕەدالە ساڵی ٢٠٢٦ لە هەولێرچاپ و بڵاو کراوەتەوە، هەر ئەو کاتیش خاتوونی شاعیر کە بە سەردان گەڕابووەوە کوردستان، لە ئێوارە کۆڕێکدا لە ماڵی 'نازەنین حەیدەری'، کتێبەکەی خستە ڕوو و چەند شیعرێکی خوێندنەوە و هەم خۆی و هەم لەلایەن ئامادەبووانەوە قسە لە کتێبەکە و ناوەرۆکی شیعرەکانی کرا و هەر لەوێش سەلما خان لوتفی کرد دانەیەک لە کتێبەکەی بە دیاری دامێ.
قسەكردن لەسەر ئەم كۆمەڵە شیعرە كاتی زۆرتری پێویستە، بۆیە ئێمە دەمانەوێت بە كورتیش بێت بەسەر شیعری'گریانی من و مێژوو'دا بچینەوە كە شیعرێكی درێژی خاتوونی شاعیرە و لە لاپەڕەی ١٠٠ی کۆمەڵەی 'سۆراخ'دا بڵاو کراوەتەوە.
شیعرەکە بە پرسیارێک دەست پێ دەکات:
"نازانم خۆم 
هەر بە پیری لەدایک بووم، یان غوربەت پیری کردم ..."
هەڵبەتە مەبەستی شاعیر لە "پیری" ژمارەی ساڵەکان نییە، بەڵکو مەبەست ئەزموونی ئەو هەموو ماوە درێژەی تەمەنیەتی، ئەمەش لە درێژەی ئەم یەکەمین کۆپلەیەدا باشتر ڕوون دەبێتەوە، کەدەبینین بە خێرایی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی منداڵی و لەوێوە دیسان بە هەوراز و نشێوییەکانی ژیاندا دێتەوە و هەندێک جار گەشبینانە و هەندێک جاریش 'یادەوەرییەکانی تێکەڵی گریان دەکات'. ئێمەی خوێنەری ئێستای شیعرەکە، هەرچی لەبارەی ژیان و قۆناخە بەرز و نزمەکانی شاعیر بڵێین ڕەنگە نەتوانین ئامانج بپێکین، چونکە دیارە شاعیر هەندێک ئاماژە و کۆد دروست دەکەن، کە لەوانەیە هەر خۆیان بتوانن بیانکەنەوە، دەبینین شیعرەکە بە پرسیارێکی نیگەران و دوودڵییەوە دەست پێ دەکات و لە کۆپلەکانی دواتردا دێتە سەر وەرچەرخانێک لە ژیان و کۆچ و ڕێگای پڕ مەترسیی و دوورکەوتنەوە لە زێد و هەڵوەدابوون بە دوای ژیانێکی سەقامگیر و دابینکردنی بژێوی، ئینجا لە کاتێکدا ژیان و تەمەن ماندوو و شەکەتی کردووە و خۆی ناوی ناوە 'ئێوارەی تەمەن' ئارامییەک دەیگرێتە خۆی و ڕۆح و جەستە ماندووەکەی ئاهێکی بەبەردا دێتەوە:
"لە ئێوارەی تەمەنیشدا... بەهار هاوینی جەستەم دەخاتە باوەش و...
گۆرانی بۆ هەورەبرووسکە و گەردەلوول دەچڕێ و
مەقامی 'نان' بۆ ژیان و..."
شاعیر دواجار بە دیدێکی ڕیالیستیانە لە ژیان دەڕوانێت و بە گەڕانەوە بۆ ڕابردوو، ترووسکاییەک لە هیوا و گەشبینی نیشان دەدات:
"... دەگەڕێمەوە 'دوێنی' و..
تێیدا ئۆقرە دەگرم..."
چوارچێوە و مەودای شیعرەکە بۆ خستنەڕووی ئەو هەموو سووژە و بیرۆکانەی لە مێشکی شاعیردا وروژاون، بەرتەسکە، بۆیە دەیەوێت مەبەستەکانی بە کورتترین دەربڕین و چڕترین ڕستە بخاتە ڕوو و هەر زوو لە بابەتێک بۆ بابەتێکی دیکە دەچێت، ئەو لەو خێراییە لە دەربڕیندا ئەگەرچی وەکو گوتمان هەندێک ئاماژە و کۆدی شیعری بەکار دێنێت، بەڵام بە گشتی دەربڕینەکانی بە زمانێکی سادە و ڕەوان و بێ بەکاربردنی وشە و دەستەواژەی ناڕۆشن و پڕچکدار دەخاتە ڕوو و نایەوێت خوێنەر ماندوو بکات، من پێم وایە لێرەدایە کە توانا و کارامەیی شاعیر بە باشی دەردەکەوێت.
ئەوەی زۆر مایەی تێڕامانە شاعیر گەرەکیەتی بە ڕاشکاوییەوە بڵێت ئاوارەیی و دوورەوڵاتی و دابڕان لە 'ئەسڵ' وەکو مەولانا لە 'سروودی نەی'دا بە باشترین شێوە دەریبڕیوە، دەبێتە مایەی پیربوون و شەکەتبوونی ڕۆح.
شاعیر هەندێک جار، زۆر بە خێڕایی، کە وا دەردەکەوێت لەبەر ماندووبوون هەناسەی سوار بووە، ئاسۆی ژیانی ناڕۆشنە و ژیان، بە خەم و ناخۆشی تەنگی پێ هەڵچنراوە. لێرەدا تەنانەت جوانییەکانی سرووشتیش ئارامی پێ نابەخشن: 
"جریوەی ئەستێرەکانیش
گوێ کاس دەکەن..."
لە کۆپلەی دووەمدا، شاعیر زیاتر هەست بە تەنیایی و دەستەوەستان دەکات و لە ناخەوە بۆ خۆی و بۆ ئەو کۆمەڵەی تێیدایە بە بێدەنگی دەگریت:
"لە هەواری وشکەڵی تەمەنمدا
بە بێدەنگی دەگریم و
دەسووتێم
بۆ خۆم...
بۆ تۆ...
بۆ ئەو..."
هەر ئەو هەستکردنەشە بە نائومیدی دواجار ناچاری دەکات ڕێگەی دەربەدەری و دوورکەوتنەوە بگرێتە بەر:    
"دێم و نهێنییەک بە گوێتدا دەچرپێنم
نهێنیی گریانی نان...
نهێنیی نزولەی زامی زێ و..
قاقای شەپۆلەکانی ئیجە و..."
لێرەدا دیسان شاعیر کۆدێکی جێهێشتووە، ئێمە نازانین ئەوە کێیە شاعیر دەچێتە لای و ئەو دەردە دڵەی لەگەڵدا دەکات! ئایا دایکیەتی؛ نیشتمانەکەیەتی؛ یادەوەرییەکانی منداڵی و ئاسمانی بان شارەکەیەتی؟! یان هەموو ئەمانەن.
لە هەموو شیعرەکەدا شاعیر بۆ ساتێکیش لە ڕابردووی خۆی و وەک خۆی دەڵێت لە "چیرۆکەکانی کۆڵانی منداڵی"ی خۆی دانابڕێت و پێی وایە ڕۆحی ماندووی تەنیا بەو یادەوەرییانەوە ئارام دەبێتەوە و ژیانی ئێستای ئاوارەیی بە "کوخێکی داڕووخاو" لەگەڵ خۆشی و شیرینییەکانی "کۆڵانی منداڵی' بەراورد دەکات و دەیەوێت زەبری تاقەتپڕووکێنی ئاوارەیی و دوورکەوتنەوە نیشان بدات.
لە کۆپلەیەکدا، دەیەوێت ڕەوتی ژیانی خۆی لە بۆتەی وەەرزەکاندا بخاتە ڕوو: "هەنگاوی هاوین": "ئێوارەی تەمەن"؛ "بەهار هاوینی جەستەم دەخاتە باوەش..." و دوا جاریش لە ڕێی خۆشەویستییەوە با ئەو خۆشەویستییە 'لەژێر دەمامکی دژەباو'یشدا بێت ئومێد بۆ خۆی دەگەڕێنێتەوە و "ئێستا" بە ڕابردووەوە دەبەستێتەوە و بەو ئەزموونەی لە ڕابردووشدا هەیەتی دڵنیایی دەداتە خۆی کە ئارامی بەسەر ئازاری ژیاندا، ئەو ئازارە چەندی سەختیش بێت  و تەنانەت 'کەس دەڕۆستی'شی نەیەت، سەردەکەوێت. لە دوا کۆپلەدا هەموو ئازارەکان دەسپێرێتە مێژوو و بەم شێوەیە گریانی خۆی ومێژوو تێکەڵ یەک دەکاتەوە و ناوی دەنێت "سیمفۆنیای ژیان".
بەو سپاردنەی ئازارەکان بە مێژوو و گەڕانەوە بۆ "دوێنێ" کە لەوێدا هەست بە ئارامبوونەوەی خۆی دەکات، پەردەی ڕەشبینی دەدڕێنێت و بەمەش شیعرەکە بازنەیەک تەواو دەکات و لێڕەشەوە دیدی ڕیالیستانەی شاعیر و ڕاهاتن لەگەڵ خەم و ناخۆشییەکانی ژیان، کە هەر تەنیا خەم و ناخۆشیی خۆی نین، بە تەواوی دەردەکەوێت.
‎*خاتوو سەلما خانمە شاعیرێکی كریستیانی خەڵكی شەقڵاوەیە و ئێستا لەگەڵ خانەوادەكەی لە وڵاتی ئەڵمانیا دەژیت. خاتوو سەلما جگە لە شیعر بە هەر سێ زمانی سریانی و كوردی و عەرەبی لە بواری نووسینیشدا لەم ساڵانەی دواییدا قەڵەمێکی دیارە و بابەتەكانی لە گۆڤار و ڕۆژنامە و ماڵپەڕەكاندا بڵاو دەكرێنەوە.
‎

 

powered by social2s


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا