
(گوێزی پووچ و هه‌نگوینی تاڵ،) چیرۆکێکی زۆر کورتی (محه‌ممه‌د ڕه‌شید فه‌تاح)ه، تێیدا چیرۆکبێژی هه‌مووشتزان و شاکه‌س، هه‌مان کاره‌کته‌رن، شوێن شاری سلێمانییه، زه‌مان هه‌ر شه‌و و ڕۆژێکه، چیرۆکه‌که له ناوه‌ڕاستی ڕووداوه‌کانه‌وه ده‌ست پێ ده‌کات و هه‌ر زوو خوێنه‌ر ده‌رک به چۆنیه‌تیی کۆتایی پێ هێنانی چیرۆکه‌که ده‌کات، وه‌لێ ئه‌وه لایه‌نێکی لاوازی چیرۆکه‌که نییه، ئاخر نووسه‌ر خۆی ئه‌وه‌ی مه‌به‌ست بووه و به هۆشیارییه‌وه زه‌مینه‌ی بۆ ئه‌و کاره‌ی خۆش کردووه.
ئه‌گه‌ر ئامانج له چیرۆکنووسین له دوو لایه‌ندا چڕ بکه‌ینه‌وه، یه‌که‌میان: به‌خشینی چێژ و دووه‌میان: گه‌یاندنی په‌یام، ئه‌وا خوێنه‌ر هه‌م چێژ له چیرۆکی(گوێزی پووچ و هه‌نگوینی تاڵ)ی (محه‌ممه‌د ڕه‌شید فه‌تاح) ده‌بینێت و هه‌م په‌یامێکی ئینساندۆستانه‌یشی پێ ده‌گات. هه‌ندێک بابه‌ت هه‌ن، له هه‌موو سه‌رده‌م و شوێنێکدا جێی بایه‌خی ئینسانن، وه‌ک: ئه‌ڤین، ناپاکی، ته‌نیایی و به‌دگومانی، نووسه‌ر باس له شتێکی وه‌ها ده‌کات، ئه‌ویش به‌خشینی متمانه‌یه به که‌سێک که چاوەڕێی ئەوەی لێ ناکەیت، نائومێدت بکات.
چی له‌وه ناخۆشتره، ئومێدی ته‌واومان به که‌سێک هه‌بێت و نائومێدمان بکات، که‌سێک متمانه‌ی پێ بکه‌ین و دواتر بۆمان ئاشکرا ببێت که نه‌ده‌بوو هێنده خۆشباوه‌ڕ بین. ڕه‌نگه ئه‌گه‌ر که‌سێک ئه‌می دڵساف، یان ئه‌وی دڵپاک فریو بدات، کاره‌ساتی لێ نه‌که‌وێته‌وه، وه‌لێ کاره‌سات ئه‌وه‌یه، میلله‌تێک هه‌موو ئاوات و ئومێدی خۆی به سه‌رکرده‌یه‌ک، حیزبێک یان شۆڕشێکه‌وه گرێ بدات و هێدی هێدی له‌وه دڵنیا ببێت که ساڵانێکی درێژ فریو دراوه و هه‌موو ڕه‌نج و خه‌باتی به‌فیڕۆ چووه.
محه‌ممه‌د ڕه‌شید فه‌تاح له گوێزی پووچ و هه‌نگوینی تاڵ‌دا، به شێوه‌یه‌کی ناڕاسته‌وخۆ، یان هه‌ق وایه بڵێم هونه‌ری، له ڕێی هه‌ندێک ڕه‌مزه‌وه به‌سه‌رهاتی نائومێدکردنی میلله‌تێکمان بۆ ده‌گێڕێته‌وه، میلله‌تێک هه‌ر چی شک بردووه، به‌خشیویه‌تی، به‌ڵام هیچی ده‌ست نه‌که‌وتووه‌ته‌وه، میلله‌تێک گوڵ ده‌ڕوێنێت، وه‌لێ دڕک ده‌دوورێته‌وه، میلله‌تێک له پێناوی هه‌واری ئازادی‌دا گیانی به‌خت کردووه، که‌چی گه‌یشتووه‌ته جه‌نگه‌ڵی سته‌مکاری. ڕه‌مزه‌کان نه هێنده ڕوونن که ده‌ستبه‌جێ خوێنه‌ر ده‌رک به مه‌به‌سته‌کانیان بکات، نه هێنده‌یش ته‌مومژاوین که ئه‌ودیویان دیار نه‌بێت.
ئه‌وی ئه‌لفوبێیه‌ک له فه‌لسه‌فه‌ی مارکسیزم بزانێت، ئه‌وه‌ی ژنه‌فتووه که هه‌ڵوێست زاده‌ی جێپێی چینایه‌تییه، ئه‌گه‌ر جێپێی چینایه‌تیمان گۆڕانی به‌سه‌ردا هات، له‌گه‌ڵیدا فیکر و ڕه‌وتاریشمان ده‌گۆڕێن. شاکه‌سی چیرۆکه زۆر کورته‌که، هێنده بڕوای به کابرای چاوشینی مووزه‌ردی خاکیپۆش هه‌یه، هه‌ر چی شک ده‌بات، پێی ده‌به‌خشێت، که‌چی ئه‌و له پێناوی به‌رژه‌وندی خۆیدا، پشتی تێ ده‌کات و ده‌روازه‌ی کۆشکه بڵنده‌که‌ی لێ ناکاته‌وه و هه‌ر چی داوی پێوه‌ندیی خۆی هه‌یه به‌وانه‌وه‌ی هاوڕێی ته‌نگانه و هاوخه‌باتی بوون، ده‌پسێنێت، ئاخر که‌سێک که جێپێی چینایه‌تیی ده‌گۆڕێت، فیکری، هه‌ڵوێستی، ڕه‌وتاری، ئاکاری، چێژی، نه‌ریتی، کولتووری و هاوڕێیه‌کانیشی ده‌گۆڕێن. ئه‌و له خۆ گۆڕانه، شتێکه وه‌ک به‌دگۆڕان، چونکه لای ئه‌وانه، (ئیدی دڵ، نه هه‌واری ئه‌ڤینه، نه هێلانه‌ی ناڵه، به‌ڵکوو ده‌بێته ترومپایه‌ک خوێنی خاوێن و هه‌وای پاکژ بۆ جه‌سته ده‌نێرێت و هیچی تر.)
کورته‌چیرۆک ئاوڕ له ژیانی ئه‌وانه ده‌داته‌وه که په‌راوێز خراون، ئه‌وانه‌ی کۆمه‌ڵگه پشتگوێی خستوون و وا هه‌ست ده‌که‌ن وه‌ک پێویست ڕێزیان لێ نه‌گیراوه. نووسه‌ر له گوێزی پووچ و هه‌نگوینی تاڵ‌دا، ژیانی که‌سانی په‌راوێزخراوی داوه‌ته به‌ر ڕووناکی و ئه‌مه‌یش هه‌ر کاری چیرۆک‌نووس نییه و به‌س، به‌ڵکوو ئیشی ئه‌و ڕۆشنبیرانه‌یشه که گوتنی حه‌قیقه‌ت به ئه‌رکی خۆیان ده‌زانن. واتا نووسه‌ر له‌م چیرۆکه‌یدا، هه‌م ڕۆڵی چیرۆک‌نووسی بینیوه، هه‌م هی ڕۆشنبیریش. هارۆکی مووراکامی ده‌ڵێت: (من وه‌ک چیرۆکنووسێک وام پێ خۆشه، ئه‌گه‌ر شتێکم لێ داوا کرا، پێچه‌وانه‌که‌ی بکه‌م.) مەحه‌ممه‌د ڕه‌شید فه‌تاحیش هه‌ر وای کردووه.
تێزێک هه‌یه ده‌ڵێت: بایه‌خی چیرۆک له په‌یامه‌که‌یدا چڕ ده‌بێته‌وه، نه‌ک له شێوه‌ی گوتنیدا، ئاخر شێوه ده‌که‌ینه به‌ر (بیر)ه‌کانمان، نه‌ک به پێچه‌وانه‌وه، ئاخر زێده‌ڕۆییکردن له بایه‌خداندا به گه‌مه‌ی داهێنانی شێوه‌ی نوێ، زاده‌ی نه‌بوونی په‌یامێکه که خه‌می ئینسان به هێند هه‌ڵده‌گرێت. چیرۆک هونه‌ری گێرانه‌وه‌ی بیرێک یان په‌یامێکه، ئه‌گه‌ر هیچ شک نه‌به‌ین، ئه‌گه‌ر هیچ له گۆڕێ‌دا نه‌بێت، له گێڕانه‌وه‌ی چیدا، هونه‌ر بنوێنین؟ ماریۆ ڤارگاس یۆسا ده‌ڵێت: "ئه‌ده‌ب گه‌مه‌یه‌ک نییه له (فۆرم)دا، ڕووناکییه‌که یارمه‌تیمان ده‌دات له تونێله تاریکه‌که ده‌رباز ببین، پارچه‌ته‌خته‌یه‌که له نوقمبوون ڕزگارمان ده‌کات، (شێوه)یه‌که له شێوه‌کانی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی میحنه‌ت، جۆرێکه له دەربڕینی ناڕه‌زایی و ته‌نانه‌ت شۆڕش و ڕاپه‌ڕینیش." محه‌ممه‌د ڕه‌شید فه‌تاح هانا بۆ ته‌کنیکگه‌لی ئاڵۆز نابات، کێشه‌ی نمایش‌کردنی شێوه‌ی نوێی نییه، هه‌وڵ ده‌دات به شێوه‌یه‌کی ڕوون و ئاسانی گونجاو، په‌یامی خۆی پێشکه‌ش بکات و له‌م هه‌وڵه‌یشیدا سه‌رکه‌وتووه.
بیر له چیرۆکدا دژ به دوگمایه، وه‌ک ژیان بزۆزه و مینا واقیع له گۆڕاندایه. په‌یام له چیرۆکدا به‌ره‌و دوورگه‌ی سه‌رسامیمان ده‌بات، نه‌ک هه‌واری یه‌قین. زمان له‌چیرۆکدا، زمانێکی ئه‌ده‌بیی ڕووت و تاکمه‌ودا نییه، زمانێکه هه‌ڵگری په‌یامێکی ئینساندۆستانه. که ده‌ڵێین فڵان چیرۆک ده‌قێکه کراوه، ئه‌وه په‌یام و فیکره که لێکدانه‌وه‌ی جیاواز هه‌ڵده‌گرن، نه‌ک ئه‌م یان ئه‌و ته‌کنیک. من له چیرۆکی گوێزی پووچ و هه‌نگوینی تاڵ‌دا، هه‌ستم به‌وه کرد، محه‌ممه‌د ڕه‌شید فه‌تاح هونه‌رمه‌ندانه هه‌موو ئه‌و ڕه‌گه‌زه گرنگانه‌ی هونه‌ری چیرۆکنووسینی وه‌گه‌ڕ خستووه.
