کە شەڕ دەستیپێکرد 

ماچ تۆرا و

تەنافێکم لەو برینانە هەڵخست

تک تک فرمێسک و خوێنیان لێ دەتکا 

لە پڕ

ئاسمان چۆڵ بوو لە باڵندە و

باخچە بوو بە خۆڵەمێش و

سرووشت غەمگین !

من بە دیار فرمێسکی دایکمەوە 

وشک بووم !

کاتێک منی بینی تفەنگ بە دەست 

ئەو گوتی : کوڕم

جەنگ هاتۆتە بەر دەرگا

لە درزی دەرگاوە دێتە ژوورێ

دێت و

هەموومان بە بزمارێک بە دیوارەوە هەڵدەواسێت

کوڕم بەو دڵە ناسکەت

بەو دەست و پەنجانەت 

کە هەر خۆشەویستیت پێ دەنووسین

چۆن بە جەنگ بڵێین

بڕۆ

زەمین ماڵێکە بۆ ژیان

هەناسەیەکە بۆ خۆشەویستی

نیشتیمانێکە بۆ باران 

من لە فرمێسکی دایکمەوە 

فرمێسکی ئەو دایکەم دەبینی  

کوڕەکەی بە تفەنگی دەستم دەکوژرێت

ئەو دڵەم دەبینی 

لە سینگی منداڵەکەیدا

بۆ هەمیشە وەک کریستال دەشکێ

ئەو ژنەم دەبینی 

وەک من

ماچ بەسەر لێوەکانییەوە وشک بوون

جەنگ هات و

نزایەک ئێمەی نەپاراست

گوممەز و کڵێساکان کەوتن

کتێبە پیرۆزەکان بوون بە دوکەڵ 

خوداش لەو سەرەوە

ئاوێکی نەکرد بە جەنگدا !

کوڕم تفەنگەکەت دانێ

ئیتر هیوایەک نەما

دەبێ خۆمان شتێک بکەین

پێنووسەکەت بێنەو 

بنووسە ئاشتی ! 

جەوهەر جەلال  ٢٢/ ١٠ / ٢٠٢٣  یۆتۆبۆری


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

تابلۆی هەفتە