
حەمەسەعید حەسەن
١
خۆشه‌ویستی له جه‌نگ ده‌چێ
ده‌زانین که‌ی ده‌ست پێ ده‌کا
نازانین که‌ی کۆتایی دێ
٢
دەشێ فیشەکێ هەوێنی
شەڕێکی درێژخایەن بێ
ڕەنگە نیگایەکی گەرم
سەرەتای عیشقی تەمەن بێ
٣
دەشێ شەیدای کەسێ ببین
بێجگه له خەفەت و برین
هیچی دی پێ نه‌به‌خشیبین
٤
ده‌شێت
به ئه‌فسوونی ئه‌ڤین
که‌سێکی ته‌واو ئاسایی
هۆزانڤانێکی مەزنی
لێ ده‌ر بچێت
ده‌شێت
به ئه‌فسوونی ئه‌ڤین
له شاعیرێکی گه‌وره‌وه
ببین به شێت
٥
ئه‌ڤین وه‌کوو
فەرمانڕەوای زاڵم وایه
گوێ ناداته
هیچ یاسایه
٦
خۆشه‌ویستی
جوانترین به‌دحاڵیبوونە
له یه‌کتری
٧
ئه‌وه خۆشه‌ویستی نییه
کەسێکت بۆیە خۆش بوێ
هیچ خەوشێکی تیا شک نەبەی
ئەڤین ئەوەیە هیچ خەوشێ
نەبێتە کۆسپی سەر ڕێگەی
٨
ئه‌وه‌یان ڕێگه‌ی تێ ده‌چێ
دۆستایه‌تی
به ئه‌ڤینێکی ئاگرین
کۆتایی بێ
به‌ڵام گه‌ر ئه‌ڤین دوایی هات
له مێرگی دۆستایه‌تیدا
بارگه ناخات
٩
هێزێ نییه‌توانای هه‌بێ
وه‌کوو ئه‌ڤین بمانگۆڕێت
ده‌شێ به هۆی ئه‌ڤینه‌وه
دڕنده‌یه
دلۆڤانیی لێ بچۆڕێت
١٠
ئه‌ڤین نه له گه‌مه ده‌چێ
نه وه‌کوو قوماریش وایه
به سه‌رکه‌وتنی لایه‌نێ
دوایی نایه
یان خۆشبەختی
یاوه‌ری هه‌ر دوو لا ده‌بێ
یان هه‌ر دوو لا
به تیری خه‌م
دڵیان هه‌لا هه‌لا ده‌بێ
١١
کێشه‌که له‌وه‌دا نییه
زەبری ئەڤین
گاسن ئاسا
چیمەنی دڵمان بکێڵێ
له‌وه‌دایه
له‌نێوان شنه‌ی به‌هه‌شت و
کڵپەی ئاگری دۆزه‌خدا
جێ‌مان بێڵێ
١٢
ئەوەت هیچ پێ گرنگ نەبێ
تۆ چه‌نده‌مین
ژنی ناو ژیانی منی
ئەوەت بە لاوە گرنگ بێ
له‌سه‌ر عەرشی به‌رزی دڵم
دوا شاژنی
١٣
مه‌ڵێ با لێک جیا بینه‌وه
قه‌ت وا مه‌ڵێ
ئاخر چۆن لێت جیا ببمه‌وه
که ئه‌ڤینت
له ناخمه‌وه هه‌ڵبقوڵێ
١٤
سه‌دان که‌ڕه‌ت
به کۆمه‌کی وشه‌ی شیرین
هه‌ستی خۆمان ده‌ربڕیوه
ده‌یان نامه‌ی زێده جوانی
ئه‌ڤینداریمان نووسیوه
به‌ڵام هێشتا
نه شیرین‌ترین وشه‌ماندرکاندووه
نه جوانترین
نامه‌مان بۆ یه‌ک ناردووه
١٥
هیچ لە ئاگر پاکتر نییە
ئێمە بڵێسەی ئاگرین
چونکە خراپ
سوود لە ئەڤین
وەرناگرین
١٦
ئەڤینی تۆ
وا دەمکوژێ
لێم مەپرسە: بەڵگەت پێیە
ئاخر هەرگیز
تفەنگ پرسیاری کردووە
ڕووی لە کێیە
١٧
من بە درێژایی عومرم
ژنی خوێن‌شیرینی وەک تۆم
نەبینیوە
ئەوە بۆیە
هیچ ناهەقی خۆم ناگرم
کە دەخوازم
وەک فرمێسکێ
لە نێو چاوتا لەدایک بم
تاوێ لەسەر کوڵمت بژیم
ئیدی لای لێوتەوە بمرم
١٨
من هەڵە بووم
وای بۆ دەچووم
حەنینم بۆ وەتەن هەیە
لە ڕاستیداتامەزرۆییم
تەنیا هەر بۆ زەمەن هەیە
نیشتمان لە جێی خۆیەتی
من زەمەنم لە کیس چووە
ئەو زەمەنەی
شێت و شەیدای ژنێ بووبووم
تەمەنێکە
هەواڵێکیم نەبیستووە
١٩
هەیە دەڵێت
خۆشەویستیی ڕاستەقینە
تەواو لە جنۆکە دەچێت
هەموو پێمان وایە هەیە
بەڵام کەسمان پێ شک نایە
جارێ چاوی پێ کەوتبێت
٢٠
باشبوو خۆشەویستی هەبوو
ئەگەرنا بێجگە لە ئەڤین
چی دی شایەنی ئەوەبوو
ئێمە لە پێناویا بژین
٢١
لەم گەردوونە بەرینەدا
کە سنووری
بە کەس دەستنیشان ناکرێ
هەر چی هەیە
هەمووی دەمرێ
تەنیا (دووانە)یە دەمێنن
خودای گەورە و
عیشقی مەزن
*
(*) سوپاس بۆ ئەو شاعیرانەی سەرلەنوێ وێنە و دەربڕینیانم داڕشتووەتەوە.