غەمگین خدر

 حەیران حەیرانە.. چەند هەنگاوێک هەڵدەگرمەوە/ ئەوسەری شۆستەکانی شار بێ سەوزایین، بێ درەختی کورتەبنەن/ کۆتریش حەزی لە ئاسمانی بە دووکەڵ نییە/ ئەی ئاسمانی بێگەردی تۆ لەم درەختەوە دیارە/ کوا درەختت؟ کوا ئاسمانت؟ کوا حەیرانی.

حەیرانی؛

حەیرانی ئەو دەشتە دەشتەکییە دەنگی مەڕی گرتووە/  پەیڤەکان دەستەڕاستت نابینن/ لە دوورەوە ئازار خۆش نییە، دووری دڵت گەرم ناکاتەوە، بەو قوونکەجغارانە ناگاتە قەراغی چاوەڕوانی. لەبەر تۆ چەند قسەیەکی ناو تیانووسی سپیم دەسڕمەوە/ ناهێڵم قورسایی سەر دڵت نەخۆشت بکات/ حەیرانی دەردت بووم، دەردت لای منیش ناونیشانی نەبێت، دەست بۆ ئەو برینانەی بە شیعر پێچاومانەتەوە نابەم/ تەنیا چەند شەقاوێک سەیری دواوەم دەکەم و تۆ لەوێ روونتر دەبینم/ هیچ دووکەڵێک روخسارتی نەخستووەتە فەزای ڕستەی تڕاویلکەوە/ ئێستانەکینێ زمانت تاریکەشەوە و چاوت لە چاوم هەر دیارە، چاوت هێشتان ئەو ڕووناکیانەی خۆش دەوێن کە بە سوتانم کەرتێک ڕۆژ دەخەنە شەوڕاکشان.

حەیرانی؛

نامەوێت ببمە تابلۆیەکی تڵغ و دیوارێکی پەراوێزت قەرەباڵغ بکەم/ تەنیا بێژە لە ڕەنگی تابلۆت چاوم ئەزیەت دەخوا.

ڕوون بە، ئاوی کانی ئەوکات تامی بێ تامی خۆشە

هەموومان شەڕێک قەرزداری هەنجەتەکانتین/ ئەوە مێژووی پۆلی حەفتاوحەفتە و من لە ساڵی سفڕی هیچ بەدەستی تۆوە خوێندوومەتەوە

ئااای حەیرانە... تازە بە تازە لاپەڕەی ئەلفوبێ دەکەیتەوە

حەیرانی لێ دێت ئەو حەیرانە...