سوهەیل زەهاوی
عائیشە قادر سعید، کە بە ناوی حاجی ژن ناسراوە، ساڵی ١٩٢٥ لە قەڵادزێ لەدایکبووە، شارێک کە پشتی بە چیاکان بەستووە و هەناسەی بەرگری دەدات. لە منداڵیەوە، چارەنووس ئامادەی دەکرد تا زیاتر لە ئافرەتێک بێت، تا ببێتە یادگاری زیندووی خەباتێک، بێتە دەنگێک کە لە ڕووی ستەمدا کپ نابێتەوە.
هاوسەرگیری لەگەڵ سۆفی محەمەد ڕەسوڵ لوس کرد و سێ کوڕ و دوو کچی بوو. بەڵام دەستی فیودالیزم درێژبوو و هاوسەری کوشت و موڵکەکانی داگیرکرد. هەوڵی دا لە ڕێگەی دادگاکانەوە مافی خۆی بگەڕێنێتەوە، بەڵام دەسەڵات کە پارێزەری فیودالەکان بوو، دەرگاکانی لە ڕوویدا داخست.
دواتر چەندین جار هەوڵی کوشتنیان دا، بەڵام ژیان و نیشتمان پێویستی پێ بوو لەسەر زیندووهێشتنەوەی تا ئەرکەکەی تەواو بکات.
لە کۆتایی ساڵی ١٩٥٨دا، ئەندامیەتی لە حیزبی شیوعیی عێراق وەرگرت، وەک ئەوەی لە نوێ لەدایکببێتەوە. ئەندامیەتی تەنها سیاسی نەبوو، بەڵکو پەیمانێکی هەتاهەتایی بوو لەگەڵ دادپەروەری. لەو ڕۆژەوە، ژیانی ئیتر موڵکی خۆی نەبوو، بەڵكو دەبێت بیداتە ئەوانی دی تا خۆش بژین، بیداتە نیشتمان تا ئازاد بێت.
دوای بۆمبارانی قەڵادزێ، ئەو شێرە ژنە ماڵی بردە ڕانیە، لەوێ چووە ناو یەکیەتی ئافرەتانی عێراق بە سەرکردایەتی پەرژین ئەحمەد باپیر، تا خۆی لەنێو ئافرەتانێک ببینێتەوە کە ئازار دەگۆڕنە هێز و بێهیوایی دەگۆڕنە کردار. لە ساڵی ١٩٧٧دا، بەهۆی ئازاردانی لەلایەن ئەمنەکانەوە ماڵی بردە سلێمانی، لەوێ لە ڕێگەی هاوڕێ نەجیبە سدیق پەیوەندی بە حیزبەوە کرد. ماڵەکەی کردە ماڵی حیزب، پەناگای نهێنی و پەناگای هیوا.
لە ساڵی ١٩٨٤دا، ماڵی حاجی ژن تەنها پەناگای هاوڕێکان نەبوو، بەڵکو بوو بە چاپخانەیەکی نهێنی بۆ بڵاوكردنەوەی بەیاننامەكانی حزب، ئەوە جگە لەوەی چەندین بابەتی ئەدەبیشی لێ چاپ دەكرا و دەگەیشتنە دەستی خەڵك و ئەندامان و دوژمنی تۆقاندبوو،
. دەنگی بێدەنگی چاپخانە لە شەودا وەک لێدانی دڵی خۆی بوو، ئەو کاغەزانەش کە دەردەچوون بۆنی قوربانیدان و دڵسۆزییان هەڵدەگرت.
لە هەمان ساڵدا، بووە بەرپرسی هێڵی پۆستەی حیزبی نێوان ڕێکخراو و سەركردایەتی حیزب، نامەکانی لەناو شاری سلێمانی و دەرەوەی دەگواستەوە. تەنها کاغەزی هەڵنەدەگرت، بەڵکو دڵی لێدەر و خەونی چاوەڕوانی هەڵدەگرت کە بێنە دی. ڕۆژێک کەوتە بۆسەی جاشەکان، بەڵام بە دانایی و ئازایەتییەوە دەرباز بوو، پۆستەکەی پاراست، ئەمانەتەکەی پاراست، لێدانی حیزبی پاراست کە لە ناوی نیشتەجێ بوو.
تەواوی ژیانی خەبات بوو. ئەگەر لە کاری حیزبی دوور بکەوتایەوە، خەم قورسی دەکرد، ئەگەر ئەرکێکی پێدەسپێردرا، ڕووخساری بە خۆشی دەدرەوشایەوە. تەنانەت کاتێک کوڕە بچووکەکەی عەبدولڕەحمان لە ١٥ی تەممووزی ١٩٨٢دا شەهید بوو، نەشکا، بەڵکو گوتی: "خەمبار مەبن، بەڵکو بە چاکە باسی بکەن، چونکە لە پێناوی بڕیارێکدا شەهید بوو، لە بەرگریکردن لە بەرژەوەندی زەحمەتکێشان." ئەو وشانەی وەک شیعر بوون کە دەبووە سروود، وەک فرمێسکێک کە دەبووە ئاڵا.
جگە لەوەش کاتێک چەند ڕۆژێک دوای شەهیدبوونی كوڕەكەی ئەرکێکی حزبی بۆ دیاریکرا، بە ئارامیەکی شکۆمەندانە پرسەکەی بەجێهێشت و چووە بۆ ئەنجامدانی ئەرکەکە، وەک ئەوەی پێیوابوو دڵسۆزی لە بەردەوامبووندایە لەسەر ڕێگاکە نەک گریان و بێهیوا كردنی ئەوانیدی .
لە دەربەدەریدا، تەنها ئارەزووی ئەوە بوو کە سەردانی گۆڕی لێنین لە مۆسکۆ بکات. ئەو ئارەزووە لە کۆتاییدا بۆی هاتە دی، وەک ئەوەی چارەنووس بیەوێت ساتێکی ڕوونیی کۆتایی پێبەخشێت پێش ئەوەی دڵی وەستێت. لە سێی کانوونی دووەمی ١٩٩٥دا، تەرمەکەی پاکی لە گوندی ئیسکرا نزیک مۆسکۆ نێژرا، تا ڕۆحی بە زیندوویی بمێنێتەوە، پاسەوانی خەبات بێت، یادەوەری نەوەکان بکاتەوە کە ئافرەت کاتێک باوەڕ دەهێنێت، دەبێتە نیشتمان، کاتێک خەبات دەکات، دەبێتە مێژوو، کاتێک قوربانی دەدات، دەبێتە ویژدانێک کە ناناسڕێتەوە.
سڵاو گیان و لە تێكۆشان و ماندووبونی ئەو ژنە تێكۆشەرە.