هەژار ئیبراهیم/سۆران
دوو كتێبی دیكەی (سەدیق سەعید ڕواندزی ) بە ناوەكانی (گەشت بە نێو كتێب) و (چیڕۆكی خۆشەویستی) لە ئاییندەیەكی نزیكدا، چاپ و بڵاودەكرێنەوە.
كتێبی یەكەمیان خوێندنەوە و ڕانانی بیست و دوو كتێبە، كە تیایدا خوێنەر بە دیدگایەكی ڕەخنەییەوە خوێندنەوەی بۆ كتێبەكان كردووە، كە كتێبی مێژوویی، ئەدەبی، سیاسی، زمانەوانی، هزری و ڕۆشنبیری گشتییان تێدایە و كتێبەكە زنجیرەی سێیەمە لە دوای هەردوو زنجیرەی یەكەم و دووەم بە ناوكانی (پەیڤەكان دەدوێن) و (لە سێبەری كتێبدا).
كتێبی دووەمیشیان ڕامانێكە لە بارەی خۆشەویستی و سەرەتاكانی خۆشەویستی نێوان هەردوو ڕەگەز و هاوكات قسەكردنە لەسەر خۆشەویستی و دەرخستنی ڕەهەندی ئەو پەیوەندییە لە ژیانی مرۆڤدا، بەوەی كە ئایا هەموو پەیوەندییەك دەشێ ناوبنرێ خۆشەویستی؟ ئایا هاوسەرگیری گۆڕستانی خۆشەویستییە؟ ئایا خۆشەویستی لەدوای هاوسەرگیری دروستدەبێت؟ ئەمانە و چەند بابەتێكی دیكە. شایەنی ئاماژەكردنە، بەرگی هەردوو كتێبەكە لەلایەن دیزاینەر (سامی فەتاح) دیزاینكراون و لە چەند ڕۆژی داهاتوودا هەردوو كتێبەكە بڵاودەبنەوە و دەكەونە بەردیدی خوێنەران و ناو كتێبخانەی كوردی.
پڕۆفایل
سەدیق سەعید ڕواندزی، لە ساڵی 1972 لە شارۆچكەی ڕواندز لە دایكبووە. خوێندنی سەرەتایی و دواناوەندی هەر لەو شارە و ساڵی 1993 -1994، بەشی كوردی - پەیمانگای مەڵبەندی مامۆستایانی لە هەولێر تەواوكردووە. هەر لە ڕواندز دەژیت و خولیایەكی گەورەی بۆ كتێب و خوێندنەوە هەیە و زۆرجاریش وەك خوێنەرێك سەرنجەكانی لە بارەی پرس و بابەتە ئەدەبی و ڕۆشنبیرییەكان و كتێب و تێكست دەخاتەڕوو.