. نووسینی: د . قائد غیلان..

 وەرگێڕانی: سەردار ڕەزا

   

(( بەر لە ڕۆچوونە کارەکەوە، گەرەکمە دوو وشە بێژم پەیوەست بەم بابەتەوە، دوای خوێندنەوەی بابەتەکەی دکتۆر قائد غیلان، هەستم کرد وێکچوونێک لە باسەکەی بۆ ئێمەی کوردیش هەیە بۆیە بە پێویستمان زانی بیکەینە کوردی بۆ ئەوەی پێداچوونەوە و بە خۆداچوونەوەمان بۆ کارە ئەدەبییەکانمان هەبێت، سەرپێیانە دەقی ئەدەبیمان دیقەت نەدەین، بە وردی لە چەمکی ڕەخنەیش بە ئاگا بین و لێی قووڵ بینەوە. بەهیواین بیخوێننەوە و ژانرێکی بە سوودە بێت بۆ خودی نووسەران و ڕەخنەگران )) سەردار

ڕەخنەی ئەدەبی وا ناسراوە کە هونەری هەڵسەنگاندنی کارە ئەدەبی و هونەرییەکانە و بڕیار لە بارەیانەوە دەدات و لە سەر بنەمای زانستی شرۆڤەی دەکات، بە واتا بە پێی تیۆر و میتۆلۆژیای زانستی، ڕەخنەگر ئازاد نییە یانی ئازادێکی ڕەها نییە، بەڵکوو ئەویش پەیوەستکراوە بە بنەما و ڕێچکەی تیۆری و لەوێوە دەستدەکات بەو میتۆدە ڕەخنەییەی جێبەجێی دەکات، ئەو ئازاد نییە تەنها لە هەڵبژاردنی میتۆدەکە نەبێت، دوای ئەوە دەبێت ڕەخنەگر پابەندی ئەو میتۆد و هەنگاوە پێویستانە بێت، ڕەخنەگر میتۆلۆژیایەک بەکار دێنێت، کە لە تیۆرەکانەوە سەرچاوەی گرتبێت، تیۆر و میتۆدەکانیش جیاوازی لە نێوان گەورە و بچوک ناکات، لە بەردەم ڕەخنەدا گریمانە و بڕیاری ئامادەکراو نییە، هەر نووسەرێک چەند گەورە و ناودار بێت ملکەچی ڕەخنەیە، پێویستە لە سەر ڕەخنەگریش ئەرکەکەی بە باشی بزانێت خۆ لە باڵابوونی ناوەکەی قورتار بکات ئەگەر هەڵسوکەوتی لە گەڵ ئەدیبێکی ناسراودا کرد، ناو و مێژوویەکی باشی هەبێت، ناکرێ نووسەری ناودار ترس و زۆرداری بە سەر ڕەخنەگردا بسەپێنێت و کارەکەی لەکەدار بکات، جا لە بەر ئەوە پێویستە ناوەکە وەلاوە بنێت و ڕەفتار لە تەک دەقدا بکات، وا دیقەتی بدات کە لە خاوەنەکەی دابڕاوە تاوەکو بتوانێت بە سەریدا زاڵ بێت و رامی بکات، لە بەرامبەر ڕەخنەگردا نووسەری ناودار و نووسەری نادیار یەکسانن، لە بەردەم ڕەخنەگر تەنها دەق هەیە، ئەو دەقەیش دەخزێتە ژێر لێپرسینەوەی ڕەخنەیی بە دەر لە نووسەرەکەی.

ڕەخنەی ئەدەبی زمانی دووەمە، قۆناغێکی دوای ئەوە و سەر بە داهێنانە، ئەدەب هەمیشە یەکەمجار دێت پاشان ڕەخنە، وەلێ ڕەخنە لە سەر ئەدەب بونیاد نەنراوە، بەڵکوو سەرچاوەی لە تیۆرەکان و فەلسەفییەکان و میتۆلۆژییەکان وەرگرتووە، رەخنە پێویستییەکی ڕۆشنبیرییە، ئەوانەی کە دەبێ لە نەبوونی ڕەخنە بێزار بن خودی ئەدیبەکان خۆیانن، نەبوونی بە واتا جێهێشتنی بوار یان دەرفەت بۆ ناپسپۆڕەکان، ئالێرەدا ئافات دەخوڵقێت، کاتێ کەسێ دێتە پێشەوە هیچ زانیارییەکی لە بارەی بنەماکانی ڕەخنە و میتۆد و تیۆرییەکانی نییە ، دێت و قسەیەک دەنووسێت هاوشێوەی ڕەخنەیە نەک خودی ڕەخنە، قسەیەک لەو دەچێت نەک لە ناخییەوە هەڵقوڵابێت، چونکی بریتییە لە کۆکردنەوەی کۆمەڵێک دەستەواژەی ناتەبا لە یەک شوێندا تا وا بۆ خوێنەری ئاسایی دەربکەوێت کە قسەگەلێکی قووڵن، کە بۆ خۆی هیچ پەیوەندییەکی نە بە قووڵی و نە بە ڕەخنە و نە بەمەعریفەوە هەیە.

لە یەمەن لەم جۆرە ڕەفتارانە هەن کە ئەدەب و ڕەخنە پێکەوە لەکەدار دەکەن، لە لاپەڕەکەمدا لەم جۆرە نمونانەم بڵاوکردەوە کە جیاوازی لە نێوان ژانرە ئەدەبییەکان ناکات و، تێکەڵ و پێکەڵی لە نێوان دەستەواژە و چەمکەکاندا ناکات، بە داخەوە ئا ئەمە جێگرەوەی ڕەخنەی ئەدەبی پسپۆرییە.

ئێمە قەیرانێکی ڕەخنەیی دەبینین، یان بڵێین چەق بەستوویی رەخنەیی، لە بەرامبەردا بەرهەمی ئەدەبی بە لێشاوە و پەلە لە بڵاوکردنەوەی دەکرێت سەرباری رەوش و شکستەکان. ژمارەی داهێنەرەکان لە زیادبووندایە چاپەکانیان بە دووی یەکدیدا دێن، چاودێری کردنێکی پێویست شک نابەن یان لە لایەن ڕەخنەگرانەوە هیچ دەستخۆشییەکیان لێ ناکرێ. گەنجە داهێنەرەکان رێگایەکی دوور دەبڕن، توانایەک بە گەڕ دەخەن تاوەکوو دانەیەک لە کتێبەکەی بە فڵانە ڕەخنەگر بدات و بۆی ئیمزا دەکات وشەی ڕیزلێنان و هیوای بۆ دەخوازێت، کەچی ئەو ڕەخنەگرەدەچێتەوە ماڵ کتێبەکە لە ڕەفەکە دادەنێت و لە بیری دەکات، هیچ خۆی بارگران ناکات تەنانەت لە نووسینێکی کورتی فەیسبووکیشدا دەستخۆشانەی لێ ناکات و وەک ئەندامێکی نوێ بۆ ناو خێزانی ئەدەبی پێشوازی لێ ناکات، ڕەخنەگر لای خۆی دەیهێڵێتەوە بە بێ ئەوەی وشەیەکی لە بارەوە بڵێ، ئەمە بێدەنگی و تەمەڵییە، دەشێ ئەوە ئیرەیی ڕۆشنبیر بێت، کە گومان دەکات هەر وشەیەک لەوەوە دەربچێت وای لێ دەکات فڵان ببێتە شاعیرێکی ناسراو، لە راستیدا ئەوەی دەیکاتە شاعیرێکی دیار و ناسراو خودی شیعرەکەیەتی نەک وشەکەی ئەو، وشەکەی تۆ تەنها پێناسەیەکە، یەکەمجار پێناسەیە بۆ خۆت بەر لەوەی نووسەرەکە بناسێنیت، ئەدیبی داهێنەر مافی ناسینی خۆی بە دەست دێنێت هەرچەند چاوەنواڕ بێت هەرچەندیش بە بێدەنگی رووبەڕوویان ببنەوە، لە دواماهیدا دەرفەتی خۆی دەدۆزێتەوە کتێبەکانی دەگات و ناوی بڵاو دەبێتەوە، تۆیش کات دەتبڕێت و خەڵکی و تەنانەت قوتابییەکانیشت تۆیان بیر دەچێتەوە…

لە یەمەن دا دەیان ڕەخنەگری پسپۆر لە هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرا هەن، ئەدیب زۆر بە خۆشی و پەرۆشییەوە هەوڵ دەدەن دانەیەک لە کتێبەکەیانی بە دیاری پێ بدەن، بەڵکوو ئەمە خوایە یەکێکیان لە بارەیەوە بنووسێت، تەنانەت نووسینێکی پێناسەییش بێت، یان هەر وەک هەواڵێک لە واڵی فەیسبووکەکەی کە فڵان دانەیەک لە کتێبەکەی بە دیاری پێشکەش کردم، بەڵام ئەمە ڕوو نادات، ڕەخنەگرەکە کتێبەکەی لێ وەردەگرێت و لە کتێبخانەکەی دایدەنێ ئەگەر کتێبخانەی هەبێت، خۆی بە خوێندنەوەیشی سەرقال ناکات، ئەرکەکەی جێ دێڵێت نووسەرێکی دی وەری دەگرێت کە پەیوەندی بە ڕەخنەوە نییە، ئافاتێک لە دەستەواژە و چەمک و بڕگەکانی ڕەخنەیی دەخوڵقێنێت، کارەکە لە وەرگر و نووسەرەکە دەشێوێنێت، سنوور لە نێوان ئەدەب و نائەدەب، داهێنەری ڕاستەقینە و ساختە، داهێنەر و ناداهێنەر ڕادەماڵێت..

لە بەرامبەردا داهێنەران زۆرجار ئەوە دووپات دەکەنەوە کە قایلن بە ڕەخنەیەک و پێشوازیشی لێ دەکەن گەرچی ڕەخنەیەکی بونیادنەرانەیە، لە ڕاستیدا لە ڕووی زانستییەوە ڕەخنەی بونیادنەرانە و یەکێکی دی ڕووخێنەر نییە، ئەم ناوزەدکردنە تەنها لای ڕۆژنامەنووسی ناوردبین و ناپسپۆر بەکار دەهێنرێت، سەرباری ئەم دابەشکارییە لە بنەڕەتدا ئەمە پۆلینکردنی سیاسییە، دەسەڵاتداران هەر ڕەخنەیەک لە بەرژەوەندییان بێت ڕەخنەیەکی بونیادنەرە و، هەموو ئەوانەیشی دژیانە ڕووخێنەرە، وەلێ ڕەخنە لە ڕاستیدا بۆ خۆی پرۆسەیەکی ڕێکوپێکە بنەما و بنەچە و تیۆر و میتۆلۆژیای خۆی هەیە، ئالێرەوە ڕەخنە بۆخۆی پرۆسەیەکی بونیادنەرانە و پێویست و داواکراوە، هیچ کەس لێی زیادمەند نابن بێ بەهرە و کەم مەعریفییەکان نەبێت، ئا ئەوانەن کە شەر لە گەڵ ڕەخنە دەکەن، بە هەڕەشەیەک بۆ سەر بوونی فشەڵیان دەزانن زیان بە بەرژەوەندییەکانیان دەگەیەنێت، ڕەخنە پرۆسەیەکی ڕێکوپێک و ئامانجی هەڵسەنگاندنی کارە ئەدەبی و هونەرییەکانە و بڕیاریش لە بارەیانەوە دەدات و لە سەر بنەمای زانستی شرۆڤەکاریان دەکات کە لە سەرچاوەکانی تیۆری و میتۆلۆژیا زانستییەکانەوە چاوگی گرتووە، لە بەرئەوە خۆی، واتا ڕەخنە، نە دژایەتی نە هێرش دەکات، ئەوەی بە ئەنجامی دەگەیەنێت لە ئاست کارە کرچوکاڵەکان ئەوەیە پشتگوێیان دەخات. مادام کارەکەت وەک ژانرێ دەستنیشانکرا بۆ ڕەخنە کەواتە هەموو مەرجە تەواوەکانی تێدایە تا ببێتە دەقێکی ئەدەبی شایستەی ڕەخنە پێداچوونەوە بێت.

بە هیچ جۆرێک دوژمنایەتی لە لە نێوان ڕەخنە و داهێناندا نییە، بەڵکوو شەڕێکی فریودەرانەیە ئەوانەی کەم داهێنەر و بێ بەهرەن دەیخوڵقێنن، تەنها گورزێکی پێشوەختەیە تاوەکوو شیبکەنەوە کە ڕەخنە دەرهاویشتەیەکی کرچوکاڵە لێی دەدوێت کە کاردانەوە و تەنها ناکۆکی نێوان داهێنەر و ڕەخنەگرە، ئەوانە هەموو هەوڵی نەزۆکن، تەنانەت ئەگەر هەموو ئەوانە کە لە سەر هونەر و ئەدەب هەژمارکراون و ئاتەشگایەکیان دژ بە ڕەخنەگران دروست کرد، ئەوا بەرهەمەکەت هەروا بە کرچوکاڵ و پووچی دەمێنێتەوە، بێگومان دواتر کەسێک دێت و ئەوەت پێ دەڵێت…

لە یەمەن دوو هەڵوێستی دژ بە ڕەخنە بوونی هەیە، یەکەم وای دەبیننەوە کە ڕەخنە لە یەمەن ئەکادیمییە و قەتیسی رەوتی زانکۆ و کتێبخانەکانێتی، دووەمیش دەڵێن کە ڕەخنە بەتێبینی سەرپێی فەیسبووک بەستراوەتەوە، لە ڕاستیدا ژیانی ئەدەبی لە یەمەن پێویستی بە دوو جۆرە؛ ڕەخنەی ئەکادیمی زۆر گرینگە، پێویستە ئەو توێژینەوە زانستیانە چاپ بکرێن و ڕۆشنایی ببینن و پسپۆر و ناپسپۆرەکان چاوی پێدا بخشێنن. بەڵام داهێنەر پێویستی بە وشەیەکە ئەگەرچی پەلەیش بێت، ناتوانێت چاوەنواڕ بێت تاوەکوو توێژەر دێت و ڕۆشنایی دەخاتە سەر کارەکەی، ئەو پێویستی بە بیروبۆچۆنێکی بە پەلەیە بە چەند دێڕیکیش بێت لە فیسبووک وەک پاڵپشتییەکی مۆڕاڵی، هەروەها کارە کرچوکاڵەکانیش پێویستی بەوەیە یەکێک ئەوەیان پێ بڵێت، هەرچەند بە چەند دێڕیکیش بێت وەک بە ئاگاهێنانەوەیەکیان.

کاری ئەدەبی بە لێشاو لە ڕێگەی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانەوە بڵاو دەکرێنەوە، ئەوەیش پێویستی بە ڕەخنەیەکە هاوتەریبی بێت، هەمان هۆکار بەکار بێنێت، نووسینی ڕەخنەیی لەم قۆناغەدا پێویستە بارگرانی میتۆلۆژیاکەی کەم بکاتەوە، مادام توێژینەوەکەی لە چەند دێرێکدا دەخاتەڕوو، نالۆژیکییە دیدگایەکی ڕەخنەیی لە چوار دێردا بنووسیت و کەچی پێشەکییەکی میتۆلۆژیش لە چوار لاپەڕەدا بنووسی. میتۆدی ڕەخنەیی وەک بلدۆزەرێکی گەورە وایە، هەرگیز ناشێت بۆ هەڵکەندنی چاڵێکی بچوک بەکاری بێنیت، پێگەی بڵاوکراوەی فەیسبووکی جیاوازە لە پێگەی توێژینەوەیەکی ڕەخنەیی، پێکەنین ئامێزە خودی هاوڕێ ڕەخنەگرەکانمان داوای ئەو کارەمان لێ دەکەن، ئەوەیش لە بەر نائاگایی هەندێکیان بە هۆی سروشتی نووسینی فەیسبووکی کە پێویست دەکات لە پێشەکییە تیۆری و دەرئەنجام و وردەکارییە ناپێویستییەکان سووك بکرێتەوە، بیرۆکەکە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لە چەند دێڕێکی کەمدا بخاتەڕوو، واڵگەر لانی کەم پێنج هەزار هاوڕێ و پەیگیری هەیە، ناتوانێت جێیان بهێلێت و لە گەڵتدا بمێنێتەوە تا وتارەکەت بخوێنێتەوە کە لە چەند لاپەڕەیەکدا نووسراوەتەوە.

ئێمە ڕووبەڕووی ئاریشەیەک بووینەتەوە تێبینییە ڕەخنەییەکانمان بە پەلە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە تایبەت لە فەیسبووک بڵاودەکەینەوە، ئەو کێشە لە تەک ڕەخنەگری ڕاستەقینەدا نییە بەڵکوو لە گەڵ ڕەخنەگرە تەمەڵەکانە، یان ئەوانەی ناوم ناون “ ژیرەکان “، کە لە هاوتەریبی پرۆسەی ئەدەبی و هونەری دەستبەرداری ڕۆڵی خۆیان بوون، لە بری ئەوەی قورتار بن لە پەککەوتنیان لە پەیگیری کردنی ئەو کارانەیان و بە هێزکردنی، دەستبەتاڵ دەبن بۆ دەربڕینی نیگەرانییەکانیان لە ئاست ئەوەی دەینووسین.

هەژارییەکی زۆری ڕەخنەیی هەیە، ئەمە پرسێکە ناکرێ نکوڵی لێ بکرێت، سەرباری ئەوەیش ئەوەی لە تێبینی سەرپێی دەینووسین بە شێکی کەمیش بێت لە ڕەوتی پرۆسەی هونەری و ئەدەبی هاوبەشە، وا دەبینێن “ ژیرەکان “ لە هاوڕێ و برادەرەکانمان زۆر بیزارن و تووڕەن لەوانەی لەبارەیانەوە دەیاننووسین، ئەگەر ئەوان بیانووسیبا ئێمە بە پێشەنگی خۆمانمان دەزانین، وەلێ بێ دەنگن لە ئاست هەموو ئەوانەی دەنووسرێن، یەک حەرفێ لە بارەی ڕۆمانێ یان کۆمەڵە چیرۆکێک، یاخود قەسیدەیەکەوە نانووسن، یاخود تەنانەت بۆچوونێکی ڕەخنەیی سەرپێی لە بارەی قەسیدە یا چیڕۆک یان کارێکی هونەری دەرنابڕن، سەرباری ئەوەیش داهێنەرێکی یەمەنی نییە کە کتێبێک چاپ دەکا دانەیەکیان بۆ نەنێرێت، ئەو کتیبانە دەچنە کۆگا و تەپوتۆز دەیانخوات و پشتگوێ دەخرێن، “ ژیرەکان “ ی دۆستمان هیچ بەڵایەک لە گۆڕەپانی ئەدەبی و هونەری نابینن جگە لە نووسینە ڕەخنەییەکانمان نەبێت، ئەوان وای دەبینن مەترسی و هەڕەشەیە لە داهێنەران دەکرێت و ڕەخنەگران نیگەران دەکات ..

  


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا