سەر لە ئێوارەی ڕۆژی شەممە ٢٧-٩-٢٠٢٥ مەڵبەندی کلدو ئاشووری حزبی شیوعی کوردستان لە هۆڵی شەهیدان لە شارۆچکەی عەنکاوە، میوانداری پێشمەرگەی دێرین و دانەبڕاوی حزب هاوڕێ سەعید ئەلیاس شابۆ (کامەران) ی کرد لە مەراسیمی واژۆ کردن و بڵاوکردنەوەی بەشی یەکەمی پەڕتووکەکەی بە زمانی عەرەب بە ناوونیشانی (وطنيون بلا الوطن ) - ( نیشتیمان پەروەرانی بێ نیشتمان).
لە کۆڕەکەدا نووسەر و ڕۆژنامەنووس ڕابەر ڕەشید بە کورتی باسی لە ژیان و تێکۆشانی نووسەر کرد و ئاماژەی بەوەدا نیشتمان پەروەرانی بێ نیشتمان مێژووی تێكۆشەرێكی خەڵكی عینكاوەیە کە
( سعید الیاس شابو ناسراو بە کامەران )ی پێشمەرگەی دێرینی شیوعییه و كتێبێكە لێوان لێو لە هەڵوێستی مرۆڤ دۆستی و بەشێكە لە مێژووی تێكۆشانی حزبی شیوعی ڕۆڵەی خەباتکارانی شارۆچکەی عەنکاوە.
پاشان لەلایەن نووسەر و ئەکادیمی ناسراوی عێراق (ناهض الهندي) شرۆڤە و هەڵسەنگاندنی پەڕتووکەکە کرا و دەست خۆشی لە نووسەر کرد کە شێلگیرانە جەختی لەسەر گوتاری پێکەوەژیان و دوورکەوتنەوە لە ڕق و کینەی نەژادی کردۆتەوەو بە بەرهەمێکی سەرکەوتووی ناوبرد.
هاوڕێ سەعید الیاس شابۆ - کامەران لە ساڵی ١٩٥٣ لە شارۆچکەی عەنکاوە لە دایکبووە.
باوکی هەڵسوڕاوێکی چالاکی شیوعی بووەو لە دوای کودەتای دووەمی بەعسییەکان لە ١٩٦٨ لە شاری بەغداد تیرۆر کراوە.
کامەران لە سەرەتای مانگی ئایاری ١٩٧٩ چەکی پێشمەرگایەتی دەکاتە شان و هەتا ساڵی ١٩٩٠ لەسەر بڕیاری حزب لە ناوزەنگەوە ڕوو دەکاتە هەندەران و نیشتەجێی وڵاتی سویدە.
کۆڕەکە بە بەشداری نووسەران و پێشمەرگە دێرینەکان و بەشێک لە ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی و مەڵبەندی هەولێر و کلدو ئاشووری حزبی شیوعی کوردستان بەڕێوەچوو.