بەشی(٤٣)
پەردەی نۆیەم
ئەکتەرەکان: کارمەند(ئاری)+ ڕەقیبی ژمارە سێ.
ئەهلی میکیاج و ماسک
ڕەقیبی ژمارە سێ: تۆ دژایەتی دینی خودات کردووە !
ئاری: یەک: بە قسەی کێ ئەم دینانە هی خودان؟
دوو: ئێوە ڕەخنە بە سووکایەتی و دژایەتی یەکسان دەکەن !
سێ: من هەرگیز دژی هیچ دینێک نیم، بەڵکو دژی بە سیاسیکردن و بە ئیدەلۆجیاکردن و بە حزبیکردنی ئایینم.
ڕەقیبی ژمارە سێ: تۆ تاوانباریت بە مادەیەکیتریش
ئاری: بە چیتر!؟
ڕەقیبی ژمارە سێ: بانگەشەت بۆزەردەشتییەت کردووە.
ئاری: جارێ من کەسێکی لائیکم و باوەڕم بە هیچ ئایینێک نییە، بەڵام زەردەشتییەت مێژووی من و ئایینی باب و باپیرانی منە و حاشای لێ ناکەم. ئینجا بۆچی زەردەشتیبوون تاوانە!؟
ڕەقیبی ژمارە سێ: ئایینی مەجوسییەکانی ئێرانە و نامۆیە بە کورد.
ئاری: بۆ ئەو عەقیدەی تۆ بڕوایەت پێیەتی، هەڵقوڵاوی هەروامانە؟
ئینجا خۆ ئەوان بەرلەوەی ئەو بیروباوەڕەی تۆ لە ڕێگەی ئەوە پرۆسە داگیرکاری و شاڵاوەی تەعریب و غەزووی عەرەب، کە ئێوە ناوتان ناوە(فتوحات!)، بهێندرێت بۆ کوردستان، ئەوان لێرەبوون و خاوەنی ئێرە بوون.
سەیرە! خاوەن ماڵ بووەتە تاوانبار و داگیرکەریش خاوەن ماڵ !
ڕەقیبی ژمارە سێ: تۆکەسێکی زۆر بێ ڕێزیت. پێت دەڵێم لەمەزیاتر کفر مەکە. گەرنا سزاکەت قورس تر دەبێت و بە تاوانی هەڵگەڕانەوە لە ئایین، شمشێر دەدرێت لە ملت و سەرت لە لاشەت جیادەکینەوە.
ئاری: بۆچی بە شمشێر لەسەری هەرکەسێک دەدەن کە ئایین، یان بێدینی و هەر بیر و باوەڕێکی تری دەرەوەی ئەقیدەکەی تۆ هەڵبژێرێت؟
ڕەقیبی ژمارە سێ: لە دینەکەی ئێمە، هەرکەسێک ئایینەکەی بگۆڕیت، کافرە و خوێنی حەڵاڵە و دەکوژرێت.
ئاری: کاکە خۆ بەزۆر نییە، من باوەڕم بە شتێک نەبێت تۆ چۆن ناچارم دەکەیت باوەڕم پێبێت؟
ڕەقیبی ژمارە سێ: من ئەوە نازانم، هەرکەسێک ئایینەکەی بگۆڕێت، تەنها سێ ڕۆژی مۆڵەتە، پەشیمان نەبێتەوە و نەگەڕێتەوە سەر ڕێگەی ڕاست، بە شمشێر دەدرێت لە ملی و سەری لە لاشەی جیادەکرێتەوە.
ئاری:ئینجا پێشتان ناخۆشە و پێی قەڵس دەبن کاتێک دەگوترێت: ئایینی شمشێر.
ڕەقیبی ژمارە سێ: نەخێر، ئەوە ئێمە نین، بەڵکو ئەوانەن ناویان لەخۆیان ناوە میانڕەو و قاتێکی مەدەنییان لەبەرکردووە و سەری زمان و بنی زمانیان، هەر دیموکراسییەتی جاهیل و غەربی کافرە.
ئاری: هەمووتان هەر یەکن و تەنها تاکتیک و فرت و فێڵتان جیاوازە.
ڕەقیبی ژمارە سێ: چۆن؟
ئاری: کامەتان سوێند بە دیموکراسییەت دەخوات و کامەش جوێنی پێدەدات و تەکفیری دەکات، دەسەڵاتتان هەبێت، داعشی تەمام عەیارن.
ڕەقیبی ژمارە سێ: ئێمە وەک ئەو ترسنۆک و دووڕووانەیتر شەرم لە گوتنی حەقیقەت ناکەین و ئایینەکەمان وەک خۆی دەگەیەنین. ئێمە ئەهلی میکیاج و پینە و پەڕۆ و جوانکاری و ماسک نین.
ئاری: ئەشهەد و لەوەیان ڕاستت گوت.