
فەڕۆخ نێعمەتپوور
لای هیگل فیلسووفی ئاڵمانی هونەر تەنیا بریتی نیە لە بەرهەمهێنانی جوانی یاخود سەرگەرمی، بەڵکو هونەر شێوازێکی دەرکەوتنی حەقیقەتە. هونەر ئەو دەرفەتە بە مرۆڤ دەدا بیر و هەست و ئەزموونە دەروونییەکانی خۆی لە شێوەیەکی بەرجەستە و دیاردا دەرببڕێ.
هەروەها لای ئەم بیرمەندە جوانیی هونەری لەبەراورد لەگەڵ جوانیی سروشتی جیاوازە و بگرە باڵاترە. چونکە جوانی هونەری بەرهەمی ڕۆح، هۆشیاری و ئازادی مرۆڤە، لە کاتێکدا جوانی سروشتی بەبێ ئەمانە بوونی هەیە.
کەواتە کاکڵی ئەندێشەی ئەو سەبارەت بە هونەر و یەک لە دەرکەوتەکانی واتە ئەدەب، ئەم سێ توخمەیە: رۆح، وشیاری و ئازادی.
هونەرمەند لە خوڵقاندنی دەقدا بەرهەمەکەی لە رۆحی خۆیەوە گوزەر دەدا و بە گرێدانی بە وشیاری خۆی و گەمەی ئازادانەی بیر تیشکێکی دیکە دەدا بە حەقیقەت. ئەو بەرهەمەی وا ئەو دەیخوڵقێنێ ئاکامی لێکگرێدانی ئەو سێ توخمەیە بۆیە دەق لەسەر دونیای تایبەتی خۆی بونیات نراوە. غەیری ئەمە بەهیچ جۆرێک ناتوانین باس لە دەقێکی هونەری بکەین. ئەو بەرهەمانەی وا خوڵقێندراوی رۆح و وشیاری و ئازادیی خوڵقێنەرەکەی نین، زۆر خێرا تایبەتمەندییەکانی دەقی هونەری لەخۆیاندا دەکوژن.
لە کۆمەڵگایەکدا کە هونەرمەند ملکەچی حەقیقەتی زاڵە و وەک خۆی ناتوانێ لە رێگای خوڵقاندنی دەقەوە ئەم حەقیقەتە زاڵە بداتە بەر رەخنە و دەلاقەیەکی دی بەسەر ژیاندا بکاتەوە، نەیتوانیوە ئەو سێ توخمەی وا هیگل باسی لێدەکا بکا بە بنەما. بەم پێیە نەیشیتوانیوە هونەر بەرهەم بێنێ. رۆحێک کە وشیار نیە و ئەم وشیارییە لە بەستێنی گرینگی ئازادیدا ناخاتە گەڕ، ناتوانێ هیچ شتێک بە هونەر زیاد بکا.
هەموو بەرهەمە گەورەکانی بۆ وێنە بواری رۆمان و چیرۆک خاوەن وەها تایبەتمەندییەکن. ئەوان هەمیشە سنوورە باوەکانی حەقیقەتی زاڵیان بەزاندووە. بۆ نموونە رۆمانی مادام بۆڤاری فلۆىیر نووسەری فەڕەنسی یاخود چیرۆکەکانی چیخۆف. هونەرمەندان تەنانەت گەر ئایدیایەکی گەورەی دیکەیشیان بەرهەم نەهێنابێ، بەڵام ملکەچی ئایدیای زاڵ و باو نین. لای هونەرمەند هیچ حەقیقەتێکی موتڵەق، چ سیاسی و چ فەلسەفی و چ لە هەر بوارێکی دیکەدا بوونی نیە. لە راستیدا بەزاندنی حەقیقەتی زاڵی هەنووکە شوێنی دەستپێکی کاری ئەو و بەرهەمهێنانی دەقە. بەم پێیە دەق بەزاندنی سنوورەکانی ئیستایە. ئامادەیی رۆحی تاکی خوڵقێنەرە لەناو دیاردەکاندا تا روانگەی ترمان بەڕوودا بکاتەوە. هونەر رێگایەکە بەرەو داهاتوو، هیچ ئامانجێکی چەقبەستووی نیە. چوارچێوەی ئامانجی دەق لە راستیدا لە رێگای بەزاندنی سنوورەکانی ئەوەی وا ئیستاکە زاڵە دیاری دەکرێ. هونەر خۆی رێگایە. هەمیشەیش وەک رێگا دەمێنێتەوە. گەیشتنێکی تیا نیە. گەر بگا، دەمرێ. بێهوودە نیە کە هەمیشە کاتێک مێژووی هونەر و ئەدەبییات دەخوێنینەوە بەتووش بنەماشکێنیی بەردەوامەوە دەبین: جارێک رۆمانتیسم، ئەوسا ریالیسم، پاشان مودێرنیسم و هەتا دوایی،... بە هەموو ئەو لق و رێچکە جۆربەجۆرانەوە وا لێیانەوە سەر هەڵدەدەن. هونەر تەنانەت حەقیقەتە زاڵەکانی دونیای خۆیشی تێدەپەڕێنێ، چ بگا بە حەقیقەت لە بوارەکانی دیکەدا.
بو کورتی هونەر شوێنی ئەزموونکردنی ئازادییە. ئازادییەک کە بەگوێرەی ئیگزیستیانسیالیستەکان هەمیشە لەگەڵ خۆی هەڵگری دڵەڕاوکێ و ئانگستە. جا گەر ئامادەی، فەرموو!
