ڕانان : سەلما تۆما کاکۆ

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

دوای دوو ڕۆژ (ئالیمان)مان بەخاك سپارد، داب و نەرێتی ئێمە وابوو نابێ ژن بچێتە گۆڕستان ،بەڵام من چووم  کەسیش قسەی نەکرد چونکە هیچ پیاوێکمان نەمابوو تا بینێرم داب و نەرێتەکە بەجێ بگەیێنێت بەخۆم (ئالیمان)م خستە ناو گۆڕ.

ئەمە کاریگەرترین قسەی (تالگانای) ژنە جوتیاری پاڵەوانی ڕۆمانی سەربووردەی دایکە .

سەربووردەی دایك ئەو ڕۆمانەیە کە (جەنگیز ئیتماتۆڤ ) نووسیویەتی و شاعیرو وەرگێڕ( کاوە فاتیحی) لە فارسیەوە وەریگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی و لەدوو توێی کتێبێکی  (١٥٨) لاپەڕەیی لەساڵی ( ٢٠١٩ ) چاپی کردووە .

ئەم ڕۆمانە هەرچەندە ژمارەی لاپەڕەکانی زۆر نیە بەڵام زۆرترین پرس و ڕووداو لەخۆ دەگرێ لەوانە :

(بەرز ڕاگرتنی نان ، خۆشەویستی جوتیار بۆ کێڵگەو زەویەکەی ، خۆشەویستی تاك بۆخاکەکەی، کاری هەرەوەزی ،جەنگ و وێرانکاری ، پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان ، خۆڕاگری و کۆڵ نەدانی ژن ، وەفاداری، خۆشەویستی و عەشق ، نهێنی پارێزی و پێشێل کردنی داب و نەرێت لە کاتی پێویست ) وەهەروەها زۆر پرسی لاوەکی تریش .

کارەکتەرەکانی ئەم ڕۆمانە زۆر نین و لە چوارچێوەی خێزانێکی جوتیار کۆ بوونەتەوەو لە گشت ڕووداو و قۆناغەکان دەور دەبینن ، پاڵەوانەکە  (تالگانای ) ژنە جوتیارە کە لە جەنگی نێوان ڕوسیا و ئەڵمانیا (سوڤانکۆلی) مێردی وهەرسێ کوڕەکانی بەناوی (قاسم ، ماسلبەك و جایناك) دەکوژرێن و دواتر (ئالیمان )ی بووکیشی کە خێزانی( قاسم )بوو هەر لەگەڵ لەدایکبوونی کوڕەکەی گیان لە دەست دەدات ،ئەو کوڕەی کە بەرهەمی بەناو خۆشەویستی دوای کوژرانی (قاسم) و دواتر خیانەت لێ کردن و حاشا لێکردنیەتی لەلایەن پیاوێکی گوندە نزیکەکەیان  ، بۆیە(تالگانای) بەتەنیا دەمێنێتەوەو کوڕەکە وەك نەوەی خۆی بەخێو دەکات و ناوی دەنێ (جونبەڵات) هەتا گەورەش دەبێ ‌زانیاری باوکی ڕاستەقینەی لێ دەشارێتەوەو هەربە نهێنی لەدڵی خۆی دەهێڵێتەوە .

( تالگانای )لەگەڵ پاراستنی ئەو نهێنیە  زوو زووە سەردانی کێڵگەکەی دەکات و وەك ئەوەی لەگەڵ مرۆڤێك بدوێت باسی ئازارەکانی خۆی بۆ دەکات .

لە خوێندنەوەی ئەو ڕۆمانە خوێنەر وا ڕۆ دەچێتە ناو ڕووداوەکان و لەمێشکیدا خول دەخۆنەوە و تامەزرۆی کۆتاییەکەی دەبێت و هەست دەکات بەدیار فیلمێکەوە دانیشتووە تا تەواو نەبێت نایەوێ دەسبەرداری دیتنەکەی بێت ،دڵنیا نیم ئاخۆ کراوەتە فیلم یا نا ،چونکە ئەو جۆرە ڕۆمانە هەر بۆ فیلم دەشێ تا نەحوێندەوارەکانیش هەست بە ڕووداوەکان و ماڵوێڕانی ئەنجامەکانی جەنگ بکەن .

ئەوەی لەخوێندنەوەی ئەو ڕۆمانە زیاتر سەرنجی ڕاکێشاوم ،یەکەمیان :

ــ خۆڕاگری و ڕۆڵی ژنە بەسەرکەوتوویی لەو هەموو ڕووداوانەی پێش جەنگ و لە ڕۆژانی جەنگ و دواتریش لەو گوندەی کە هەموو  خەڵکەکە ژیان و گوزەرانیان بە کێڵگەو زەویەکانیانەوە بەند بوو ، چاندن و دروێنە کاری سەرەکی ئەوان بوو ، بەتایبەتیش لە کاتی جەنگ کە هەموو ئەو گەنج و پیاوانەی تەمەنیان بۆ سەربازی دەشیا لەبەرەکانی جەنگ بوون ، بەمەش بەرپرسیاریەتیێکی زۆر لەئەستۆی ژنان بوو لە ئەرکی کارکردن لە زەوی و پاراستنی خۆیان و گوندەکەشیان .

دووەمیان :

ـــ بەدی کردنی لێکچوونێکی زۆری ئازارەکان  لەگەڵ ئازارەکانی زۆربەی ژنانی خێزانە کوردەکان کە بەر شاڵاوە یەك لەدوای یەکەکانی ئەنفال و کیمیاباران و زیندانی کردن و تەنیا مانەوەیان کاتێك هاوسەرو براو باوك  و کوڕەکانیان لەشاخ دەجەنگان یاخود شەهید دەبوون و ژنەکان بێ سەرپەرشت دەمانەوەو دەوری ژن و پیاویان دەبینی لە پێناو ژیان.

ـــ ئەوەی لەو ڕۆمانە بەزەقی دەبینرێ  دەرئەنجامەکانی جەنگە لە وێرانکاری و برسیەتی و لەیەك دابڕانی ئەندامانی خێزان و شڵەژانی باری دەروونی تاك و دڵە ڕاوکێ وکوشتارو ڕوو لە کزی کردنی بەها جوانەکانی پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان کە دوای جەنگیش ئاسەوارەکانیان هەر دەمێنێ بەسەر تێکڕای خەڵکی ناوچە جەنگاویەکان بێ جیاوازی  شوێنی جوگرافی و جۆری نەتەوەو ئایین و زمان و ڕەنگ.

هەندێ وتەی سەرنجڕاکێش و جوان لە ڕۆمانەکەدا شایانی ئاماژە پێ کردنن لەوانە :

ــ لە بەرز ڕاگرتنی نان (تالگانای ) دەڵێت :

(نان مەرگی نیە ،ژیانی نەمری ئەنجامەکەشی بە نەمری دەمێنێتەوە )

ــ لە خۆشەویستی جوتیار بۆ زەویەکەی (سۆڤانکۆل) دەڵێت :

خۆشبەختی جوتیار لەوەدایە زەویەکەی بۆخۆی دایچێنێ و بۆخۆشی بیدورێتەوە ،

ئەگەر زەوی و ئاو لەنێوان هەموواندا بەیەکسانی دابەش بکرێت ،ئەوا خۆشبەخت دەبین و لەوە زیاترمان ناوێ .

ــ سەبارەت بەخۆشەویستی تاك بۆخاك (تالگانای)  دەڵێت :

خۆبەخشەکان ئەوەندە زۆر بوون کە لەناو حەوشەی سەربازگەکە جێگایان نەدەبۆوە،هەرجارەی کە ناوی یەکێك دەخوێندرایەوە بە (ئامادەم) وەڵامی دەدایەوە،ئاخر ئەوە پێویستی جەنگەو بۆ ڕزگارکردنی وڵات پێویستە .

ــ تالگانای سەبارەت بە کاری هەرەوەزی دەڵێت :

   ڕۆژی یەکەمی دروێنە هەمیشە جەژنە ،لەو ڕۆژەدا کەسم دڵتەنگ و خەمبار نەدی، کە بۆ دروێنەی بە داس چەندین کیژۆڵەی جوان و نازدار و کوڕە لاو وگەنجەکان بەدڵخۆشیەوە کار دەکەن .

ــ (تالگانای) لەڕۆژی یادکردنەوەی (سۆڤانکۆڵ) ی مێردی و کوڕەکانی و بووکەکەی سەردانی کێڵگەکەی دەکات و بەم شێوەیە لەگەڵی دەدوێ :

تۆ لە سەرگوزشتەی ژیانی من ئاگاداری ،،،، سەردەمێك دێت ( جونبەڵات) لە سەربووردەی خۆم ئاگادار بکەم ، من قسەی زۆرم هەیە دەمەوێ بەهەموو دونیا بگەیەنم .

ــ ئەی تیشکی ڕۆژ  کەهەموو دونیا دەگەڕێی  تۆ پەیامبەری من بە.

ــ ئەی هەوری باران بارانێکی ڕوون ببارێنە بەسەر جیهاندا لەگەڵ هەردڵۆپێك پەیامی من بگەیێنە .

ــ ئەی خاکی شیرین ،ئەی دایکی ژیانبەخش ،تۆ هەموومانت بە نیعەتەکانی خۆت ڕادێنی ،تۆ خۆراکی تەواوی خەڵکی هەموو دونیای تۆش پێیان بڵێ،،،،

ئەمانە دوا وتەکانی پاڵەوانی ئەو ڕۆمانەن کە نووسەر  هێندە بە جوانی دایڕشتوون و وەرگێڕیش دەقاودەق وەك خۆی وەریگێڕاون و خوێنەر  چێژ لە خوێندنەوەیان دەبینێ بێ هیچ بێزاریەك .

ـــ وەڵامی کێڵگەکەش لە بەرزی و پیرۆزی و تێگەیشتنی مرۆڤدا چڕ بۆتەوە کە دەڵێت:

( نا تالگانای تۆ بۆخۆت بیڵێ تۆ مرۆڤی تۆ باشترو چاکتری لەهەموویان تۆمرۆڤی ،تۆ بیڵێ) .

هەموو پرس و باسەکان بە جوانترین دەستەواژە و وتەی پڕ مانا پشتڕاست کراونەتەوە کە باسکردنی هەموویان بە ڕاست نازانم نەوەکا لە چێژی خوێندنەوەی ڕۆمانەکە کەم بکاتەوە .

سەبارەت بە ئاستی زمانی وەرگێڕ :

ڕەنگە( کاوە فاتیحی)  لە وەرگێڕە بەناوبانگەکان نەبێ و لەشیعر زیاتر باڵادەست بێ ،بەڵام لەوەرگێڕانی ئەو ڕۆمانە لام وایە توانیویەتی سەرکەوتن بەدەست بێنێ و هیچی وام بەرچاو نەکەوت بکەوێتە بەر ڕەخنەی نەرێنی،ڕۆمانەکە زۆر دەوڵەمەندە بە دەستەواژەی ئەدەبی جوان جوان نەك هەر نووسینێکی سادە ،ئەمەش هونەرێکەو ڕەنگە بۆ وەرگێڕ ئاسان نەبێت ، بەڵام وەرگێڕ بە بەکارهێنانی وشەی کوردی پاراو  وبێ گرێ و ئاسان بۆتێگەیشتن زۆر بەجوانی بەردەوام بووە لە وەرگێڕانیان بەمەش ڕۆمانەکە هیچی کەمتر نیە لەوەی هەر بەزمانی کوردی نووسرابێتەوە نەك لە زمانێکیتر وەرگێڕانی بۆ کرابێ .

هەر چەندە ڕۆمانەکە بەدەر نیە لە بوونی چەند هەڵەیەکی کەمی چاپ ونووسین ،بەڵام نەبوونەتە هۆی شێواندنی شێوازی نووسین و مانای وشەکان و کاریگەریێکی ئەوتۆیان نیە ،بێگومان نەبوونیان جوانیێکی زیاتر دەبەخشێتە ڕۆمانەکە .

دەستی وەرگێڕ خۆشبێ کە بە وەرگێڕانەکەی ئاشنای بەسەرهات و ڕووداوی گەلانی ترمان دەکات و بەمەش هاوبەشیێك بۆ ئازاری خەمەکانی کورد بەدی دەکرێ .