____ 4 ____
کات چڵی بێلانه‌ی باڵداره
هه‌ڵوێست ده‌نگی نه‌فره‌تی ڕێبواره
سه‌رمان له توێی زاما جه‌ڕاوه
دڵمان له موولووله‌ی داگیرساوا به‌ندكراوه
ده‌ڵێن مێژوو خاڵێكه
له باسكی ڕۆژگار كوتراوه
بیره‌كان له كارتۆنی مێشكه به‌تاڵه‌كانا
هه‌ره له‌یلێ.. بۆ بارخانه‌ی بێشوێن ده‌ڵێن
ساته‌كان له‌یه‌ك ده‌چن
میللی زه‌مه‌ن له گڕستانی ده‌روونا
وه‌كو ئاره‌قه‌ی برسییه‌كان
به دوای كۆچباری گزنگ و
ماڵاوایی نانا هه‌ڵدێن
له‌كه‌یه‌وه گونده‌كانمان
وه‌كو فارغۆنی به‌ر لێشاوه سامناكه‌كان
بوونه‌ته فافۆن فرۆش و
به‌ر گوله‌ی وێڵ ده‌كه‌ون
بێژنگی ڕووانینمان..
ئالووده‌ی مانگێك زامداره
هه‌وره ڕیچكه‌ی ئه‌م كۆچباره
مێرووله‌ی بێدان و شاره
له شه‌فه‌قی ڕوون ناگه‌ڕێ
تۆ دیوته ئاسۆ وه‌كو مرۆڤێكی فێدار
سوور‌و شین و زه‌رد هه‌ڵگه‌ڕێ
تۆ دیوته كۆترێك
شاباڵه‌كانی به‌داوی تیشك ده‌به‌ستنه‌وه
چۆن له تاوا هه‌ڵده‌په‌ڕێ
پرسیارم كرد له ئاو باریك
له گوڵه حاجیله‌ی ته‌ریك
نامه‌م خسته گه‌رووی سیروانه‌وه
له لانكی خاسه‌دا كۆرپه‌ی شیعرم لاوانه‌وه
تیترواسكه بێلانه‌كانم نارده خزمه‌تی گۆله‌مه
دار هه‌ناره‌كانم ماچ كرد‌و
ڕه‌گی ژاڵه‌م له هه‌توانه تاڵه‌كانا خوارده‌وه
به‌رۆكی دارسنه‌وبه‌ره‌كانم ڕاوه‌شان
جامانی چیا‌و
كۆڵوانه‌ی هه‌ورو
ده‌سماڵی گردۆڵكه‌م ته‌كان
هه‌واڵتان له‌كێ بپرسم..؟!
جه‌سته له‌سه‌ری خۆی ده‌گه‌ڕێ
دڵ له قه‌فه‌سی ئاراما هه‌ڵده‌وه‌رێ
ئه‌وه‌نده گلێنه له ته‌لبه‌ندی ڕووانینا هه‌ڵوه‌ریوه
هێنده گڵكۆ باسكی زه‌مه‌نی دزیوه
ئه‌وه‌تا به‌رواری نه‌بوونیمان
له مێشكی مێژوو كوتراوه
ده‌سته‌كانیشمان له ڕه‌گه‌وه هه‌ڵكه‌نراون
بۆیه مێژوو بێسه‌رو به‌ر
به دوای ڕه‌شه‌بایا هه‌ڵدێ
نهێنی زریان ده‌یزانێ
سروودی باران..
له گه‌ڵای داره‌كان به‌رز ده‌بنه‌وه
ئه‌م خاكه له قه‌تماغه‌ی گێتی دابڕاوه
شه‌و پێستی گورگه‌و
له‌به‌ری مامز كراوه
نه‌كه‌ی له شاعیر بپرسی
په‌ڕه‌ی دڵی فوودراوه
شوانكارەی مێگه‌ل جێماوه
هانا بۆكێ به‌رم..؟
ئه‌وه‌تا زه‌مین له هه‌نگاوه‌كانم وه‌ڕسبوو
ڕه‌شه‌با له سكاڵای گوڵ ئاووسبوو
نه ده‌نگێ و نه ڕه‌نگێ
به‌یانییه‌ك.. دووان و هه‌زار
ته‌نی ڕۆژگارم
له‌سه‌ر كۆشی دوورگه‌ی ژانم
كردووه به مه‌لۆتكه
چاوه‌كانی گزنگ بۆ كۆچی ڕۆژ
پڕه له ئه‌شكی به‌فرین و ورده لۆكه
ستار ئەحمەد