بەرزان عەلی

بەشی ۲
لەقەدپاڵی چیاکەوە
بە جەستەیەکی شەکەتەوە هێواش 
هێواش دێتە خوار .........
نان بە قاچاخی دەپەڕێنێتەوە 
تارمایییەکی تاریکتر لە دوژمنی سپی 
خۆی دەکێشی بە سەد ساڵ شاخەوانیدا 
بەنێو مەملەکەتی ئاژەڵاندا تێدەپەڕێت
قەلەڕەشێک هاوار دەکات: 
ئەو کۆڵەپشتە ناسنامەی شاخێکە مەهێڵن تێپەڕێت!
دەڕوات دەکەوێت و هەڵدەستێتەوە
کەمتیارێک قەپ بە قاچی ڕاستیدا دەکات 
تا قاچی چەپی لە ڕۆیشتن بکەوێت 
تک تک خوێن دەڕژێتە نێو جۆگەیەک دەبێت بە تابلۆ 
شار تارمایی دایدەپۆشێت 
ئەوەی سەرنەکەوت بۆ قەدپاڵی چیاکە باوەشی بە مەرگدا کرد
مەرگ چەشنی ژەمێک خۆراک لە نێو تاشەبەردەکاندا بەخۆڕایی بوو 
قەلەڕەشەکان نیشتنەوە 
قارەمانێک دێت بەنێو درزی تاشەبەردەکاندا  کوچە و شەقامەکان ڕادەماڵێت 
کەمتیار و قەلەڕەشەکان
هاژەی ئاو
دەنگی ڕەهێڵەی شوێنپێکانیان لێدەبێتە دۆزەخ
ڕەنگی سوور  دەقیژێنێ و گوێچەکەیان دەشڵەقێنێ
پاڵەوانێک بێرەدا تێپەڕی !
گوێسەبانی هەر ماڵێک دەبێتە دۆزەخی  پیاوێکی تاریکی
هەر کووچەیەک چەشنی قامچی دەبێتە پەتی سێدارە 
شارێک چەشنی بوورکانی چیاکان دەتەقێتەوە 
هەرچی کانزایە دەڕژێنە نێو کوچە و شەقامەکان
چیا و پاڵەوان و ئاو نان و ئازادی چەشنی جیوە دەبنەوە بەیەک لەنێو کۆڵەپشتێکدا
دایک دەبێتە خاک
ئاڵا دەبێتە ناسنامە
زمان دەبێتە چەکی مانەوەمان
ژیان لێرەوە دەست پێ دەکات
هەموو شتێک لێرەوە دەنووسرێتەوە
پێدەچێت ئەم بورکانە دەنگی ئەو منداڵانە بێت
کە لەژێر چەتری عەمامەیەکی ڕەشدا بێدەنگ کرا بن
لەوانەیشە دەنگی ئەو دایکانە بێت کە ڕۆژگارێک سنگیان دەکوتا و دەنگیان نەدەگەیشتە ئاسمان
لەوانەشە ئاو بێت بۆ سڕینەوەی ئەو پیسایییانەی کە چەندین ساڵە ناهێڵن ئەم خاکە چرۆ بکات و باوەش بە ژیاندا بکات
ڕەنگیشە نەفخی سووری قیامەتی قەلەڕەشەکان بێت
کەمتیار و قەلەڕەشەکان پێدەچێت فریای ناشتنی باپیرانیان نەکەون
ژیان لێرەوە دەست پێدەکات!


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا