کاتێ دەڕۆم

برینی قەتماغەکراو جێ دەهێڵم

هەر لە ڕێگا

توێشوی نانم خوێنی هیشکە

مردوویەکی بە ترپەم و

چی جێبێڵم

خەونم بینی

لە سارایەکی چۆڵ و حۆڵ

سێوم دەچنی

ڕووبارێ بەرۆکی گرتم

خووڕەی چەمێ زنجیری لە پێ دەکردم

دەستەکانم بوونە تابلۆ

بە بن چەکمەی جەللادەوە

چاوەکانم هەر چاوەنواڕ

ئاوڕی دوا دەدەنەوە

میداڵی سۆز و بەزەیی

تیشکی خۆری پێ دەگات و

خەڵاتێ بێت بمدەنەوە

 

کاتێ دەڕۆم

بولێڵی چاو حەرفی دوێنێم لێ ون دەکا

چاویلکەکەم دەچێتەوە بۆ ڕۆژی بەر لە فڕێدان

دەفتەری ئاکاری غوربەت سەرەڕۆیە

قەڵەم ڕستەی پەرش و بڵاو دەگرێتەوە

واق وڕما و حەپەساو نیم

وڕێنەی کۆن بلێمەوە

ژانەکانم شلوێ شلوێ

بۆنی ڕێگای کانی دەگرن

بیری خەمێ لووشم دەدا

دایک دەبێتە کانییەک

ئەشک و قوڵپ هەردوو میلۆدی شیعرێکن

دەیڵێمەوە

کراسی عوسمانە بەختم

تیشکی ڕۆژێ پەرش و کەرت کەرت

سەفەر سەفەری ژێوانی

بە کام توولە ڕێی ڕۆیشتن بتلێمەوە

گەر پەنجەرە دەروازەم بێ

وەلێ سبەی لە دەرگاوە

بەرەو دەرێ و تەنیایی خۆ هەر دێمەوە

 

کاتێ دەڕۆم

گۆرانی کۆن و نوێم ناوێ

یادەکانم دەسوتێنم

با پەند و وانە ئەتک بێ

بە سەر ریتمی پشکۆ دەڕۆم

سەما لە سەر گەڵای زەرد و

باخچەی بوکێنیتا دەکەم

خۆرئاوابوونێکی جوانە

ناهێڵێ شەو داگەڕێت و

ڕاز و نهێنی و پریاسکە

بە کەناری خەو بسپێرم

لەم سەفەرە، گەر بێمەوە

ئیتر ئەبەد ڕێی دوور نابڕم

شەوچەرە کوێر ناکەمەوە

گەرمەتەنوور نامەیەکە بە کۆترا بۆی دەنێرم

 

کاتێ دەڕۆم شانەی هەنگوینی دەدزم

لە درزی دەرگای هەڵاتن

لێت دەڕوانم

گوڵی مێخەکی بەرۆکێ

بە وێنای دییە دەلکێنم

شەرابێکی ڤۆلتاریسیش

بە سەر مێزی ئەم قومارە دەپرژێنم

بیر هەڵەشەیی گرتووە و

بۆ هاتنەوەت چاوەنواڕم

 

 


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا