
خوێندنەوەیەكی ڕەخنەیی- وەسفی بۆ قەسیدەی (با لە دەرگاکە بدەینەوە)ی (پەخشان عەبدولڕەحمان)
دیمەنەكانی ئەو قەسیدەیە لەسەر بنەمای دەركەوتنی (بنین، دەرگا و بێدەنگی) خۆی دەنوێنێ و شاعیر (پەخشان عەبدولڕەحمان) هەوڵدەدات چەمكی (جەنگ) وەک دیاردەیەکی (ناوەوەی مرۆڤ) ڕوون بکاتەوە و نیشانی بدات کە کردنەوەی (دەرگا) لە قەسیدەكەدا نە هیوایە و نە ڕاستیی، بەڵکە لەلایەك ڕەنگدانەوەی سەرکوتکردنی ئارەزووە و لەلایەكی دیكە گوزارشت لە بەردەوامیی كۆمەڵگایەكی داخراو دەكات؛ لە چنینی ئەو قەسیدەیەدا فەزایەکی شانۆیی دەخولقێنێ و خوێنەر و بێدەنگی بە ئاگایی و بێهیوایی دەسپێرێت.
كەواتە (با لە دەرگاکە بدەینەوە) دەنگی کێیە؟ ئەگەر بانگەوازێک نەبێ بۆ (ئازادی) ئەوە دووبارەکردنەوەی نمایشێکی بێدەنگی فرۆیدییانەیە؟! چونكە لە قەسیدەكەدا، داخستنی دەرگا ڕووداو نییە، تا بەرانبەرەکەی (کردنەوە) مانایەکی شۆڕشگێرانەی هەبێت؛ دەرگا پێشتر داخراوە، نەكـ هەر لە دەرەوە، بەڵکە لە ناوخۆی مرۆڤدا؛ بەمجۆرە جەنگ لە دەنگەوە سەرچاوەی ناگرێت، بەڵکە لە (بینین)ی چەپێنراودا خۆی مت داوە! لەو كۆمەڵگا دواكەوتووە وە هەڵقوڵاوە، کە ئازادی قبووڵ نییە.
كەواتە (با لە دەرگاکە بدەینەوە) دەتوانرێت وەک ڕەنگدانەوەی سەرکوتکردنی ئارەزوو بخوێندرێتەوە، نەكـ تێكشکاندنی سیستەم! چونكە بینینی چەپێنراو ناتوانێت لە سیستەم دەربچێت- دەرگا داخراوە؛ لە کۆتاییدا، (با)ی سەرەتایی (لە دەرگاکە بدەینەوە) لە بێدەنگییەکی شانۆییدا دەخنكێ، و ئەکتەرەکانیش لەژێر ئەو تاسەیەدا دەمێننەوە، یان لە گۆڕەپانی ئاگایی و بێهیواییدا دەجەنگن.
با لە دەرگاکە بدەینەوە
پەخشان عەبدولڕەحمان
پێش ناسین
کەشەکە سارد بوو
دەکرێ وەک چیرۆکێک بارانیشی بۆ زیاد بکەین
کەواتە کەشەکە سارد و باراناوی بوو
دەنگێک دوور لە هەمووان باسی مەیدانی جەنگی دەکرد
هۆڵەکە بێدەنگ بوو
ئەمە وەک شانۆیەک دەتوانین بیگێڕینەوە
تەنیا ئەو بوو هەر جارێک سەنگەرەکەی دەگواستەوە
ئێمەش هەموو لەدوای ئەوەوە دەبا هەست بە نزیکی دوژمن بکەین
هۆڵەکە گۆڕابوو بۆ مەیدانی جەنگ
پێی وابوو باوەڕ دەتوانێ هەموو شتێک بخولقێنێ
لەگەڵ هەر هەڵچوون و داچونێکی
کۆترەکانی ئەو دیوو پەنجەرە دوورتر هەڵدەفڕین
ئێمە دەمانتوانی گریمانەی کۆترەکان بکەین بە باڵی خوێناوییەوە
تەنانەت هەندێکمان بە پێکەنینەوە هۆڵەکە جێبهێڵین
دوایش پشت بکەینە مەیدانەکە بۆ ئەو
دوایی بینیمان
تەنیا و دوورەپەرێز لە هەریەکەمان ڕادەما
ئێستا بێدەنگ بوو، ئێمەش هەروەها
ئێمە دووژمن نەبووین
تەنانەت براوەش نەبووین
ناسین
پێدەکەنی
ئێمەش لەدوایەوە قاقا
تەنیا شتێک کە لێی دەترساین
کەس دڵنیا نەبوو لە نوکتەیەکییەوە نەکەوینەوە ناو مەیدانێکی دیکەی جەنگەکانی
بێگومان ئێستا سەیری کەسمانی نەدەکرد
ئەگەر ڕاستگۆتربم
ڕەنگە هیچ کات سەیری نەکردبێتین
ئەو ڕۆژانە ئاسان بوو لەبارەی هەرشتێکەوە دواباین
بێئەوەی کەسمان سەرنجمان لەشوێنێک جێبمێنێ
ئەگەرچی هەوڵمان دا شوێنەواری جەنگەکە لەبیرکەین
بەڵام هەرجارێک لەسەر خوانەکە کۆدەبووینەوە
ئێمە زۆر شتمان هەبوو باسیکەین
ئەویش جەنگەکان
دوای ناسین
دەرگای هۆڵەکە داخرابوو
شانۆکە گەشتبوویە کۆتایی
هیچ چەپڵەیەکیش نەبوو بۆ کۆتاییەکی چاوەڕواننەکراو
کورسییەکان وەک لە چاوەڕوانی تەرمێکدا بن وابوون
درەختەکان بەهۆی گەرمی زۆرەوە یا هەر هۆکارێکی دیکە
لە گەشە وەستابوون، تەنانەت سەوزبوونیش
ئێمە کەی بێرە گەیشتین؟
قسەکانمان گۆڕابوون بۆ هیواخواستن بۆ یەکتر
ئایا دەکرا دووبارە خۆمان بە یەکتر بناسێنینەوە؟
پاشان بەڕوویەکی بەخەندەوە لەبارەی سەرماوە قسە بکەین؟
یا لەبارەی گەمژەیی هاوڕێیەک و سودەکانی خواردنەوەی چا بەبێ شەکر
بەئەگەری زۆرەوە هیچ دەرگایەکمان بەکراوەیی جێ نەهێشتبوو
پاش ئەوەی چاوەکانت لە ئاست هەموو شتێک داخستبوون
ئێستا هەست دەکەم جەنگەکە بەشێكە لە هەریەکەمان
بەڵام ئێستا کە باشتر ئاشنای یەکین بێدەنگترین
وەک ڕێزێکیش بۆ ئەو نزیکییە خەریکە دووردەکەوینەوە.
---
پێش ناسین
(جەنگ وەک شانۆ)
قەسیدەكە لە فەزایەکی سارد و باراناوی وەک ڕووداوێکی ڕاستەقینە بەرەو گوتار دەبێتەوە، سەرەتا وەک چیرۆک یان شانۆ پیشان دەدرێت، بەڵام بە هێواشی بینین لە بێدەنگی هۆڵەکەدا بۆ مەیدانی جەنگ دەگۆڕێت؛ واتە جەنگ وەک (نمایش) دەستپێدەکات و بۆ (ڕاستی) دەگۆڕێت؛ چونكە جەنگ بەرهەمی گوتار و باوەڕە، نەكـ بەرهەمی ڕاستییەکی ماددی! بەمجۆرە کاتێک دەڵێت: (باوەڕ دەتوانێ هەموو شتێک بخولقێنێ) وەك ئەوە وایە بڵێ: مرۆڤ بە هۆی باوەڕەوە دەتوانێ جەنگ بنێتەوە، هەرچەندە دوژمنێکی ڕاستەقینەش نەبێت! بە دیوەكەی دیكە (باڵی خوێناویی کۆترەکان) ئەوە پیشان دەدات کە لەژێر کاریگەری جەنگدا، تەنانەت هێمای ئارامییش دەگۆڕێت... بەم شێوەیە شاعیر لە دەقەکەیدا جەنگ دەکاتە نمایشێکی شانۆیی... ئەگەرچی لە نمایشی شانۆییشدا ترسی ئەوەی هەیە ڕاستی تەواو لەناو بچێ؟!.
بێگومان ڕووداو پێویستی بە یەكگرتنە، بەڵام (با لە دەرگاكە بدەینەوە) وەك گوتار گەڕانەوەیە بۆ ناخی مرۆڤ؛ دەمەوێ بڵێم هەمیشە جەنگ پڕە لە دوودڵی، هەمیشە جەنگ ئەو پیلانانە جێبەجێ دەكات كە نەخشەی بۆ كێشراوە؛ بەڵام شانۆ- گێڕانەوەیە و بەسەرهاتەكانی خۆی دەگێڕێتەوە؛ دەكرێ (جەنگ) و (شانۆ)، (ڕوودا) و (گوتار) تەرجەمەی (شیعر) و (قەسیدەی پەخشان) بكەم و بڵێم: هەمیشە شیعر دڵ- لە دڵدانە، ئەوە دەڵێ كە دانراوە؛ بەڵام قەسیدەی پەخشان- گێڕانەوەیە، هەموو چركەكانی گوتار بە هی خۆی دەزانێ- كەواتە (با لە دەرگاکە بدەینەوە) لەنێوان شیعر و قەسیدەی پەخشاندا، بەرەو قەسیدەی پەخشان دەچێت.
بۆ دڵنیابوون، دەتوانم یارمەتی لە (ئونسی ئەلحاج- پێشەكی كۆمەڵە شیعری «لن» كە ساڵی 1960دا بڵاوبۆتەوە، وەردەگرم كە دەڵێ: (قەسیدەی پەخشان) پێویستی بە ئامرازی گێڕانەوە، وەسف، ئەزموون، جیهانبینیە... بەڵام لە (شیعر)دا شاعیر پێش خوێنەر دەكەوێت، چونكە ئەو ئامرازانە دەناسێنێ كە شیعری پێدروست دەكرێت؛ هەمیشە (شیعر) لەڕێگای لەرەی موزیكاوە دەچێتە دڵی خوێنەرەوە، بەڵام (قەسیدەی پەخشان) وەك ئەزموونێكی قووڵ و بەهێز بەو پڕشنگانە دەناسرێتەوە كە بڵاوی دەكاتەوە. بۆ زێتر شارەزایی لەبارەی شیعر و پەخشانە شیعر و قەسیدەی پەخشان، بڕوانە: أنسی الحاج، دیوان (لن)- المقدمە.گ3. دار الجدید. بیروت 1994 ص27. بۆ زێتر تەرجەمەكردنی ئەو قسانەش دەتوانی قەسیدە پەخشانی (با لە دەرگاکە بدەینەوە)ی (پەخشان عەبدولڕەحمان) بخوێنیتەوە.
كەواتە قەسیدە پەخشانی (با لە دەرگا بدەینەوە) گوزارشت لە درەوشانەوەی ناوەوەی مرۆڤ دەكات! بەڵام ترسی ئەوەش هەیە تەنها نمایشێكی شانۆیی بێت و بە ئاراستەی ئەوەی كە گوتراوە بڕوات، بە ئاراستەی ناسینەوە، نەك نزیکبوونەوە لە مرۆڤ... ئەوەش ئاوێتەبوونی شیعر و پەخشان، شانۆ و گوتار، ڕووداو و جەنگی لێدەكەوێتەوە.
بەڵام هەرجارێک لەسەر خوانەکە کۆدەبووینەوە
ئێمە زۆر شتمان هەبوو باسیکەین
ئەویش جەنگەکان.
ناسین
(کاتێک جەنگ نییە، جەنگ هەیە)
مرۆڤ لە مەیدانی جەنگدا بوونی دەكەوێتە لەرزەوە؛ لەنێوان جەنگ و جەنگێکی دیکەدا، ترسی ئەوە هەیە کە ڕاستییەکان تەنها «نوکتە» بن؛ بەم شێوەیە، (ناسین) بە مانای نزیکبوونەوە لە ڕاستی نییە، بەڵكە بە مانای بەشداربوونە لە جەنگێکی دیکەدا؛ بە مانای ئامادەیییە بۆ جەنگێکی تر! بۆیە کاتێک جەنگ نییە، جەنگ هەیە.
لەو کاتەی جەنگ هەیە، مرۆڤەکان باشتر دەناسرێن، نەک ئەکتەرەکان! هەرچەندە تۆنی جەنگ بەرز بێتەوە، مرۆڤ بێدەنگتر دەبێت، کە مرۆڤ لە مەیدانی جەنگدا کۆنترۆڵ دەکرێت، دەسەڵات شانازی بە سەرکەوتنەکانی دەکات؛ بەمجۆرە، (ناسین) لەنێوان ڕاستی و ساختەدا هیچ جیاوازییەکی ڕوون بەجێناهێڵێت؛ و کەس دڵنیا نییە لەوەی: لە (نوکتە)یەکەوە نەکەوێتە ناو مەیدانێکی دیکەی جەنگەکان.
لەنێوان ڕاستی و ساختە، جەنگ و گێڕانەوە، ڕووداو و گوتاردا، (ڕەنگە هیچ کات سەیری نەکردبێتین) بەم مانایەش دەشێ بپرسین: بێ ئەوەی کەسمان سەرنجمان لە شوێنێک جێبمێنێ: ئایا دەکرێ لە گوتاری قەسیدەی پەخشان دەربچین؟ یان قسەکردن لە قەسیدەی پەخشان، مەسافەیەک لە موزیكای ناوەوەی شیعری نزیک دەبێتەوە؟ ئایا بنەمای شیعر پەخشانە؟!
بەڵام هەرجارێک لەسەر خوانەکە کۆدەبووینەوە
ئێمە زۆر شتمان هەبوو باسیکەین
ئەویش جەنگەکان
دەشێ جەنگ ڕەگەزێک لە ڕەگەزەکانی گێڕانەوە پەیڕەو بکات، بەوەی کە ریتمەکانی جەنگ هەموو ڕەگەزەکانی گێڕانەوە لە ئاستێکی باڵای موزیكییدا بەلای خۆیدا ڕادەکێشێت؛ بەوەی کە تۆنە بەرزەكانی جەنگ ئاستە باڵاکانی زمان دەجووڵێنێت؛ بەوەی کە لە جەنگدا سنووری نێوان بینین و بێدەنگی، موزیكای دەرەوە و ناوەوە نامێنێت؛ بەڵام بەدیوەكەی دیكە- ئەگەر ڕاستگۆتربم- قەسیدەكە لەبری ئەوەی گوزارشت لە گەڕان بەدوای واتادا بکات، بەدوای چڕییدا دەگەڕێت.
دوای ناسین
(کاتێک نزیک دەبین، دووردەکەوینەوە)
دەرگای هۆڵەکە داخرابوو، و شانۆکە گەیشتبووە کۆتایی... هیچ چەپڵەیەک نەبوو بۆ ئەم کۆتاییە چاوەڕواننەکراوە، و ئەو بێدەنگییەی پاش شانۆکە؛ ئەو بێدەنگییە وەک بەشێک لە خودی شانۆکە درێژە دەبۆوە! کورسییەکان وەک ئەوەی لە چاوەڕوانی تەرمێکدا بن، ڕێکخراو و بێجوولە مانەوە.
ئێمە کەی گەیشتینە ئێرە؟
هەڵبەتە ئەم کۆتاییە کۆتایییەک نییە بە قەبارەی ڕووداو، بەڵكە کۆتایییەکە گوتار تێیدا باڵا دەستە؛ كۆتاییەكی موزیكی نییە، گێڕانەوە تێیدا بەرجەستەیە؛ بەمجۆرە کاتێک (باشتر ئاشنای یەکین)، زیاتر بێدەنگ دەبین و دوور دەکەوینەوە؛ واتە هیچ شتێک کۆتایی نایەت، بەڵكە بۆ بەردەوامییەکی بێدەنگ دەگۆڕێت! لەو فەزایەدا، درەختەکان بەهۆی گەرمییەکی زۆر، یان هەر هۆکارێکی نادیار، لە گەشە وەستابوون؛ تەنانەت سەوزبوونیش وەک وێنەیەکی وەستاو دەردەکەوێت، وەک ئەوەی ژیانیش خۆی لەژێر کۆنترۆڵێکی نادیاردا بێت... كەواتە (ئێرە)ی پرسیارەكە زیاتر لەوەی پرسی شوێن بێ، پرسی ناسینە! لەناو ئەو فەزایەدا، کاتیش وەک نواندنی بێدەنگی دەبینرێت، نەک وەک بینینی دڵنیاکەرەوە...
قسەکانمان گۆڕابوون بۆ هیواخواستن بۆ یەکتر
ئایا دەکرا دووبارە خۆمان بە یەکتر بناسێنینەوە؟
دواجار لەو خوێندنەوەیەدا، ئەو هیواخواستنە وەک هەوڵێک دەردەکەوێت بۆ شاردنەوەی ئەوەی کە پێشتر لە بینینی (کەشە سارد و باراناوییەكە) ڕووی داوە، نەک لە نمایشی بێدەنگی جەنگ! ئایا دەکرێ دووبارە یەکتر بناسینەوە؟ یان تەنها دەتوانین شێوازێكی نوێی بێدەنگی بۆ بینین بدۆزینەوە؟! چونكە بە ئەگەری زۆرەوە، هیچ دەرگایەک بە کراوەیی جێ نەماوە، هیچ بێدەنگییەك بینین نییە، وەک ئەوەی دەرگا لێرەدا نە تەنها شتێکی فیزیکی بێت، بەڵكە هێمایەک بێت بۆ ئەو سنوورەی کە لەنێوان نزیکبوون و دوورکەوتنەوەدا دەجوڵێت؛ دەرگای چاوەکانت لە ئاست هەموو شتێک داخستوون، و ئەو داخستنە خۆی وەک فۆرمێكی نوێی بینین دەردەکەوێت، نەكـ بێدەنگی.
لە کۆتاییدا، هەست دەکەم جەنگەکە بەشێکە لە هەریەکەمان؛ جەنگی ناخی مرۆڤ نە کۆتایی پێدێت و نە سەرەتای دیارە؛ بەو مانایە ئەو (قەسیدە پەخشان)ە دەلالەت لە گۆڕینی دەرگا بۆ بینین و دەرگا بۆ بێدەنگی دەكات؛ بە مانایەكی دیكە کاتێک نزیک دەبین، بە شێوەیەکی سەیر دوور دەکەوینەوە؛ نەكـ لەبەر ئەوەی دوژمنین، بەڵكە لەبەر ئەوەی فەزای ناسین بۆ فەزای بنین- دەرگا بۆ بێدەنگی گۆڕاوە؛ بەمانایەكی دیكە ناسین و بینین دوو فەزای یەکسان نین، بەڵکو دوو ئاستی جیاوازن لە تێگەیشتن، چونكە بینین ناتوانێت ڕاستییەکانی ناوخۆ بناسێنێ؛ بۆیە لە قەسیدەکەدا فەزای ناسین فەزایەکی نائاسودەیە، کە تێیدا مرۆڤ هەمیشە لەنێوان (بینین) و (نەناسین)دا جێ دەمێنێ؛ وەكـ چۆن (دەرگا) لە قەسیدەکەدا تەنها شتێکی فیزیکی نییە، بەڵکە هێمای سنوورە، سنوور و بێدەنگی پێکەوە فەزایەکی داخراو دروست دەكەن، کە تێیدا هەوڵی کردنەوەی دەرگا دەبێتە بەشێک لە داخستن؛ كەواتە دەرگا وەك سنوور دەبێتە نیشانەی ئەو سیستەمەی کە مرۆڤ تێیدا دەژیت، و بێدەنگی دەبێتە زمانی ئەو سیستەمە، (با لە دەرگاکە بدەینەوە).
تێبینی:
پەخشان عبدولڕەحمان، ساڵی ١٩٩٣ لە شاری هەولێر لەدایک بووە. مامۆستای زانکۆ و توێژەرە لە بواری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان. چەند ساڵێکە شیعر دەنووسێت و لە چەندین ڕۆژنامە و گۆڤار شیعرەکانی بڵاو بوونەتەوە.
(با لە دەرگاکە بدەینەوە) لە ماڵپەڕی باڵندە وەرگیراوە.
ئەو بابەتەم لە دواین ژمارە 22ی گۆڤاری وانەر بڵاوبۆتەوە
