هەمزە گوڵانی

 

بە دەم پرسیار کردنەوە ژاکام

کەی ئەو سنورانە هەڵدەگیرێن

کە لە نێوانی من و تۆدا

خەریکە ببنە دەردی موفاجا.

خۆ داوای عەرشم نەکردووە

تەنها دەمەوێ،

 "خۆم و خاک و خودا"م هەبن!

بێ خاک و خودا،

 ڕۆیشتنم کێشەی تێکەوت

هەنگاوەکانیش پرسیار لە یەک تر دەکەن

بۆ هەر نەگەیشتین؟...

تەماشا کردنم ئاڵۆز بووە

نیگاکانم خوێن کەوتە نێوانیانەوە

بەخاک دەڵێم؛ ئەو هەموو پرسیارەم چاندووە،

وەڵامێک نەڕوا

بە خودا دەڵێم؛

مەگەر کاتی نەهاتووە ئایەتێکی تر دابەزێ؟

هەموو ڕۆژێ؛

کۆیلایەتی دەخەمە ناو تەنەکەی خۆڵ

دەڵێی پشیلەیەکی چڵێسە

کە لە پاشماوەکان تێر بوو

میاو میاو لە پەنجەرەوە سەرەتاتکێ دەکات!

کویلەی ئەقڵم کوشت و نێژرا

سەرکێش بووم،

 داوام لە کەس نەکرد بمبەخشێ...

بە سەرتەرمی کۆیلەی خەیاڵمدا ڕۆیشتم

گیانی لە بەردا نەمابوو

هەرزوو پیلانێکم لە کۆیلایەتی وەهم دانا

بە "دوورە داو" گرتم

ئیستا لە هەموویان ئازادم

لێ

هەر چەند ئەکەم،

یار وای داگیر کردووم

ناتوانم لەکۆت و بەندی سۆزی دڵ بێمە دەرەوە!


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا