ئاغا و شێخ و دەوڵەت

بەهار دەڵێن کاتی خۆی هاتوون تا بەرەبابی ئێمە بکەن بە ئاغا و شت، بەڵام نەکراونەتێ و بەرەکەی ئەولاکراونەتێ.

جا بۆ ئەو نەبوون بە ئاغایه دوو گێڕانەوە و ڕیوایەت هەیه،

یەکێک دەڵێت:کاتێک جەماعەتی حکومەت هاتن تا پلەی ئاغایەتی بە باپیرە گەورەمان ببەخشن، بینیویانە یەخەی کراسەکەی جیقی کێشکەی پێوەیە، گوتوویانە:بابڕۆین کاکە، ئەوە بە کەڵکی ئاغایەتی نایە.

قسەی دووەم دەڵێت: نەوەڵا، لەجیاتی ئەوەی کاوڕ و بەرخ بۆ  جەماعەتەکە سەرببڕدرێت،  توو و ڕوونیان بۆ لێنابوون.

بەهار ئەی لە خۆت نەپرسیوە تا ئێستا، بۆچی کە مناڵ بووین، هەموو جار قەدەم خێری کچی معەی و منداڵانی تر، جوێنیان پێ دەداین، دەیانگوت:بەرەماڵی توو و ڕوونی؟

ئەوە لەگەڵ ئەو بەزمەیان بووە.

بەهار هەر ئەو باپیرە یەخە بەجیق و گۆڕ بەگۆڕە، دەڵێن دووژمنداربووە و جارێک دوژمن بۆسەی بۆدادەدنێن و دەیخەنە فاقەوە. دەزانن خۆیەتی، بەڵام هەر بۆخۆشی لێی دەپرسن:تۆ فلان کەس نیت؟

ئەویش دەڵێت:بە خوای ئەمن جوولەکەی سندۆرێمە. هاهاها.

پێی دەڵێن:بەوخوایە، دەزانین سەت لەسەت تۆ ئەو دووژمنەی ئێمەی، بەڵام مادام خۆت کرد بە جوولەکەی سندۆرێ، ئەوە تۆمان بەخشی و گەردنی حەوت پشتیشت ئازابێت.

بەهار کتێبی "ئاغا و شێخ و دەوڵەت"ت خوێندووەتەوە؟

زۆر گرنگە هەموو تاکێکی کورد ئەو کتێبه بخوێنێتەوە.

چیم گوت؟

کوردی نەخوێنەوار و خوێندنەوە!

بەهار:من هاتووم تا سیستەم کوێخایەتی هەڵوەشێنمەوە و چی شێخ و مێخ هەیه، هەمووی بە مێژوو بسپێرم و

 و عەرزی هەرچی خێڵ و مێڵتانە وێران بکەم.

سەدان ساڵە، خێڵ و ئاغا و شێخ و پیاوانی ئایینی و دەسەڵات،  هەرچوار لای بوونی خەڵکیان کۆنترۆڵ کردووە و ژیانی مرۆڤەکانیان کردووە بە قەفەس و ژەهر و جەهنەم، و ئازادی و هۆشیاری تاکەکانیان تیرۆر کردووە.

بەهار:

ئەو بتانە، بەردەوام ویستوویانە کۆمەڵ وەکو مێگەڵ بمێنێتەوە و هۆشیار نەبێتەوە.

ئێ ئەوە لە بەرژەوەندی ئەواندایە و دەسەڵاتی ئەوان، لە مەڕبوون و مێگەڵ بوونی گەلدایە.

ئەو ئاغا و شێخ و سەرەک خێڵ و پیاوە ئایینیانیەی ئێستا دەبینیت چۆن شوێن سێبەری دووژمن و قنی بەعسی سەگباب کەوتوون و نۆکەری و گەوادی و سیخوڕی و جاشایەتی لە دژی بزووتنەوەی کوردایەتی بە ڕابەرایەتی بارزانی و پێشمەرگە قارەمانەکان و خەباتی شاخ دەکەن و بوون بە پینەدۆزی پێڵاوی حەسەن بەکر و  تابووری پێنجەم. بۆ عێراق و  بەرژەوەندی بێگانە و لە دژی شەڕەف و نیشتمان و گەل و نەتەوەکەی خۆیان و قەحپە بابی و  خۆفرۆشی دەکەن.

بەهار من نازانم دەمێنم تا ئەوکاتە، یاخود نا، بەڵام

دڵنیام کاتێک کوردستان ئازاد دەبێت، هەر ئەو گەوادانە دێن و خۆیان لە خەڵک و خوا و خاک دەکەن بە سۆپەرمانی فەلسەفەی هزری نەتەوەیی و قارمانی کوردایەتی و  پاڵەوانی نێو دوو توێی چیرۆک و ڕۆمان و داستانە نەتەوەییەکان و  بەرخودان و  نیشتمان دۆستی و نەتەوەپەروەریی بە خەڵک و خوا و هەموان دەفرۆشنەوە و تەکیانە و دیوەخانانە و خێڵخانە و گووخانە و بندیوارخانە و شتیان بۆ دەبڕدرێتەوە.

وای لە حاڵتان. وای لە گیان و تەکیە و دیوەخان و خێڵخانە و  ماڵتان، گەرمن ئەوکاتە زیندووبم.

بەس ببینن سەروین چیتان لێدەکات و چی پەندێکتان پێ دەگێڕێت.

قەسەم بە خوێنی شێخ سەعیدی پیران و شێخ ئەحمەدی بارزان و هەموو شەهیدانی ڕێگای ئازادی لە هەرچوار پارچەکەی کوردستان، گرووپێک بەناوی(جاشتڕێنان)لە کچانی وڵات دروست دەکەم و گووی دەکەینە ناو دەمێ مێژووە گوواوی و حیزەکەتان و بەو دەستانەی خۆم گڕ لە هەرچی دیوەخان و تەکیە و شێتخانە و شتخانەتانە بەردەدەم، هەی جاش و خۆفرۆشینە. 

بەس نییە بوون بە سوارەی حەمیدییە و کەواسووری سوڵتان و پێش قافلەی بەعسی شۆڤێنی و شۆڤڵی نەیار کەوتن و هەزاران دێتان وێران کرد و سەدان ڕۆڵەی کوردتان بەگرتدا و ڕادەستی میقسەڵەی مەرگ و گەرووی ئەژدیهای عەرەبی داگیرکەر کرد.

ئینجا بەوەش نەوەستان و دێن و دژی هونەرمەندی مەزنی گەلەکەمان"تەحسین تەها" لە شاری موسڵ دەوەستنەوە و

مامەحەمەیی بۆ بەعس دەکەن و لەسەر ستەیج و لە کاتی گۆرانی چڕین، تووشی ئازار و لێپێچینەوەی بەعسی باوکتان و ناڕەحەتی نەیارانی خاک و وڵاتمانی دەکەن و مانای گۆرانییە شۆڕگێڕ و مەجازییەکەی تەحسین تەهای قارەمان و پێشمەرگەی شار، بۆ جەللادەکانی بەعس دەکەن تەرجمە و دەبن بە وەرگێڕ و چڵکاوخۆر و گەوادی عەرەب و بەعس و خێرا واتای ئەو گۆرانییەی هونەرمەندی مەزن دەکەن بە عارەبی و بەو ئەفسەرە جەللادەی ئەوێ دەلێن:سەیدی سەیدی، تعرف شتگول هازالفەننان ئەلئینفیساڵی؟ هووە یەمدەح ئەلعوسات و وەلمەخڕڕیبین(پێشمەرگە) وە قەسدوهو مین کەلیمەت(چیایێن تە) ئەلجیبال، هوە ئەلپیشمەرگە، وە مین کەلیمەت (چریکا بولبولێن تە) صوت بلابلك، هووە دەنگێ شەهیدان، (سەوتو ئەلوشەهداء) حەسەب قەولیهی وە قەناعەتیهی، وەمین کەلیمەت (عەورێت  عاسمانا) هو غەزەبو ئەلشعبولکوردی مین شیمال، زدە نیزامونا ئەلغالی،  وەمین (ڕەنگ و خەملێن تە) هووە ئەلوان (ئاڵایێ کوردستانێ)، عەلەم کوردستان وە مین (تیشکێن چاڤێن تە)  قەسدوهو سەیدی، حودوس  سەورە فی ئەلموستەقبەل في شمالونا ئەلحەبیب فی ئەلعیراق.

هەی زمانحاڵی بەعس و وەرگێڕانی عارەب و گەوادینە، هەموو کورد ئەوە لە بیربکات و خودی بارزانی بڕیاری لێخۆشبوونتان بۆ دەربکات، بە خوێنی شەهیدانی ڕێگای ئازادی، سەروین هەرگیز، ناتانبوورێت.

تەنانەت ئەگەر خۆتان بە پەردەی کەعبەیشەوە هەڵبواسن و بڕۆن هەر سەد و بیست و چوار هەزار پەیامبەر و خودای گەورەش لەگەڵ خۆتان بێنن و بیکەن بە شەفاعەت کەر و تکاکارتان، لێخۆشبوونتان مەحاڵە و دەبێ تۆڵەی ئەو هەموو جاشێتی و گەوادی و وەرگێڕی و مامەحەمەییەتان لێ بکەمەوە و حەوت پشت و نەوەیترتان دادگایی بکەم و بە جامانەی دواین سەرۆک خێڵ و جاش و ڕەفیق حیزبی و موستەشارتان، دواین شێخ و ئاغاتان بخنکێنم.


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا