هەمزە گوڵانی

 

منداڵی ئاو

بە ڕۆخ بارانەوە هەر دەڵێی مردووە

قۆندەرەکانی کوڕی با سبوغ دەکات.

منداڵی با

له پەنجەرەی ڤێللایەکی ڕوو لە دەریا

نیگای بەرداوەتە گیانی شەپۆلەکان

منداڵی ئاو،

برسێتی فێری خواردنی خەمی ڕۆژی کردووە.

منداڵی با لە پشتی هەورەکانەوە،

بازرگانی بە ڕۆژەوە دەکا.

باوکی منداڵی ئاو

لە تەمەنی پەنجا ساڵیدا بووەتە قەموور

لێ

گەورەتر لەوەتەمەنە،

  باوکی منداڵی با لە ئوتێلێکی نەجمەدار

خۆی بۆ کچێکی مەساجکار ڕاخستووە!

باوکی منداڵی ئاو

لە خانووی کرێدا مانگ لە سەریکردووە بڕوا

باوکی منداڵی با بۆ سەماکردن

دەیباتە مەلهاکان...

باوکی منداڵی ئاو

 بستێک خاکی نییە زەوت نەکرابێ،

خاکفرۆشە باوکی منداڵی با.

ئەی منداڵی ئاو

دایکت داماوە، بۆ داماویت و

بە دیار پایزەوە تای زستانی گرتووە

دەڵێ کوڕم زریان گەلێ زویرە!

هۆی منداڵی با؛

دایکت خۆی بۆ ئەو شەوە ئاهەنگانە

ئامادە کردووە

کە پایز بەدیاری بۆی ناردون

دەڵێ نەسیم ئارەزووی جوڵاندووم.

منداڵی ئاو چەند حەڵاڵە،

منداڵی با چ حەرامزادەیەکە!

دەوەرە باوکی منداڵی ئاو؛

با ئاگرێکی نەرم

بە خاشاکی ڕابردوو بکەینەوە

غروریەتی باوک و دایکی منداڵی با بسووتێنین!


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا