.شنیا عەبدولمەجید
تۆم نەبا چیم دەکرد!
ئێوارە نارنجیەکانم بەخەم دەسپارد
ساتە ئارامیەکانم بە جەنگ و...
سپێدە ڕوونەکانیش بە تارمایی مەرگ!
تۆم نەبا... چیمدەکرد؟
هەناسەم بۆ سەقەرو.. سینەم بۆ ژانە ئەبەدیەکانی فیراق!
هەشم وەسەر، تۆم نەبا دەبوو قوڕ پێوان کەم،
تەنانەت سێبەریشم ڕەنگی تارمایی مەرگی دەپۆشی،
کراسەکانی بەریشم لێ دەبوون بە خەم!
تۆم نەبا، چیمدەکرد؟
هەناسە سەردو... بێ کەس و داماو
واوەیلا لەخۆم! با تۆم نەبا، ئەوجا تامی خۆشنودی
خۆشاوەکانی بەهەشتم لەسەر ڕووی زەوی بنۆشیایە!
ئۆفففففف، چەنێک لێکدی دوور دەبوون خۆشبەختیم و... دڵنەوازیم بێ تۆ!
ئایی چەنێک بریندار دەبوون خەون و...خەیاڵەکانم!
سوێندت بۆ دەخۆم، لەو قەرەقۆزە دەچووم،
کە خەڵقی دەخستە پێکەنین و...
کەچی خۆیشی لە کۆتایی شۆستەیێکدا، بە نهێنی چاوەکانی دەسڕی!
من بێ تۆ هەتیوانە ڕێم دەکردو...
مناڵانە دڵە نازگەکەم ئەکەوتە گرین
ئایی خودایە، من نانم دابوویە چی هەژارێ!
تا ئاوا پڕ بەختانە دەرگات لێ ئاوەڵڵا کردم و...
"ئەو " ی جوامێرت، خستە سەر ڕێی نەهامەتیم!
من بێ ئەو...
وێنەی ژنێک بووم، کە لەسەر دیوارێک دروستکرابێ،
وێنەیێک.... کە درزی زۆری دیوارەکە،
هەموو بەشی جەستەی ئەو ژنەی پێکابوو!
دیار بوو زۆر بە ڕوونی کە ئەو ژنە، نەک ڕۆح....
بگرە وێنەکەیشیان پێڕەوا نەدەبینی!
من ئاوا خمخانەبووم بێ تۆ...!
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
شنیـا عەبدولمەجید