
ئەم کتێبە کە لەنووسینی ( مەجید هەرشەمی) یە، باس لە یەکێک لە هەستیارترین، ئاڵۆزترین و چارەنووسسازترین بابەتەکانی مێژووی هاوچەرخی کوردی دەکات، ئەویش کێشەی (ناسیۆنالیزمی کوردی) و ململانێی ناوخۆیی نێوان دیدگای نەتەوەیی گشتگیر (کوردستانی بوون) و دیدگای بەرتەسکی (هەرێمچییەتی)یە. ئەگەر بەووردی سەرنج بدەین دەبینین (کاریگەریی ناسیۆنالیزم) و لەلایەکیتریش جۆرێک لە (ڕەشبینی) بەسەر ڕۆح و تێڕوانینی نووسەردا زاڵن،
سەبارەت بە لایەنی ناسیۆنالیستی، نووسەر باس لەوە دەکات کە مەبەستی سەرەکی لەم لێکۆڵینەوەیە پەرەپێدانە بە بیری نەتەوەیی و هۆشیاریی نەتەوەیی، هەروەها دەیەوێت بزووتنەوەی کوردی لە تەڵەی هەرێمچییەتی و ناوچەگەرایی دەرباز بکات و بیباتە ئاستی کوردستانی بوون و نەتەوەییەوە. ئەمەش خۆی لە خۆیدا نیشانەی باڵادەستیی گوتارێکی ناسیۆنالیستیی ڕەخنەگرە کە پێیوایە کێشەی سەرەکیی کورد لە دابەشبوونی ناسیۆنالیزمەکەیدایە بۆ چەند پارت و ناوچەیەکی بەرتەسک.
نووسەر هەوڵی داوە لێکۆڵینەوەکەی دابەش بکات بەسەر چەند بەشێکی سەرەکیدا تاوەکو بە شێوازێکی زانستی و مێژوویی پرسەکە هەڵسەنگێنێت.
لەبەشی یەکەمی کتێبەکەدا، نووسەر تیشک دەخاتەسەر ناسنامەی نەتەوەیی کورد و مێژووی سەرهەڵدانی بیری ناسیۆنالیزمی کوردی و تێڕوانینی جیهانی بۆ ئەم بزووتنەوەیە، هەروەها چۆنیەتی تێکەڵبوونی هۆکارە ئایینی، فیکری و کۆمەڵایەتییەکان پەیوەست بە نەتەوە.
لە بەشی دووەمدا باس لە قۆناغە مێژووییەکان دەکات، لەوانە ناسیۆنالیزمی کوردی لە سەردەمی عوسمانی، قۆناغی جەنگی جیهانیی یەکەم، ڕووداوەکانی ئەوکات، وەک کۆماری کوردستان لە مەهاباد، شۆڕشەکانی شێخ مەحموود، بارزانی و ئەوانیترو چۆنیەتی کاریگەریی فاکتەری دەرەکی لەسەر لاوازکردن یان بەهێزکردنی بزووتنەوەکە.
لەبەشی سێیەمدا، تیشکی خستۆتە سەر مەترسییەکانی هەرێمچییەتی، پارچەپارچەبوونی سیاسی و فیکریی نێوان گرووپ و حزبە کوردییەکان و چۆنیەتی گۆڕینی ئاڕاستەی خەباتی نەتەوەیی بەرەو بەرژەوەندی بەرتەسکی حزبی و بنەماڵەیی و ناوچەیی.
ئەگەر لەڕوانگەی ئەکادیمییەوە باس لە جیاوازی و پەیوەندیی نێوان (کوردبوون) و (کوردستانیبوون) و (هەستی نەتەوەیی) بکەین کەناوەڕۆکی کتێبەکەیە، پێویست بەوە دەکات بچینە ناو قووڵایی ناسنامەناسی و فیکری سیاسییەوە، بۆ نموونە (کوردبوون) زیاتر ڕەهەندێکی ڕەسەن، کلتووری و سروشتیی هەیە، واتە ئەو بوونە زمانەوانی و کۆمەڵایەتییەیە کە تاک پێی لە دایک دەبێت، بێ ئەوەی پێویستی بە بڕیارێکی سیاسی هەبێت. بەڵام (کوردستانیبوون) چەمکێکی جوگرافی _ سیاسی فراوانترە، خاکی کوردستان وەک قەوارەیەکی هاوبەش کۆکەرەوەی هەموو پێکهاتەو ناوچەکانە، تێڕوانینێکە کە لە سنووری بەرتەسکی لۆکاڵی دەردەچێت و گشتگیر دەبێت.
هەمووشمان دەزانین کەهەستی نەتەوەیی بریتییە لەو هۆشیارییە سیاسی و فیکرییەی کە دەبێتە بزوێنەری خەبات، قوربانیدان و دروستکردنی ئیرادەی هاوبەش بۆ پاراستنی مافەکان و گەیشتن بە چارەنووسی نەتەوەیی.
بەکارهێنانی ئەم دەستەواژە ئەکادیمییانە دەتوانێت ئەو بۆشاییە پڕ بکاتەوە کە بۆچی زۆرجار خەباتی کورد لە قۆناغە جیاوازەکاندا تووشی کێشەی تێگەیشتن و پاشەکشە بووە، چونکە لێکدانی ئەم چەمکانەو تێکەڵکردنیان لەگەڵ هەرێمچییەتی و بەرژەوەندییە لۆکاڵییەکاندا، هەمیشە ئاڕاستەی خەباتی نەتەوەیی خستووەتە ژێر پرسیارەوە.
لێرەدا دەتوانین بڵێین خاڵە بەهێزەکانی کتێبەکە واتە (لایەنە ئەرێنییەکان) ئەوەیە کەنووسەر زۆر بەڕاشکاوانەو بوێری لە دەستنیشانکردنی کێشە ڕاستەقینەکان هاتۆتە گۆ، نووسەر خۆی لە باسی ڕووکەش دزیوەتەوەو پەنجەی خستووەتە سەر برینە قووڵەکەی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد، کە ئەویش جیاوازیی نێوان درووشمی نەتەوەیی گەورە و پراکتیکی حزبی و هەرێمچییەتییە.
هەرشەمی لە کتێبەکیدا پشتی بە میتۆدی مێژوویی و فیکری بەستووە، بەجۆرک هەوڵیداوە لێکۆڵینەوەکە، یان خستنەڕووی بابەتەکان تەنها (هەستەکی) نەبێت، بەڵکو لە ڕێگەی بەراوردکاری و گەڕانەوە بۆ قۆناغە مێژووییە جیاوازەکانەوە شیکاری بۆ بڕگەکان کردوەو هەڵسەنگاندن و بەراودکاری بۆکردوون.
لەهەمانکاتدا نووسەر هەوڵیداوە خوێنەر هۆشیاربکاتەوەو بیخاتە بەردەم بیرکردنەوەیەکی ڕەخنەیی قووڵ سەبارەت بەوەی بۆچی کورد بەدرێژایی مێژوو لە قۆناغە یەکلاکەرەوەکاندا هەمیشە تووشی شکست یان پاشەکشە بووە!
ئەم هەوڵە دەبێتە بنەمایەک بۆ تێگەیشتن لەو ئاریشە فیکری و سیاسییانەی کە لە مێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورددا هەبوون و نیشانی دەدات کە چۆن تێڕوانینی سیاسی و نەبوونی بەرنامەیەکی یەکگرتوو کاریگەری لەسەر چارەنووسی خەباتی سەربەخۆیی نیشتمانی هەبووە.
بەڵام هەروەک چۆن کتێبەکە لایەنی ئەرێنی تێدا بەدی دەکرێ بێگومان خاڵیشنییە لە پێچەوانەکەی کە ( نەرێنییە)... بۆ نموونە، کاریگەریی زاراوەی (هەرێمچییەتی و سنورەکەی)، بەبڕوای من لە هەندێک شوێنیدا نووسەر زاراوەکانی بە شێوازێکی توند بەکارهێناوە، بێ ئەوەی بە تەواوی ئاماژە بەو فاکتەرە دەرەکییە زەبەلاحانە بکات کە بوونەتە هۆی ناچارکردنی کورد بە پەنابردن بۆ لایەنە لۆکاڵییەکان (وەک دەسەڵاتی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی).
لەلایەکیتر لە باسكردنی قۆناغە نزیکەکان و پارتە سیاسییەکاندا، نووسەر جارجارە دەکەوێتە ژێر کاریگەریی هەڵسەنگاندنی سۆزدارییەوە، چونکە لێکۆڵینەوە لەسەر بزووتنەوەیەکی زیندوو کە هێشتا ململانێکانی بەردەوامن، کارێکی زۆر قورسە بۆ پاراستنی بێلایەنیی تەواو.
قسەکردن لەسەر ناسیۆنالیست و هەرێمچییەتی سەرەڕای گرنگیی لایەنی فیکری و سیاسی، پێویستی بە قووڵبوونەوەی زیاتر هەیە، دەبوو نووسەر زیاتر تیشکی بخستایەتە سەر فاکتەری ئابووری (ئابووریی سەربخۆ یان پشتبەستن بە دەوڵەتانی دروسێ) کە چۆن بنەمای هەرێمچییەتی و قۆرخکاریی سیاسی بەرهەم دەهێنێت.
نووسەر وێنەیەکی ڕەش و نائومێدکەر پێشکەش بە مێژووی خەباتی سیاسی و حزبیی کورد دەکات. بۆ نموونە،
کاتێک باس لەوە دەکات کە ناسیۆنالیزمی کوردی نەیتوانیوە بە تەواوی لە تەڵەی هەرێمچییەتی و ناوچەگەراییدا دەرباز بێت، یان لە شوێنێکیتردا ئاماژە بەوە دەکات کە چۆن ناکۆکی و پارچەپارچەبوون بوونەتە هۆی پاشەکشەی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد، هەستی ڕەشبینی و نیگەرانییەکی قووڵ بەرامبەر بە ئەزموونی سیاسی و ڕابردووی کورد بەدەستەوە دەدات.
کەواتە، دەکرێت بگوترێت نووسەر بە گۆشەنیگایەکی ناسیۆنالیستیی ڕەخنەگرانەوە سەیری مێژوو دەکات و لە هەمانکاتیشدا بەهۆی قورسی و دووبارەبوونەوەی شکستەکانەوە، تۆنێکی ڕەشبینی یان نیگەرانییەکی بەهێز لە نێو دەقەکانیدا ڕەنگی داوەتەوە.
لێرەدا خاڵێکی زۆر گرنگ هەیە کە ڕاستییەکی مێژوویی تاڵە. کاتێک مرۆڤ سەیری ئەو ڕێژە زۆرە لە قوربانیدان، کارەسات، و ئەنفال و وێرانکارییە دەکات کە بەسەر کورددا هاتوون، لە هەمان کاتدا دەبینێت کە بەشێکی زۆری دەستکەوتە سیاسییەکان یان خەباتەکە لە ناوخۆدا تووشی پەککەوتن و دووبەرەکی، یان بەحزبیكردن و ناوچەگەرایی هاتوون، ئەمە وا لەمرۆڤ دەکات کە ڕەخنەکانی نووسەر نەک تەنها (ڕەشبینی)، بەڵکو تا ڕادەیەکی زۆر واقعبینانەو لەسەر بنەمای حەقیقەتێکی مێژوویی دەركەون. هەرچەندە جیاوازییەک هەیە لە نێوان (ڕەشبینیی بێبنەما) و (ڕەخنەی زادەی دەرد و تراژیدیا)، ئەوەی نووسەر دەیخاتە ڕوو، ڕەنگدانەوەی ئەو دڵشکانییە قووڵەیە کە لە مێژووی خەباتی کوردا هەیەو بەدی دەکرێ، کاتێک لەبری یەکڕیزی، ململانێی ناوخۆیی و هەرێمچییەتی سەری هەڵداوەو زۆرجار خەباتە مەزنەکەی لەکەدار کردووە یان تووشی پاشەکشەی گەورەی کردووە.
بۆیە، ئەگەرچی تۆنەکەی ڕەنگە توند یان نائومێدکەر دیار بێت، بەڵام نووسەر پشت ئەستوورە بەو ڕاستییە تاڵەی کە مێژووی بزووتنەوەی کوردی پڕە لە دەرفەتی لەدەستچوو بەهۆی پەرتەوازەیی ناوخۆییەوە. لەم ڕووەوە دەتوانین بڵێین کتێبەکە وەک ئاوێنەیەک وایە، کە ڕووی ڕاستەقینە و کەموکوڕییە ناوخۆییەکانی خەباتی دوورو درێژمان بە بێ جوانکاری نیشان بداو بیخاتەڕوو.
لەهەمانکاتدا دەکرێ ئەم کتێبە وەک سەرچاوەیەکی زۆر گرنگ و پێویست بۆ خوێندکارو توێژەران، یان هەرچاودێرێکی سیاسی کە دەیەوێت بە چاوی ڕەخنەگرانە لە مێژووی خەباتی سیاسی و فیکریی کورد بڕوانێت سوودی لێ وەربگرێت،
مەجید هەرشەمی بە وێناکردنی ئەم کێشەفیکرییەی نێوان (کوردستانی بوون و هەرێمچییەتیە)، پێویستی گفتوگۆیەکی نیشتمانیی دەسەلمێنێ بۆ تێگەیشتنی نەتەوەیی لە کوردستاندا بۆ ئەوەی لە بازنەی بەرتەسکی ناوچەیی و حزبی دەرباز بکرێت و ببرێتە ئاستێکی نەتەوەیی هۆشیارترەوە...
ئازاد جۆڵا / هەولێـر
