
بەڪـر تەیفور
ناونیشانی پەرتوکە چیرۆکێکی خنجیلانەی کاکە فەرمان حوسێنە، کە دوو ساڵ بەر لە ئێستا چاپ کراوە، و لە دوو توێی (١٤٠ ) لاپەڕەدایە.. کە نۆبەرەی ناوبراوەو ناوبراو گەنجێکی ئارام و بەسەلیقەی دەمبەخەندەو سادەیە، وەلێ چیرۆکەکەی چیرۆکێکی دوورو درێژەو بە نەفەسێکی قوڵ و حەوسەڵەوە وشەو ڕستەکانی هۆنیونەتەوە، کە چەند ڕەهەندێکی نایابی [ڕۆمانسی و کۆمەڵایەتی و ململانێی چینایەتی و هونەرییەکی باڵا] لە خۆ گرتوەو ڕازاندۆتەوە، بەدیدی ئەز ئەم چیرۆکە، هیچی کەمتر نییە لە نۆڤلێتەکانی نووسەرە گەورەکانی کوردو تەنانەت بیانییەکانیش، چونکەلە باری ڕۆمانسیەوە چیرۆکەکە لە نێوان باران و لەیلا لە پەیمانگەوە دەست پێدەکا و پاش ئەوینێکی پڕ لە هەورزاو نشێوی ئەو پەیوەندییە دوو ساڵییە، کە پڕ پڕە لە وەفاو ئەمەکداری باران بۆ لەیلای خۆشەویستی، لێ مخابن لە کۆتاییدا بێ وەفایی لەیلا ئەو ڕایەڵەیە وێران دەکاو هەموو پەیوەندیە تۆکمەیەی کە بە زەحمەتیەکی زۆر بونیاد نرابوون، بەتایبەت لە لایەن بارانەوە، لەیلا دەیانکا بەسەراب و دوای دراو و سامان دەکەوێ و باران بەجێ دێڵیت .. پاشان لە ڕەهەندە کۆمەڵایەتیەکەشەوە، باران بەماوەی ئەو دوو ساڵەی کە لە پەیمانگە دەبێ، بە ئاکارە بەرزو ڕەفتارە خاکەڕاییانەی، متمانەی زۆرینەی خوێندکارە کوڕو کچەکان و تەنانەت مامۆستاکانیشی بەدەستبێنێ ..
لەباری ململانێی چینایەتیشەوە کاکە بارانی خوێندکاری ڕووح سووک، کە کارەکتەری سەرەکی و کاریگەری نێو چیرۆکەکەیە، بە حوکمی ئەوەی بەیانیان لە کارگەیەک کار دەکاو پاش نیوەڕوانیش لە پەیمانگە دەخوێنێ، دەبێتە جێگای متمانەی وەستا نادری خاوەن کارگەکەو تەواوی کرێکارە هاوپیشەکانی کارەکەی ...وەلێ مخابن زۆر ناخاێنێت، خاوەن کارگەکە بەڕوودواێکی جەرگبڕ کۆچی دوایی دەکا، پاشان نوری شوێنی کاک نادری کۆچکردوو دەگرێتەوە، بەڵام ئەمیان ڕەفتار و مامەڵەی توندە لە گەڵ کرێکارەکاندا، ماوەی کارکردن زیاد دەکاو هەقدەستیانیش کەم دەکاتەوە، باران و هاوپیشتەکانی بەرامبەر ئەم ستەم و بێویژدانیانە، ماندەگرن و چەند داوایەک دەخەنە بەردەم نوری، لەوانە؛ زیادکردنی مووچەکان و کەمکردنەوەی کاتژمێرەکانی کارو وازهێنان لە وشەی زبرو هەست رووشاندن و گرتنی پاس بۆ هاتووچۆی کرێکارەکان و هەروەها دابینکردنی ژەمی خواردنی نیوەڕۆیان ...ئیدی پاش مشت و مڕێکی زۆر و هەڕەشەو گوڕەشە، بەڵام لە کۆتاییدا کرێکارەکان سەردەکەون بەسەر خاوەن کارگەداو مافەکانیان بەدەست دەهێنن ...
ماوەتەوە لە بوارو ڕەهەندی هونەریشەوە بڵێـــــــــم؛ کە بەڕاستی بە جۆرێک لە جۆرەکان دیمەنی جوان و ستاتیکاو میتافۆرو وێنای زۆر جوان جوانمان لە نێو لاپەڕە جۆراو جۆرەکانی چیرۆکەکەدڵ بەدی دەکەین و نووسەر زۆر ژیرانە ئەو وێنانەمان بۆ نمایش دەکا، بەڕاستی خوێنەری جددی لە چەندین وێستگەی جیاوازخۆی تیایاندا دەبینێتەوە ...
ئەم نۆبەرەیەی کاکە فەرمان حوسێن، ئاماژەیەکی زۆر باشە بۆ نووسەر، کە زۆر بە جوانی پێمان دەڵێ؛ لێرە بەدواپەرە بە بواری چیرۆک نووسین و تەنانەت ڕۆماننووسیش بداو بنووسێتەوە، بەدڵنیاییەوە تیایدا سەرکەوتوو دەبێ، بەڵام دەبێ بۆ بەرهەمەکانی ئاییندەی، هەوڵی کۆنترۆڵی هەڵەی ڕێنووسیان بکاو بدات، چونکە زۆرجار دەبنە مایەی تێکدانی ڕستەو ماناکان، پاشان داواکارم دەستی بەوشەوە بێت، چونکە دانانی وشە و جێکردنەوەیان لە نێو ڕستەدا هونەرێکی سانا نییەو هەموو مرۆڤێک ناتوانێت ئەو مامەڵە وردە پێڕۆ بکا، تا بەرهەمەکانی دی، تەمەن یار بێ، زیاتر تۆکمەتر و کەم هەڵە تر بن..
لە کۆتاییدا هیوای
سەرکەوتنی بۆ دەخوازم ..
هاوڕێت/ بەڪـر تەیفور
٢٠٢٦/٠٧/٢٨
