لە جیهانی ئەدەبدا، چیرۆک تەنیا ڕیزکردنی ڕووداوەکان نییە، بەڵکو گەڕانە بەدوای ئەو ساتە ناوازانەی کە تێیدا عەقڵ دەوەستێت و خەیاڵ دەست پێدەکات. چیرۆکی (من و کچە شێتەکە)ی نووسەر و سیناریست ئازاد خەمە، کە لەژمارە 21ی گۆڤاری وانەر بڵاوکراوەتەوە وێستگەیەکی گرنگە بۆ تێڕامان لەو سنوورە تەنکەی نێوان (ژیری و شێتی)، (واقیع و فەنتازیا). ئەگەر سەیری ناوەڕۆکی چیرۆک یان دەقی سیناریۆ (سیناریست)ەکەی من و کچە شێتەکە بکەین، زۆر بەڕوونی دەبینین ئەم دوو لایەنە، کەدوو پایەی سەرەکین لەجیهانی ئەدەب، سینەما و میدیادا پانتاییەکی قووڵ و فراوانیان لەناوەڕۆکی تێکستەکە داگیرکردووە، گرنگییەکەیان تەنیا لە گێڕانەوەی ڕووداوەکاندا کورت نابێتەوە، بەڵکو کاریگەریی قووڵیان لەسەر هۆشیاریی کۆمەڵگەو گەشەی کولتووری و تەنانەت ئابووریش هەیە. ​بۆیە نووسینی چیرۆک و سیناریۆ، وەک ئاوێنەی کۆمەڵگە دادەندرێت و ڕووحی زیندووی کولتوور و بیرکردنەوەی مرۆڤایەتی و شێوازی تێگەیشتنمان بۆ جیهانبینی دەگۆڕن. چونکە دابوونەریت، زمان، مێژوو و ناسنامەی نەتەوەیی دەپارێزرێت و بۆ نەوەکانی داهاتوو دەگوازرێنەوە. بۆ نموونە، چیرۆکێکی کوردی یان سیناریۆیەکی ڕەسەن دەتوانێت ئازار، هیوا و بەهاکانی کۆمەڵگەی ئێمە بە جیهان بناسێنێت.

من و کچە شێتەکە، ​خۆی لەخۆیدا پەیامێکی فیکری و کۆمەڵایەتیە، چونکە ​نووسەر یان سیناریست تەنیا بۆ کاتبەسەربردن نانووسێت، بەڵکو ئەو هاتووە کێشە قووڵەکانی کۆمەڵگە (وەک نادادی، پرسی ژنان، شەڕ، ئاشتی، و پەیوەندییە مرۆییەکان) دەخاتە ڕوو. وەک دەقێکی بەهێز دەتوانێت ڕای گشتی بگۆڕێت و هۆشیاریی کۆمەڵایەتی بەرز بکاتەوە. لەلایەکیترەوە هەموومان ئەم ڕاستییە باش دەزانین کەبنەمای سەرەکیی پیشەسازیی سینەما و دراما، یان فیلم و هەر شانۆگەرییەکی سەرکەوتوو بەبێ سیناریۆیەکی تۆکمە بوونی نابێت. سیناریۆ وەک نەخشەی تەلارسازی وایە، دەرهێنەر، ئەکتەرەکان و تەواوی ستافی تەکنیکی پشت بەو دەقە دەبەستن بۆ خولقاندنی بەرهەمەکە. لێرەوە گرنگییە ئابووری و هونەرییەکەی لە ڕەخساندنی هەلی کارو گەشەی پیشەسازیی کات بەسەربردندا دەردەکەوێت. جگە لەوە چیرۆک یان دەقێکی سیناریۆ دەبێتە هۆی پەرەپێدانی هاوسۆزیی مرۆیی، کاتێک چیرۆکەکان دەمانخەنە ناو کەسایەتییەکی ترەوە. یان کاتێک مرۆڤ دەقێک دەخوێنێتەوە یاخود سەیری فیلمێک دەکات، هەست بە ئازار و خۆشیی کەسانێک دەکات کە ڕەنگە هەرگیز لە ڕاستیدا ئەوانی نەبینیبێت، ئەمەش توانای تێگەیشتن و هاوسۆزی لە نێوان مرۆڤەکاندا زیاتر دەکات.

دەقی (من و کچە شێتەکە) تەنها گێڕانەوەی بەسەرهاتێکی سۆزداری نییە، بەڵکو دەقێکی چڕ و پڕە لە فەلسەفەی ژیان، لە ماناو ناسنامە. نووسەر لەم دەقەدا توانیویەتی لە ڕێگەی کارەکتەری (کچە شێتەکە)وە، سنوورەکانی نێوان عەقڵ و شێتایەتی، واقیع و خەیاڵ، بوون و نەبوون تێکبشکێنێت، نووسەر زۆر بەزیرەکانە ئەدەب وسیناریۆی ئاوێتەی یەکتری کردووە، بەجۆرێک توانیویەتی تەکنیکی وێناکردنی دیمەنی (چیرۆک، گێڕانەوەی بیندراو) بەسەر دەقەکەدا زاڵبکات. چیرۆکەکە پڕە لە جووڵە، کات و شوێن، کە بەزمانێکی ڕوون و دینامیکی داڕێژراون. بۆ نموونە کاتێک کەدەڵێت: (چوومە لای پەنجەرەکە پەردەکەم لادا... مانگ جۆخینەی کردبوو)، خوێنەر ڕاستەوخۆ دەگوازرێتەوە بۆ ناو دیمەنێکی سینەمایی کورت.​چیرۆکەکە بە قووڵی لەسەر پەیوەندی نێوان نووسەر (من) و کچەکە، (کە وەک ئاوێنەیەک وایە بۆی) هەڵوەستەی کردووە،  نووسەر لە ڕێگەی کچەکەوە خۆی دەناسێتەوە. ئەو گفتوگۆیانەی لەناو چیرۆکەکەدا هەن، گوزارشتن لە گەڕانی مرۆڤ بۆ مانا. ململانێی نێوان ویستی مرۆڤ بۆ عەشق و ترس لە مردن، ترس لە ونبوون و ترس لە دۆزینەوەی حەقیقەت، بە ڕوونی لە دەقەکەدا ڕەنگیداوەتەوە.

​لەلایەکیترەوە ئەگەر بەووردی سەرنج بدەین دەبینین تەوەری سەرەکی دەقەکە، فەلسەفەی (شێتی) و (عەشق) دایپۆشیوە.

​بەجۆرێک چیرۆکەکە لەجەوهەردا کار لەسەر هەڵوەشاندنەوەی چەمکی باوی کۆمەڵگە بۆ (شێتی) دەکات. گفتوگۆیەکی فەلسەفی قووڵ لە نێوان کارەکتەرەکاندا ڕوودەدات، بۆنموونە کاتێک دەڵێت شێتەکانیش لەدنیایەکی تایبەتدا دەژین، ئەوان لەجیهانێکی ڕاستەقینەدان، یاخود دەڵێت جیهانی شێتەکان جیهانی ڕاستگۆیی و پاکییە.

​لێرەوە نووسەر دەیەوێت بڵێت شێتی دابڕان نییە لە عەقڵ، بەڵکو پەنابردنە بۆ پاکییەکی ڕەها کە لەجیهانی (عاقڵەکاندا) وێران بووە. لەم چیرۆکەدا (عەشق و شێتی) دەبنە دوو چەمکی هاوتاو کاریگەر، کچە شێتەکە لەم چیرۆکەدا تەنها کارەکتەرێکی خەیاڵی نییە، بەڵکو هێمایە بۆ ئەو ئازادییەی کە لەناو کۆمەڵگەی داخراودا وەک (شێتێتی) لێکدەدرێتەوە. ئەو (شێتایەتیەی) ئەو باسی دەکات، شێتییەکی بەئاگایانەیە، یاخود جۆرێکە لە دابڕان لە واقیعێکی پڕ لە درۆ و ڕووکەش. ئەوکاتەی کەدەڵێت (دونیای شێتەکان دونیای ڕاستگۆیی و پاکییە)، بە تەواوی ئاوەژووبوونەوەی مۆراڵی کۆمەڵایەتی نیشان دەدات. لە ڕوانگەی فەلسەفییەوە، کچەکە ئەو "دیوی شاراوەی" مرۆڤە کە ئامادە نییە بە قاڵبە باوەکان ڕازی بێت.

لێرەدا دەتوانین لایەنە بەهێز و ئەرێنییەکانی دەقەکە لەوەدا بخەینەڕوو کە ​دیالۆگێکی قووڵ و سەرنجڕاکێش بوونی هەیە، زمان لەم چیرۆکەدا تەنها ئامرازی گێڕانەوە نییە، بەڵکو ئامرازی دەربڕینی فەلسەفەی ناوەکی کارەکتەرەکانە. ململانێی دەروونی لە ڕێگەی پرسیار و وەڵامە کورت و کاریگەرەکانەوە بەهێز دەردەکەوێ.

​لەلایەکیترەوە لە دەقەکەدا بەکارهێنانی هێمای تابلۆ وەک هێمایەک بۆ پێکەوەبوون و گفتوگۆکردن، دواتر تێکەڵبوونی ناسنامەکان بەکارهاتووە (کچە شێتەکە و کوڕەکە، ببوونە یەک کەس). ئەمەش ڕەهەندێکی سوریالی دەبەخشێتە چیرۆکەکە. لەوەش زیاتر بەیەکەوەبەستنەوەی دەقەکە لەگەڵ تابلۆکان هونەرێکی سەرنجڕاکێش و ناوازەیە، ئەم هاوشێوەسازییە لە نێوان شێوەکاری و چیرۆکدا، یارمەتی خوێنەر دەدات کە لەڕووی بینینەوە زیاتر لە کەشوهەوای تەمومژاوی و خەمناکی چیرۆکەکە تێبگات و گۆشەگیریی کارەکتەرەکە هەست پێبکات. بەتایبەت کە لەکۆتایی نامەی کچەکە نووسراوە، ڕۆژی هیچ/ مانگی هیچ/ ساڵی هیچ. لێرەدا نووسەر کات و شوێن سفر دەکاتەوە. ئەم تەکنیکە گوزارشت لە ڕەهاییبوونی خەم و عەشق دەکات کە هیچ سنوورێکی زەمەنیی نییە.

​لەهەمانکاتدا ئەگەر خوێندنەوەیەکی ڕەخنەییش بۆ دەقەکە بکەین دەبینین، زاڵبوونی زمانی ڕۆمانسی بەسەر واقیعدا دەردەکەوێ، هەرچەندە چیرۆکەکە ناونیشانەکەی ئاماژەیە بۆ حاڵەتێکی کۆمەڵایەتی یان دەروونی (کچە شێتەکە)، بەڵام زمانەکە زۆرتر بەرەو لایەنە ڕۆمانسی و شاعیرانە کێش دەبێت. لەهەندێک شوێندا داوای لێبووردن و خەمبارییەکە هێندە چڕ دەبێتەوە کە چیرۆکەکە لە واقیعییەتی خۆی دوور دەخاتەوە و دەیباتە خانەی مۆنۆلۆگی سۆزدارییەوە.

​ئەگەر سەرنج بدەین دەبینین کێشی دراماتیکی کارەکتەری ژن لەم دەقەدا (کچە شێتەکە) زیاتر وەک ئاوێنەیەک وێناکراوە کە پاڵەوانی دەقەکە (پیاوەکە) خۆی تێدا دەبینێتەوە، نەک وەک قەوارەیەکی سەربەخۆ کە خاوەن مێژوو یان پاشخانی دەروونیی تایبەت بە خۆی بێت. بەڵکو ئەو کاتێک دەبێتە جێی سەرنج کە دەچێتە ناو بازنەی عەشقی پاڵەوانەکەوە.

لەکۆتاییدا دەتوانین بڵێین چیرۆکی (من و کچە شێتەکە)ی ئازاد خەمە، تاقیکردنەوەیەکی سەرکوتووە لە تێکەڵکردنی زمانی سینەمایی و گێڕانەوەی فەلسەفی ‌‌_ ڕۆمانسی. هێزی دەقەکە لە گۆڕینی چەمکە باوەکانی وەک ڕاستی، درۆ، شێتی و عەقڵدایە، کە وایکردووە ببێتە دەقێکی شایستە بە خوێندنەوە و ڕامان و دراماو کورتە فیلم........

 

ئازاد جۆڵا / هەولێر


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسیfgdsgsdgsdfgsdgعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا