غەمگین بۆڵی

 

ژەهرت بەسەر هەنگوینی پەیڤەكاندا ڕژاند

ئارەقەی جەستەی ڕەشهەڵگەڕاو

تێكەڵ بە شەڕابی شەوی ژینم بوو

ئەوەندە مەست بووم 

دونیام لە پێش ئەو شیعرەیش لە بیر كرد

تەنیا یادەوەریی تۆ ئێسقانەكانمی بە پێستی ئەڤین داپۆشی

مەست بووم و تەنانەت ناوی خۆشم لە بیر چۆوە

تەنیا ناوی تۆ فیكەی بۆ ڕۆژانی تێپەڕیوم لێ دەدا

هەر بۆ ئەوەی مۆتكەی ئەو بەدمەستییە بەرمبدات

لە فەزای پەیڤەكاندا مەلەم كرد و

خۆم هاویشتە ناو دەریای بێ بنی شیعرێكی ( ئارتۆر ڕامبۆ)وە

هەر بۆ ئەوەی هەست نەكەیت پیاوێكی لاوازم

تاڵی ڕۆژ و

تفتی شەوم

قووت دەدایەوە

كە فەزای قسەكانیشمان زایەڵەی دەنگی تەقەی لێ هەستا

گوللە ئاسمانی ماڵەكەمانی كون كون كرد

قاوەی دەستەكانت

لەبەردەممدا سارد بۆوە

ئەڤینی گەرموگوڕت

بووە بەستەڵەكی جەمسەرەكان و

دڵم چەشنی كوژراوێك سارد سارد بۆوە

گوڵەكانی حەوشەش

بەفرێكی تووڕەی بەسەردا باری

هەموو هەبوونی پەیڤەكانت وێران كردن و

لەبەردەم شەبەنگی شیعردا خوێنت ڕێژتم

ڕۆحت لە ڕەندەی كوشتن دا و

لەناو مەرگێكی ناچاریدا بەسەر چاودا كەوتم و

بێ ڕووناكی

بەزۆری هەستامەوە

نوقتەی كۆتایی ئەو چیرۆكەم ڕەش كردەوە

دەستكاری پەیڤەكانی ڕۆژگاری خۆم كرد

وەك سەگ برینی شیعرەكانم بە زمان دەلێستەوە

وەك پشیلە بۆنی دەستەكانتم بە ئازار ناسییەوە

بۆ ئەوەی هەر وەفاداری پەنجەكانیشت بم

ئەڵقەكەت لە پەنجەمدا گوڵی لێ ڕوواوە و

پەنجەم لەناو ئەڵقەكەتدا گۆڕانی دەڵێت

ئەو ڕۆژگارانەی بەبێ ویستی من هاتن و

هەرگیز تێنەپەڕین

وەك پێڵاوێكی كۆن فڕێیان دەدەم

ساڵەهای ساڵ دركم بەوە كردووە

ئەڤینداری بەس لە زماندا كورت ناكرێتەوە

دەبێت لە شیعردا بچینە دەرەوە

بە خوێنی تەڕی پەیڤەكان داهاتوومان بنووسینەوە

ئەڤین قسەی ڕووت نییە/ سەلماندنی مستێك خوێیە لەناو بریندا

هەمدیسان بۆ هەبوونی تۆ / هەمدیسان بۆ ژیانی تۆ

ئەڤینی پاكی خۆم سەلماند و

ڕۆحی خۆم لەناو مەرگی تۆدا سەربڕی.


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا