گوڵشەن دلێر
(١)
لە سیمای مێژوویەك قووڵ دەبمەوە
لە سۆمەرەوە دەستیپێكرد
شارستانیەت، لە باوەشتەوە
بە جیهاندا پەخشان بوو.
كوڕە زاگرۆسی،
وردە ژاڵە لە نیهانت دەتكێ
بۆ سەر تەختی شانۆی مێژوویەك، ئاخیزگەی ژیارە
لە تۆوە دەستیپێكرد ئەڤین
ئەم سووڕی ژیانە
لە تۆوی یەكەم گەنم
بۆ منداڵدانی خاك دەستیپێكرد و
كۆتایی نایە
كوڕە زاگرۆسی،
سەرچاوەی ڕووناكی بوڵێڵی
كە خۆر هەڵهات
زۆر درەوشاوەیە ڕۆژم
(٢)
وەختێ بە باڵای مێژووێكی ڕەسەندا هەڵدەزنێم
خۆر هەڵدێ
بایەكی دین
بەرەو پێچی پرچی لوولت دەمبات
كە تێت دەئاڵێم
وێنەی كیاكساری (ماد)ت تیا دەبینم
لە قەدپاڵی شاخدا هەڵكۆڵراوە
كوڕە زاگرۆسی،
ڕەسەنیی تۆ تابلۆیەكی پڕ ڕەنگە
بە وێزەتەوە نەخشاوە
پێموایە ڕەنگەكانی گوڵوەنی
لەتۆوە تكاون
مێژوونووس وتوویەتی:
ڕەسەنێتی ئەو تابلۆیە
لە مادەوە درێژبۆتەوە و
بە هەناوی كوردەواریدا چۆڕاوەتەوە.