تەلیسی بەن

شۆڕش

 

بە دەوری خۆیدا دەخولایەوە. لە ناو حەشیمەتێکی چڕدا گەمارۆ درابوو. دەیڕوانییە جمەی قەرەباڵغییەکە و مرۆڤەکانی دەور و پشتی. واقی وڕ مابوو!

چەکدارەکان بە ڕەهێڵە فیشەک بەرەوڕووی خۆپیشاندەران تەقەیان دەکرد. پلاکاردەکان کون کون دەبوون و دەسمان. ئاڵاکان دەکەوتنە زەوی و لەبەر پێدا گنج و گرمۆڵە دەبوون و دەشێلدران. پەنجە مست‌کراوەکان لە وەستان دەکەوتن. منداڵە ساواکان لە باوەش بەردەبوونەوە و لە تەنیشت تەرمی دایکیانەوە هۆن‌هۆن دەگریان. سەربانی مزگەوت و باڵەخانەکان لیپاولیپ چەکداریان لێ جێگیر دەبوو. سواڵکەرەکان ڕایان دەکرد و دەسفرۆشەکان کەل‌وپەل و وردەواڵەکەیان کۆ دەکردەوە. پشیلەکان جێییان شک نەدەبرد، لێی بحەجمێن و مەلیچکەکان لەسەر هیچ سیم و لکەدارێک نەدەسرەوتن. فیچقەی خوێن، لەسەر سنگی کەلاکەکان بە دار و دیواردا دەپژا.

بەرەو دواوە و بە هەموو هێز و توانای خۆیەوە ڕایکرد. ڤینگەی فیشەکە یەک‌لەدوای یەکەکان لە گوێچکەکانیدا دەزرینگانەوە. فیشەک بەملاوبەولایدا و بە ناو قاچەکانیدا تێدەپەڕی و بەرپێ و سەرڕێی دەئەنگاوت. سەر دڵ و سنگ و کەلەکەکانی لەتاو ماندوویەتی وەژان کەوتبوون. لاقەکانی شل‌وکوت و هیلاک ببوون. ئەژنۆکانی لێک دەسوان و دەخورانەوە. وەها پشووسوار ببوو، هەناسەی نەدەژمێردران.

وەستا، داهاتەوە و دەستی بە ئەژنۆیەوە نا. بەدەم هەناسەبڕکەوە ئاوڕی دایەوە. شەقام قەڵاچۆی مرۆڤ ببوو. ئیتر کاروانی چەکدارەکان لەبەر کۆگای تەرم دەرنەدەچوو؛ تاوەکوو بە شوێنییەوە بن! کاتژمێرە باخەڵییەکەی دەرهێنا و چاوێکی لە سەعات کرد. لە باخەڵی نایەوە. داوێنی کەواکەی تەکاند و داهاتەوە؛ داوێنی پانتۆڵەکەشی تەکاند و قەیتانی پێڵاوەکانی توند و تۆڵ کردەوە. قۆڵی دوو لۆ هەڵکرد و پاشان ئارەقەی ناوچاوان و ڕوومەت و سینگی بە ملی کەواکەی سڕی. لەسەر کورسییەکی شەقامەکە دانیشت. پێچەکەی شۆر ببووەوە و لە کڵاو داکەوتبوو. کردییەوە و سەرلەنوێ لەسەر بەستییەوە. دوو دوگمەی سەرەوەی یەخەکەی کردەوە و ڕایوەشاند فێنکی بێتەوە. دەستی لە گیرفانی پانتۆڵەکەی خست و قوتووی تووتن و پەڕ و شەقارتەکەی دەرهێنا. پەڕێکی لەسەر ڕانی ڕاخست و چنجێکی تووتن بەسەردا کرد. پێچایەوە و بە لێوییەوە نا. چڵێکی شەقارتە دەرهێنا و بە قوتووەکەی داهێنا. گڕی نەگرت. شەقارتەیەکی‌تری دەرهێنا. لە قوتووەکەی خشاند و دایگیرساند. مژێکی قووڵی هەڵکێشا و خەیاڵ دایگرت:

- داخوا دەرچووبێت... یـــان... دوور بێت! دوور بێت!

- تۆ بڵێی لەناو کوژراوەکاندا... بڕوا ناکەم! نااا! کچی من ئازایە... ئەرێ... دڵنیام خۆی دەرباز کردووە و ئێستاش لەوانەیە گەیشتبێتەوە ماڵەوە.

سیغارەکەی نەختێکی مابوو؛ گشتی ببوو بە سووتوو. مژێکی قووڵتری هەڵیکێشایە ناخی سنگییەوە و بە دم و لووتیدا دەریدا. پاشان بە لێوار کورسییەکەوە کووژاندەوە. هەناسەیەکی حەسانەوە و ئەرخەیانی لەناخەوە هەڵکێشا و لەبەر خۆیەوە ئۆخەیشی وت.

*

بە گوڕەی چەکدارێک لە خەونووچکە ڕاچەنی:

- ێ‌مادە... هدف... شلیک!

دەنگی تاوانبارەکانی دەبیست کاتێک فیشەکەکان یەک‌لەدوای یەک لەشیانی دەپێکا و توێ‌توێ دەبوون و وەناڵین دەکەوتن. تەنانەت گوێی لە فیچقە و دەڵان و پڕژەی خوێنیان دەبوو؛ کاتێک دەڕژایە سەر زەوی! لە فیشەکەکانی یەکەم چرکەکاندا هاواریان لێ‌هەڵدەستا. دوای چەند چرکە بەکوڵتر دەیانناڵاند و پاش کەمتر لە خولەکێک، ئیتر دەنگیان تەواو کپ دەبووەوە... . هەر بەم ڕەوتە بە کۆڵەکەیان دادەبەستن؛ «فەرماندە» فەرمانی دەردەکرد و تەقە دەکرا. دەوەستان لە پەلەفرتێ بکەوێت و گیانی دەرچێت؛ ئەمجار کەلاکە ئەنجن‌ئەنجنە لەخوێنداشەلالەکەیان لە کۆڵەکە دەکردەوە و دەیانگوێستەوە؛ وە کەسی دواتر... .

وتەکانی تاوانبارەکان و چەکدارەکان لە مێشکمدا غارغارێنیان دەکرد:

- من بێتاوانم...! هیچم نەکردووە...!

- بژی ئازادی! بژی ڕزگاری!

- ێ‌مادە... هدف... شلیک! *

- توخوا مەمکووژن... ئەی هــاوااار!

- بمرێت داگیرکەر! نەمان بۆ داگیرکەر!

- ێ‌مادە... هدف... شلیک!

وە بەم ڕەوتە دیسان و دیسان و دیسان دووپات دەبووەوە.

*

جل‌وبەرگەکانی لە عارەقەدا خووسابوون. تکەی عارەقە بە لاجانگ و بە هێڵی پشتەمازەیدا دەتکایە خوار. پەنجەکانی هەڵدەلەرزین و مچوڕک و تەزوو گیانی داگرتبوو. خورپەی دڵی توند توند ببوو. کاتی بۆ داهاتنی نۆرەی خۆی دەژمارد... . جەنگەی داهات! پیلیان گرت و ڕاکێش ڕاکێش بەپیر کۆڵەکەی تیربارانیانەوە برد و بەستیانەوە. دوایین دیمەنێک کە بە چاو بینی، دیوی ژوورەوەی تەلیسێکی بەن بوو!

 

نۆڤامبری ٢٠٢٢

 

*لە فارسیدا بە واتای "ئامادەی تەقە بن"، "سێرە بگرن" و "تەقە بکەن".


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا