ئاراس سەعید

ئەگەر بمانەوێت لەبارەی ڕۆمانی (نامۆ -the stranger) ی (ئەلبێرت کامۆ) وە بدوێن، پێویستە گوزەرێک بەسەرەتاکانی ژیانی ئەم نووسەرەدا بکەین. چوون بەشێک لە ڕەنگدانەوەی ژیان و ئازار و ئەندیشەکانی لە ئایدیا و بیرۆکەکانی ئەم ڕۆمانەدا بەرجەستە دەبن. 

کامۆ لەبارەی منداڵییەوە بەم شێوەیە دەنووسێت:( وەکو منداڵانی سەردەمی جەنگی جیهانی یەکەم، لەگەڵ دەنگی دەھۆڵی جەنگدا بە ھەتیوی گەورە بووم، کە ژیانم سەراپا تەماشاکردنی درامایەک بوو لە کوشتن و بڕین و زوڵم و نادادی). 

ئەلبێرت کامۆ لە ٧ی تشرینی دووەمی ساڵی ١٩١٣دا لە شاری مۆندۆڤیی وڵاتی جەزائیر چاوی بەدوونیا هەڵهێناوە. خێزانی کامۆ جەزائیری نەبوون. باوکی خەڵکی فەرەنسا و دایکی خەڵکی ئیسپانیا بوو. وەلێ زۆرترین کاتەکانی ژیانی لەوڵاتی جەزائیر بەسەربردووە و هەر لەوێش کۆچی دوایکرد.

باوکی کامۆ کرێکاربووە لە کارگەیەکی مەی درووستکردن، لە کاتی ھەڵگیرسانی جەنگی جیھانیی یەکەمدا باوکی کامۆ بەشداری ئەو شەڕەی کرد و لە شەری ڕاماندا بریندارکرا و لەبەر سەختی برینەکەی کۆچی دوایکردووە. کامۆ سەرلەبەری ژیانی بینینی تراموای درامایەک بووە، پڕە لەدیمەنی ناڕەوایەتی و زوڵم و ستەم و نادادی کۆمەڵایەتی. ئەو پاش مەرگی باوکی بە هەژاری لە یەکێک لەگەڕەکە هەژارنشینەکانی بلکۆردا درێژەی بەژیانی داوە و تا هەلێکی بۆ ڕێککەوتووە بۆ خوێندن ڕویکردووەتە وڵاتی فەڕەنسا، لە فەڕەنساش ڕووبەرووی چەندین گرفت دەبێتەوە و بەتەواوی نامۆ دەبێت لەو کۆمەڵگە مۆدێرنەی کە باوەش بۆ هیچ مرۆڤێک ناکاتەوە. 

 کامۆ لە هەرزەکارییەوە درکی بە دابەشبوونی چینایەتی و گرفتەکانی شاری مۆدێرن و  زوڵم و ستەمی کۆڵۆنیاڵیزمی ئەوروپی کردووە، ئەمەش بە تەواوی لە ڕۆمانی (نامۆ) دا ڕەنگی داوەتەوە. 

ڕۆمانی (نامۆ) لەبارەی کۆمەڵگایەکی نادادپەروەر و بێ بەزەییەوە دەدوێت، کە جگە لە سزا هیچ پاداشتێکی پێ نیە بۆ هاوڵاتییەکانی. کۆمەڵگەیەک کە بەهیچ شێوەیەک تووشی دڵەخورپە و نیگەرانی نابێت، بەرانبەر ئازار و ئەندیشەکانی تاک، کۆمەڵگەیەک کە پەیکەری تاک دادەڕێژێتەوەو شوناسی کۆمەڵایەتی بەسەردا دەسەپێنێت. 

(مێرسۆ) کارەکتەری سەرەکی ڕۆمانەکەیە، لەو شوناسە کۆمەڵاییەتیە نامۆ دەبێت، کە ئەویتر بەسەریدا سەپاندووە. ئەو مرۆڤێکە ناتوانێت گرنگی بەهیچ شتێک بدات. ژیان بۆ ئەو هیچ مانایەکی نیە، نە خۆشەویستی بۆ ئەو مانایەکی هەیە، نە مەرگ. 

 بۆئەوەی ڕوونتر ئەم تێکستە شرۆڤەبکەین پێوستە کەمێک لەسەر چەمکی نامۆبوون ڕابوەستین.  نامۆبوون یەکێکە لەو تێمایانەی بەردەوام مشتوومڕی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە، لەسەرجەم کایەکانی بیری مرۆڤدا. وەلێ دەتوانین بڵێن ئەم چەمکە بۆ یەکەم جار لەلایەن فەیلەسووفی ئەڵمانی "فریدریک هیگڵ"ەوە، بەکارهێنراوە، ئەو  لە بارەی نامۆبوونەوە بەم جۆرە دەنووسێت: پڕۆسەیەکە کە (سوبێکت_مەردووم) خۆ بەخۆ تێدا دەبێتە بێگانە. ئەمەش ساتێک ڕوودەدەت کە ناتوانێت خودی خۆی ببینیت، لە وجیهانە کۆمەڵایەتییەی تێدا دەژیت[Phenomenology of Spirt. Hegls Phenomenology des Giestes...1807].  لەڕوانگەی ئەدەبییاتەوە، دەکرێت بەمجۆرە لەبارەی نامۆبوونەوە بنووسین: نامۆبوون پڕۆسەی درپێککردنە بەوەی سوبێکت خۆی لەو جیهانەدا نابینێتەوە کەتێدا دەژێت. بە دەربڕنێکی دی، پڕۆسەیەکە مرۆڤ نامۆ دەبێت لەو شوناسە کۆمەڵایەتیەی پێدراوە، چوون ئەو شوناسە هیچ گوزارشتێک لەناوەوەی مرۆڤ ناکات، بەڵکو تێگەشتنی ئەویترە لە ڕووی دەرەوەیدا سنوورار بووە.  لەم ڕوانگەیەوە (میرسۆ) هیچ گرنگیەک بە نۆڕم و نەریتەکانی کۆمەڵگە نادات، ئەو ئەرکە ڕاناپەڕێنێت کە کۆمەڵگە بەسەریدا سەپاندوویەتی، هیچ شتێک بۆ ئەو ماناییەکی نیە. مرۆڤێکی کەنەفتە و نا ئومێدە. نە عیشقی ژنێک مانا بە ژیانی دەدات، نە سزای مەرگ تووشی دڵەڕاوکێی دەکات. تەنانەت مەرگی دایکیشی هیچ مانایەکی بۆ ئەو نیە، سەرەتایی ڕۆمانەکە بەمەرگی دایکی دەستپێدەکات. (دایەمرد)! ئەو بۆ ئامادەبوون لە ڕێوڕەسمی بەخاکساپردنی دایکی پێوستی بە مۆڵەتە لە شوێنی کارەکەی. وەلێ هیچ غەمگین نیە. ئەو پێی خۆش نیە، دایکی لە ڕۆژی یەکشەمەدا مردووە، دەنا ناچار نەدەبوو بە داواکردنی مۆڵەت لەخاوەن کارەکەی. 

لێرەدا دەکرێت نامۆبوون لە نێو ڕەهەندێکی تری فەلسەفەدا شرۆڤەبکەین. ئەم تێکستە گوزارشتە لەنامۆبوون ی کرێکار لە سیستەمی کاری کرێگرتەدا، وه‌ك (کاڕڵ ماركس) لەبارەیەوە دەدوێت، نامۆبوون سه‌ره‌تا لای چینی كرێكار سه‌ریهه‌ڵدا، كاتێ كه‌ (لودییه‌كان) كارخانه‌كانیان ده‌شكاند، پێیان وابوو ئه‌م تۆپه‌ڵه‌ ئاسنه‌ سه‌رچاوه‌ی نه‌هامه‌تییه‌كانی کرێکارە، دواتر وشیاربوونه‌وه‌ كه‌ ڕه‌گی نامۆبوون سیسته‌می کاری کرێگرتەیە، كه‌ به‌ درێژایی ته‌مه‌ن ئیش ده‌كه‌ن، نابن به‌خاوه‌نی خۆیان، به‌ڵكو  مرۆڤ لە خودی خۆی دادەماڵێت. سیستەم گرنگی بەمەرگی دایکی میرسۆ نادات. تەنانەت لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکات  بۆچی لە ڕۆژی پشوودا نەمردووە؟ (مێرسۆ) دەڵێت: خۆ سوچی من نیە، دایکم لەم ڕۆژەدا مرد!

نامۆبوون پڕۆسەیەکە تێدا مرۆڤ نامۆ دەبێت لەو جیهانەی تێدا دەژێت. (میرسۆ) مرۆڤێکی نامۆ و نائومێدە، نامۆیە بەو ڕۆڵ و بەرپرسیارێتیەی کۆمەڵگە بەسەریدا سەپاندوویەتی. ئەو لە زمانی کۆمەڵگە تێناگات، هیچ کەسێکیش لە زمانی ئەو تێناگات. کاتێک عەرەبێک دەکوژێت و وەکو تاوانبارێک دەچێتە بەردەم دادگا، بەتەواوی خۆی درک بە نامۆبوونی خۆی دەکات لەو جیهانەی تێدا دەژی. ئەوان بەتۆمەتی کووشتن دادگایی ناکەن، بەڵکو لەبەرانبەر ڕەفتاری ناجۆرەکانییەوە دادگایی دەکرێت. چۆن دایکی ناردووە بۆ خانەی بەساڵاچووان، بۆچی بە مەرگی دایکی هیچ خەمێکی دەرنەبڕیوە. چۆن لە خانەی بەساڵاچوون جگەرەی کێشاوەو لەڕۆژی پرسەی دایکی دا، سەمای لەگەڵ ژنێکدا کردووە؟

لێردا کامۆ ئەو دیمەنەمان نیشان دەدات کە مرۆڤ هیچ کاتێک ئەو کارەکتەرە نیە، کە ئەوانی دی دادوەری لەبارەوە دەکەن. هیچ کەسێک ئەو هەیەجان و دۆزەخە نابینێت لەناوەی (میرسۆ) دا دەگوزەرێت.  

ئەو لە پێشەکی چاپە فەڕەنسیەکەدا دەنووسێت: میرسۆ کارەکتەرێکی بەستەزمانە، ئەو هەتاو.


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا