
شلێر ئارۆشا
ستوونەکانی چرای شەقامیش
چاوی پیرەژنە دراوسێیەکەمانن.
ناوی تۆ
هەموو ڕۆژێک
لە گوێی بەتاڵی قەلەڕەشەکاندا
پچپچەی پێ دەکرێت.
و پشیلە ڕەشەکان،
کاتێک لە لووتکەی گەڕەکەکاندا
دەردەکەون،
لەناکاو،
لە ناو دڵمدا
سیمفۆنیی پێنجەمی بێتهۆڤن
دەست بە ژەنین دەکات.
شەقام
دارستانی شنەڵ سوورە،
کە لە پشت هەر دارێک،
ترسێکی هەزار ساڵە
دەبێتە گورگ.
کاتێک بە شەقامدا تێدەپەڕیت،
باخچەیەک
لە چاوی کاکتووسی،
تیژ و بێبەزەیی،
لە لەشی ناسکی دڵەڕاوکێکانتدا
دەچەقێت.
و من،
بۆ دیداری تۆ،
هەر جارێک،
دەبێت
لە ناوەڕاستی ئەو دارستانە،
لە نێوان درک
و سێبەری گورگەکاندا
ڕێگا بکەم،
هەتا بگەمە تۆ.
