
شعر: ميسون أسعد/ سوريا
و: عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا
لەوێ لە ماڵە گوندییەکەمدا؛
ئاسمان شین دەکەم
دوورایی دەچنم
بە هەوردا هەڵدەگەڕێم
تا لوتکەی سەرگەردانی،
و دەگەڕێمەوە
سەرەتای ژیان…
ئێمە وایین:
مرۆڤایەتی بە شتەکان دەبەخشین
بۆ ئەوەی
لەگەڵیان دڵخۆش بین،
بەڵام دواتر…
خۆمان دەبینەوە بە شت.
بمبە بەهەشتی لەبیرچوونەوە،
ئەی بای باشوور.
پرسیار لە تەمەنم مەکە؛
بە خێرایی بەرەو سبەینێ ڕادەکات،
کاتێ کراسەکەی تەمەن
لەسەر پەرژینی منداڵی، دڕاو
جێما،
ڕووتی دەرکەوت…!
لەو کاتەوەی بەجێمان هێشت؛
لەسەر تاقیچکەکانەوە
ئەویش وازی لێمان هێنا،
خۆی شاردەوە؛
ئەو زمانەی
کە پرد بوو، لە نێوانماندا…