
بە ڕێگاکاندا ڕەت دەبووم،
بەهارم دەبینی، کراسی گیای لەبەر زەویی زێدم دەکرد، هەرگیز دڵخۆشیی وام هەست پێنەکردووە.
٠٠٠
لەناو کێڵگەکانی زێدمدا، گوێم لە گوڵەگەنمەکان گرت. ورد ورد بەستەی بارانیان دەچڕی
٠٠٠
کە بەسەر گوڵە مۆردێ نووشتامەوە، هەستم کرد باوەش بە جوانی زێدم دەکەم
٠٠٠
لە دوور دوورەوە، لە دامێنی چیایێکی زێدمدا، گوڵجاڕێ سوور سووردەچۆوە، زانیم بە خوێنی ڕۆڵەکانمان ئاودراوە
٠٠٠
گوێم لە ئاوی ڕووبارەکانی زێدم گرت، ئاوازی خەمگینی فیراقیان بۆ سەرچاوەی باوانیان سەردەدا
٠٠٠
لە ناو دارستانە جوانەکانی زێدم، بایەک هەڵدەکا، غوربەتی ڕۆحی منیان بو دوور دوور دەبرد
٠٠٠
سەدایێ لە نێو مێرگە دوورەکانی رەوەزە شاخی زێدمەوە دێت، سەربهووردی تەنهایی دەگێڕێتەوە
٠٠٠
لە سەر لووتکەیەکی بەرزی چیای زێدم، ئاڵایێ دەشەکێتەوە، بانگی ئازادیی بۆ نەوەکان دەچڕێتەوە
٠٠٠
بەسەر تاوێرێکی زلی نیشتمانم دانیشتم، باران گۆرانی بۆ گوڵەگەنمەکان دەچڕی
٠٠٠
رێم کەوتە سەر کانیێکی زێدم، بیرم لەو شەهیدانە دەکردەوە، کە چەندین جار لەو کانییەدا، ئاویان خواردۆتەوە
٠٠٠
لە نێو پاوانەکانی زێدمدا، جۆگەو جۆ بارەکان هاوارییان دەکرد، ئێمەین دەریامان گرواندووەو زەریامان خوڵقاندووە
٠٠٠
لە پەڵە هەورێکی ناو ئاسمانی زێدم، بارانێ باری، نیشتمانی پڕ کرد لە گوڵە پەمۆ
٠٠٠
سرووشتی زێدم هێندە خەمگینە، کە بەناو گیاو دەوەنی رۆخانەی ئاوەکاندا رەت دەبم، گریان هەوکم دەگرێ
٠٠٠
لە بەهاری زێدمدا لە گیا نوقم بووم
له پاییزی زێدمدا غەرقی گەڵا بووم
لە هاوینی زێدمدا شەڵاڵی گەرما بووم
لە زستانی زێدمدا تێکەڵی بەفری چیابووم
٠٠٠
لە نێو دەشتاییەکانی زێدمدا. هەمیشە حەکایەتی بەفر بۆ کێڵگەکان دەگێڕنەوە،
٠٠٠
چوومەوە ناو ڕەزەکانی زێدمەوە
ترێ بە یادی شەراب وەک زیو دەدرەوشایەوە
گێلاس لێوی درەختەکانی سوور کردبوو.
کەریم دەشتی
