
ڕواندز – هەژار ئیبراهیم
لە درێژەی چالاکییە ئەدەبییەکاندا و لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، کتێبی "کەزینامە" لە شاری ڕواندز چاپ و بڵاوکرایەوە، کە بەرهەمێکی ئەدەبیی جیاوازە و کۆمەڵێک دەقی شیعری لەخۆ دەگرێت.
بڕیار عەبدولڕەحمان، ڕۆژنامەنووس و ئامادەکاری ئەم کتێبە، لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەی "ڕێگای کوردستان"ی ڕاگەیاند: "سەرەتای بیرۆکەی ئەم کتێبە دەگەڕێتەوە بۆ
ئەو کاتەی داگیرکەران و تیرۆرستان پەلاماری ڕۆژاوای کوردستانیان دا و سووکایەتییان بە کەزیی کچە شەڕڤانێکی کورد کرد؛ ئەم ڕووداوە کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە و بووە هۆی نووسینی چەندین دەقی شیعری لەسەر کەزی.".
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەوان بیرۆکەکەیان گەڵاڵە کردووە بۆ کۆکردنەوەی سەرجەم ئەو دەقە شیعریانەی لەسەر "کەزی" نووسراون و خستنەبەر دیدەی خوێنەران لە دووتوێی کتێبێکدا.
سەبارەت بە هاوکاری و پشتیوانییەکانیش، بڕیار عەبدولڕەحمان وتی: "بە خۆشحاڵییەوە دوای هەوڵێکی زۆر کتێبەکە چاپ کرا. لێرەوە دەمەوێت سوپاسی مامۆستا یاسین ئیبراهیم و مامۆستا دادیار ئازاد بکەم کە لە دیزاینی بەرگ، ناوەڕۆک و پێداچوونەوەی کتێبەکەدا هاوکارییەکی زۆریان کردم و ماندووبوونیان بەرز دەنرخێنم."
جێگەی باسە، کتێبی "کەزینامە" سەد دەقی شیعری لەخۆ دەگرێت و ئامادەکارەکەی هیوای خواستووە ئەم بەرهەمە خزمەتێکی بچووک بێت بە کتێبخانەی کوردی و جێگەی ڕەزامەندی خوێنەران بێت.
