
ـــــــــــــ
ئەمڕۆ هەینییە،
دەست نوێژ هەڵدەگرم و
دەڕۆم هەتا لای خودا ڕاناوەستم
پێۍ دەڵێم:
نە پەپامێکم گەیشت
نەسکڵایەکم گەیشت
نە ڕاپۆرتێک...
بە نوێنەرایەتی ئاو هاتووم،
که نایدەنەوە تێنوێتیم!
ئەو خاکە ناردوومی
کە شەڵاڵی خوێنی ئاینەکەتە...
لەشێخ مەقسود ئاگر لە دینم بەر بووە؛
لە ئەشرفیە، شەڕەف بە پێوە ڕاوەستا
خودایە لە ڕۆژ ئاوا،
ئاو داوای سەر بەخۆیی دەکا.
ئەمشەو دێمە خزمەتت؛
نوێنەرایەتی خوێن و خەبات و
قوربانیدانی گەلێک دەکەم
کە سەڵاحەددینی لێهەڵکەوت و
دینی دینت بوو...
تکایە
بەدووەکانت،
کە خۆیان بەئەفزەڵترین مەخلوقت ئەزانن
دەیانەوێ لە سەر زەویم بسڕنەوە
دێم
یان جێگەیەکمان لەنزیک خۆت بۆ دابین بکە
یان بە ئایەتێکی نوێ کۆتایی بەهەمووشتێک بێنە
ئەنفال و فەتح، کەلامی تۆن!
خودایە بێدەنگی هەتاکەی،
دێم و بە پەلەم...
ئاسمان بەشی گەیشتنم ناکا،
بەکوردی قسەدەکەم،
کوردییەک لە هەموو زمانەکانی دنیا
ڕەوان تر و
ڕەوا تر.
هەمزە گوڵانی