
حەمەسەعید حەسەن
یاریزانی تۆپی پێ لەگەڵ هەڵکشانی تەمەنیدا، چرای توانای گەمەکردنی کز و کزتر دەبێت، بۆیە یاریزانێک ڕێزی دیرۆکی پرشنگداری خۆی بگرێت، ئەو کاتەی لە لوتکەدایە دەکشێتەوە. هەقە نووسەریش، هەمان ڕێسا ڕەچاو بکات، کاتێک واز لە نووسین بهێنێت، هێشتا بە پەرۆشەوە، چاوەڕێی بەرهەمی بکەین، نەک لێی بێزار ببین، لە خۆ دووبارەکردنەوە بەولاوە، هیچی نوێی پێ نەمابێت و هەر کۆڵیش نەدات. وەک چۆن هەڵۆ بەدەم فڕینەوە دەمرێت، بریا نووسەریش هەر کە هەستی کرد، توانای فڕینی نەماوە، دەستبەرداری نووسین دەبوو. ڕێک دەکەوێت نووسەر بە زەبری دەردی پیری، دەستی بلەرزێت، بەڵام پشکۆی نووسینی، وەکوو لێوی گۆشتنی ژنێکی خوێنشیرین، هەر گەش بنوێنێت.
لە یەکێک لە چیرۆکەکانی چیخەڤدا، خواناسێک لە وشکەساڵیدا، کە بۆ کێڵگەکەی دەچێت، تا لە خوا بپاڕێتەوە و داوای بارانی لێ بکات، پاڵتۆ و چەتریش لەگەڵ خۆیدا دەبات، نەک لە گەڕانەوەدا تەڕ ببێت. ئەگەر هێندەی ئەو کارەکتەرە، بڕوای بە نزای خۆی هەیە، تۆیش هێندە بڕوات بە نووسینی خۆت نییە، هەقە چی زووترە واز لە نووسین بهێنیت. من قەت نامەم، بە خوێن نەنووسیوە، نە بۆ یار، نە بۆ نیشتمان، بەڵام زۆر جار، شیعر و نووسینی دیکەم بە وشە، نا، بە فرمێسک نووسیون، یان ڕاستتر بەدەم نووسینیانەوە، هۆن هۆن ڕۆندکم ڕشتووە.
بریا ئەوەندە عەقڵمان بە دنیا دەشکا، هەر لە سەرەتاوە بە ترس و دڵەڕاوکێوە دەماننووسی، ترس لەوەی، بەرهەمی ناشیرین لەدوای خۆمانەوە بەجێ بهێڵین، ئاخر وەک چۆن کەس بۆی نییە، بە قورئاندا بچێتەوە و بژار، یان هەمواری بکات، نووسینی دیکەیش، ئیدی سەر بە هەر ژانرێک بێت، ملکەچی هەمان ڕێسایە، کەس ئەو مافەی نییە، دوای خۆمان، جوانتری بکات لەوەی کە هەیە. وەک چۆن بۆ خۆمان ناخۆشە، لەدوای باوکمانەوە، دیوانێکی چاپکراوی لاواز بەجێ مابێت، هەر وایش بۆ نەوەکانمان ناخۆشە، لە دوای خۆمانەوە کتێبی بێبەهایان بۆ بەجێ بهێڵین.
کۆماری مارکس دێیە بێ
هاووڵاتی ئەوێ دەبم
قەڵای داد لە هەر کوێیە بێ
بێ دوودڵی لەوێ دەبم
وەک چۆن شۆڕش و شۆڕشی چەواشە هەیە، نووسین و نووسینی چەواشەیش هەیە. نووسینی ڕاستەقینە، وەک لافاوێک وایە، دابونەریتی نووسینی دێرین لەگەڵ خۆیدا ڕادەماڵێت و فۆرم و دیسکۆرسی نوێ لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت. نووسین ئەوە نییە کە ڕۆژانە بۆشایییەکان پڕ دەکاتەوە، ئەوەیە گومان و بۆشایی دەخوڵقێنێت، ئەوەیە هەم کڵپەدار بێت و هەم هێندە ئازاد بێت، لە هەموو جۆرە چەپاندنیک ڕزگاری بووبێت. نووسین: کانییەکە لە ڕووناکی، لە ڕۆحەوە هەڵدەقولێت و خودی نووسەر ناتوانێت، هیچ بەربەستێکی بۆ دابنێت و بەناچاری خۆی بە دەستییەوە دەدات. نووسین ئەوەیە بە بێدەنگی بماندوێنێت، بەڵام لە ڕەگوڕیشەوە بمانهەژێنێت، ڕۆڵان بارت گوتەنی: نووسین ئەوەیە (لە خودی خۆمان دوورمان دەخاتەوە،) بەڵام ئایینێکی دیکەمان پێ ناناسێنێت، لە چنگی تیۆکراسی قوتارمان دەکات.
خەمی نووسەری گەورە ئەوە نییە، کێبڕکێ لەگەڵ نووسەرە هاوزمانەکانی خۆیدا بکات، بۆ ئەوەی بیانگرێتەوە، یان پێشیان بکەوێتەوە، ئاخر نووسەری مەزن، بڕوای بە ناوچەگەری نییە و کێبڕکێ لەگەل کەلەپووری مرۆڤایەتیدا دەکات. کەڵکەڵەی نووسین، خوویەک نییە لەم و لەوەوە فێری ببین، وەک چۆن بێ ویستی خۆمان هەناسە دەدەین و دڵمان لێ دەدات، هەر بە هەمان شێوەیش خەریکی نووسین دەبین، ئەوە بۆیە ئەوی پڕ بە مانای وشەکە نووسەر بێت، ئازادانە و بوێرانە دەنووسێت و گوێ ناداتە کاردانەوەی دەسەڵاتی ستەمکار.
مەرج نییە هەر چییەکمان نووسی، لە خۆمان قەومابێت، بەڵام بەگشتی، ژیان زنجیرەیەک یادگارە، ئەگەر نەیاننووسینەوە، هێدی هێدی کاڵ دەبنەوە و لەبیر دەچنەوە. نووسین: دژایەتیکردنی لەبیرچوونەوەیە، مارکیز یەکێک بوو لەو نووسەرە دەگمەنانەی، هیچ یادگارییەکی بە خەسار نەدەدا، هەموویانی تۆمار دەکرد، تا ژیا پشووی نەدا، هەر دەینووسی و زوو زوو دەیگوت، ئێستا وەختی ئەوەم نییە پرۆژەیەک دوا بخەم، کە مردم ئیدی وەختێکی زۆرم بە دەستەوە دەبێت، پشووی تێدا بدەم.
لە ڕەخنەی دێریندا تێزێک هەبوو، دەیگوت: (دەبێت دەنگی خودی نووسەر لە نووسینەکانیدا نەوی بێت، نەک بڵند.) ئاخر چۆن دەنگی نووسەر نەوی دەبێت، کە خۆی لە هەموو ڕستەیەکی بەرهەمەکانیدا هەیە؟ بۆچی بەرهەمی وا هەیە، هەرچەندە لەمێژە نووسراوە، بەڵام هێشتا گەش و زیندووە و هەر دەڵێیت باسی هەنووکە دەکات؟ چونکە بە چاوپۆشین لە شوێنکات، گەلێک نهێنی هەن، ئینسان سەرسام دەکەن، ئەدەبی نەمر چونکە ئەو پرسە جەوهەرییانە دەورووژێنێت، ئەوە بۆیە لەوە دەچێت، باسی خەم و خولیاکانی ئینسانی ئەم سەردەمە بکات. ئەم تایبەتمەندییە، تەنیا لە کاری ئەدەبیدا هەیە، ئەگەر لەبارەی سیاسەتەوە بنووسین، ئەوا بێ شک تەمەنی نووسینمان کورت دەبێت، با جوانیش بنووسین. چەرچڵ هەرچەندە لە ئەدەبدا نۆبڵی وەرگرت، بەڵام ئەو خەڵاتە بە کەڵکی نەهات و ناوی وەک سیاسەتوان چووە مێژووەوە، ئاخر کە قسەوباس دێتە سەر ئەدەب، کەس ئەوی بیر ناکەوێتەوە.
وەک چۆن ئەگەر بەردەوام لاساییی سترانبێژێک بکەینەوە، نابین بە گۆرانبێژ، ئەوە بۆ نووسینیش دروستە، ڕەنگە بتوانین جوان لاسایی چیخەڤ بکەینەوە، بەڵام قەت نووسەرێکی وەک ئەومان لێ دەرناچێت. چارمان نییە، ئیللا مەگەر بەدەم رێگەی لاساییکردنەوەوە، دنیایەکی تایبەت بە خۆمان بدۆزینەوە. چەندان شاعیر شوێنپێی (گۆران)یان هەڵگرت، بەڵام نەک هەر کەسیان لەویان تێپەراند، بەڵکوو کەسیشیان ئەویان نەگرتەوە. چونکە نووسین زادەی زمانە، ئەگەر بە زمانێکی نوێی تژی لە کوتوپڕی نەنووسین، ڕەنجمان بە زایە دەچێت. ڕەنگە زمانێکی جوانی ڕەوانی بێ گرێوگۆڵ بزانین، بەڵام هیچی تازە بە زمانە دێرینەکە نەبەخشین، هیچی نوێ لە بواری بەگەڕخستنی زماندا نەهێنینە ئاراوە، زمانمان خوێنەر تووشی هیچ سەرسامییەک نەکات و تەنانەت دەربڕینێک یان وشەیەکی نوێ دانەهێنین. مەزنیی گۆران هەر لەوەدا نەبوو شیعری تازە کردەوە، لەوەیشدا بوو زمانێکی تازەی داهێنا.
ڕۆمان ژانرێکی ئاڵۆز و سەختە، ناکرێت ئەوی دەستی قەڵەمی گرت، دەست بداتە نووسینی، ئاخر رۆماننووس وێڕای زمانێکی جوان، پێویستی بەوەیش هەیە، شارەزاییی لە بوارەیلی شیعر، فیکر، دەروون، کۆمەڵ، دیرۆک، فەلسەفە، داستان و ئەفسانەیشدا هەبێت. بە چاوپۆشین لەوەی لەسەر ئاستی دنیا، چەند ڕۆمان نووسراوە، هەر ڕۆمانێکی تازە کە دەنووسرێت، ئەزموونێکی نوێیە و تاقیکردنەوەی ڕێگەیەکە، پێشتر کەسی دیکەی پێدا نەڕۆییشتووە. تەنانەت نووسەرێکی دیاریکراو کە ڕۆمانێکی دیکە دەنووسێت، هەر دەڵێیت لە سفرەوە دەست پێ دەکاتەوە، ئاخر پێ دەنێتە دنیایەکی جیاواز لە دنیای ڕۆمانەکانی پێشوویەوە. کە (کیمیاگەر) و (یازدە دەقیقە) دەخوێنینەوە، هەست دەکەین دوو ئەزموون و دوو دنیای تەواو لە یەکدی جیاوازن، هەرچەندە پاوڵۆ کۆیلۆ، نووسەری هەردوو ڕۆمانەکەیە.
ڕۆماننووس هەیە بۆ خەڵکی خوێندەوار دەنووسێت، خەڵکانێک ئاستی ڕۆشنبیرییان هێندە نەوییە، لە خانەی عەوامدا پۆلێن دەکرێن، بەڵام هەیشە بۆ ئەوانە دەنووسێت کە پاشخانێکی دەوڵەمەند و پتەوی کولتووری شک دەبەن. ئەوی (میرنامە)ی (جان دۆست)ی خوێندبێتەوە، هەستی کردووە، ئەو نووسەرە چێژی زۆرینە لەبەر چاو ناگرێت و بۆ مێگەل نانووسێت. ئەوە ڕاست نییە کە دەیانگوت: هەموومان لە ئاست مردندا یەکسانین، نا بە (پرسە)کەمانەوە دیارە، سەر بە بنەماڵەیەکی هەژارین، یان زەنگین، بەو کتێبانەیشدا کە پەسەندیان دەکەین، دیارە، لە ڕووی ڕۆشنبیرییەوە، دەوڵەمەندین، یان ڕووت و ڕەجاڵ.