كەریم دەشتی

1

لە ناو مەلەكووتی مندا

نە فریشتە هەیە نە شەیتان 

نە نیشتنەوەی ئاو هەیە نە تۆفان

تەنها  ئەوینی ئەبەدییە

كە وەك شیری مەمكی دایك

ئەپڕژێتە باخی زمان

2

لەناو مەلەكووتی مندا

ژنێ ڕووناكی كۆ ئەكاتەوە

درەختی  خۆی پێ‌ ئاو ئەدات

شەوان گۆزەی دڵم ئەدزێ‌

سپێدان وورد و خاشی ئەكات

3

لە ناو مەلەكووتی مندا،

 ڕێ‌ ڕێ‌ مەلەكانی نۆتە

 ئەچنەوە ماڵی كۆنشێرتۆ

ڕستەكانی ناو كتێبی تەم و فیراق

نەسلی ژەنگاوی خۆیان ئەسڕنەوە

جاویدانیی لە ڕۆحی مانا ئەچێنن

4

لە ناو مەلەكووتی مندا

گیا خوناوەی بەیان بانگ ئەكا

تەنهایی وەك ئاقیقی شین ئەدرەوشێتەوە

5

لە ناو مەلەكووتی مندا

یاریی نێوان خوداو شەیتان

پڕە لە داشی فریودان

یەقین بۆتە شمشێری ناو دەستی گومان

ڕیئاڵ ئەسپێكی بەزیوە لە ناو ڕایسێزی تەمتوومان

لە مەلەكووتی مندا

هەموو دێڕێ‌ مانیفێستە بۆ دڵشكان

ئەوەی بەردەوام ئەبیسترێ‌ هەر سەدایە

سەدای بێوەڵامی ئینسان

6

لە ناو مەلەكووتی مندا

ئاگرو ئەوین لە شەبەیخوونی ئەبەدیین

وەهم  سەرمەشق و سوارە

وەهمی گەیشتن بە لووتكە و ناخی زەمین

7

لە ناو مەلەكووتی مندا

 میتافۆڕ سوڵتانی كەونە

تابۆ دێڕێكی كەونارە 

لەناو گۆزەی سپیی شیعر

8

لە ناو مەلەكووتی مندا

بای وا هەیە دارستانەكان ناناسێ‌

 گەڕەك هەیە یوتوپیایە

هەم دیارەو دیار نییە

9

لە ناو مەلەكووتی مندا

زێ‌ هەیە لە دەریا ئەچێ‌

مرۆڤ هەیە لە نووسینەوەی كەوندا

لە ستوونە نادیارەكانی خوا ئەچێ‌

كچان  ئاون لە شەبەقدا

گوڵاڵەی مەریەم ساو ئەدەن

كتێب لە كوێ‌ دەست پێبكا

ماناكان بۆ  وێ‌  تاو ئەدەن


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

تابلۆی هەفتە