بەهرە هەولێری

خێزانێکی بەختەوەر بووین

باوەشمان

بۆنی گوڵ و 

شیلەی موحیبەتی لێدەتکا..

هەیوانی ماڵەکەمان

مەنزڵگەی بولبول و 

هێلانەی پاساری بوو..

دیواری ژوورەکانمان

 پڕ لە تابلۆی

 سەمای پەپوولە و

دەستلەملانێی

 گوڵ و هەنگ بوو...

 لە ماڵی ئێمەدا

ئاوازی جوانی و

سەمفۆنیای ئەوین و

چرۆی مەحاڵ

بۆ هەموو شار پەخش دەبوو..

هەر بۆیە

مەحاڵ

منی هێنایە بوون..

دەستی گرتم و

 ڕێگەی ژینی پێ ناساندم..

هەر لە ئامێزی مەحاڵدا 

هەست و سۆزی ئەوین فێربووم و

 یەکەم ماچی گەورەبوونم ناسی..

کەچی

سێبەری ئێوارەیەکی هاوینم

لێبوو بە تەمتومانی دابڕان و

بۆ بەیانی

ماڵ و 

خێزان و

هەموو کەسیان

لێ کردم بە سەراب...

دەستی ڕەشی تاڵان

لەگەڵ

کورسی و مێز و

هەر شتێکدا

پارچەیەکی دڵی بچکۆلەمیان

دەبرد...

ئیدی لەوکاتەوە

 وەک گەڕیدەیەک

بست بە بست و

کۆڵان بە کۆڵان و 

شارە و شار

بۆ پارچە تاڵانکراوەکانم دەگەڕێم..

تاوەکو

لەماڵی ئەویندا

بولبول و پەپوولە

ئاشت بکەینەوە و

لە هێلانەی خۆشەویستی

دیسانەوە

جوانی و ئومێد 

پەخش بکەینەوە...

30/8/2025


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا