
کووخەکەی مام تۆم کە یەکێکە بەناوبانگترین ڕۆمانە ئەمریکایییەکان، تێیدا نووسەرەکەی: خاتوو هاریت ستاو (١٨١١ - ١٨٩٦) باسی زنجییەکانی ئەمریکای پێش شەڕی ناوخۆ دەکات. زۆر ڕۆمان باسی ئەم یان ئەو جەنگ دەکەن، ڕۆمانی کووخەکەی مام تۆم، جەنگێکی گەورەی چوار ساڵەی، لەنێوان باکوور و باشووری ئەمریکادا هەڵگیرساند، کە بە جەنگی ئازادکردنی کۆیلەکان ناوی ڕۆیشتووە. جەنگەکە ١٨٦١ دەستی پێ کرد و ١٨٦٥ بە سەرکەوتنی هەرێمەکانی باکووری ئەمریکا کۆتایی هات و دوایی بە کۆیلایەتی هێنا. کووخەکەی مام تۆم کە ژیانی پڕ لە کوێرەوەریی زنجییەکانی ئەمریکا بەسەر دەکاتەوە، زەمینلەرزەیەک بوو، لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەیەمدا هەموو ئەمریکای هەژاند.
ئەمریکایییەکان دەچوون لە ئەفریکا کۆیلەیان دەکڕی، یان (ڕاو)یان دەکردن و دەیانهێنان سەختترین ئیشیان پێ دەکردن و بە دژوارترین شێوە دەیانچەوساندنەوە. کە بە کاریگەریی ڕۆمانی کووخەکەی مام تۆم، لە سەردەمی ئەبراهام لینکۆڵندا، یاسای ئازادکردنی کۆیلەکان دەرچوو، هەرێمەکانی باکوور داکۆکییان لێ کرد، بەڵام باشووری ئەمریکا ڕەتیان کردوەوە، ئیدی شەڕی ناوخۆ هەڵگیرسا و نۆ سەد هەزارێک قوربانیی لێ کەوتەوە. ئەبراهام لینکۆڵن شەڕەکەی بردەوە، بەڵام ژیانی خۆی لەسەر دانا، ئاخر لە ١٤ی ئەپریلی ١٨٦٥دا، کاتێک لە سەیرکردنی شانۆگەرییەک بوو، تیرۆر کرا. ڕۆمانی کووخەکەی مام تۆم کە هەوێنی ئەو شەڕە گەورەیە بوو، ١٨٥١ دە ساڵێک پێش هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ، سەرەتا بە زنجیرە لە هەفتەنامەی (واشینگتۆن)دا بڵاو کرابووەوە و دواتر وەک کتێب. هاریت ستاو خوێندکارانی زانکۆی بانگ دەکرد و دەربارەی بەشەکانی ڕۆمانەکەی گوتوبێژی لەگەڵدا دەکردن، یەکێک لەو خوێندکارانە چامبەرلاین بوو، کە دواتر یەکێک لە سەرکردەکانی شەڕی کۆتاییهێنان بە کۆیلایەتیی لێ دەرچوو. ڕۆمانەکە سەرەتا پێنج هەزار دانەی لێ چاپ کرا، بەڵام هەر زوو تیراژی لە میلیۆنی تێپەڕاند و بە سی چل زمان بە دنیادا بڵاو بووەوە.
کووخەکەی مام تۆم واقیعی ئەمریکای بەسەر دەکردەوە کە تێیدا وێڕای بازرگانیکردن بە کۆیلەوە، مامەڵەیەکیش لەگەڵ کۆیلەدا دەکرا، پڕ بە مانای وشەکە نائینسانی بوو. کە ئەبراهام لینکۆڵن پێشوازیی لە هاریت ستاو کرد، گوتی: "ئەم ژنە بچکۆلەیە بوو، ئەو شەڕە گەورەیەی هەڵگیرساند." ئاخر هاریت ستاو بە ڕۆمانەکەی، دنیای لە دژی کۆیلایەتی ورووژاندو ویژدانی مرۆڤایەتیی هەژاند. ساڵانێک کووخەکەی مام تۆم لە نینجیل زیاتر خواستی لەسەربوو، پێش دەرچوونی یاسای ئازادکردنی کۆیلە و پێش هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ بە دە ساڵ، هاریت ستاو بە ڕۆمانی کووخەکەی مام تۆم، هەموو ژانی کۆیلەکان و هەموو ستەمی خاوەنکۆیلەکانی تۆمار کرد و بە مرۆڤایەتیی گوت: هەر چی زەبروزەنگ هەیە لە دژی کۆیلە بەکار دەهێنرێت، هیچ ڕێزیان لێ ناگیرێت و بە ئینسان لە قەڵەم نادرێن، کتێبی پیرۆز پێمان دەڵێت: مرۆڤایەتی هەموو یەکسانن و هیچ جیاوازییەکیان نییە، کەچی چوار میلیۆن ئینسان لە دۆزەخدا دەژین و کڕین و فرۆشتنیان پێوە دەکرێت! کووخەکەی مام تۆم کە پێی گوتین: کۆیلایەتی پەڵەی شەرمە بە تەوێڵی مرۆڤایەتییەوە و بەشدارییەکی کارای کرد لە گۆڕینی دنیادا، لە ڕادیۆوە پەخش کرا، گەیشتە سینەما و شانۆ و تەلەڤیزیۆن و پرۆگرامی خوێندنیش.
هاریت ستاو کە دەرک بەو هەموو ستەمە دەکات لە کۆیلە دەکرێت، دەڵێت: دەبێت شتێکیان بۆ بکەم، ئەوەبوو کووخەکەی مام تۆمی بۆ نووسین، ڕۆمانێک هەرەسی بە کۆیلایەتی هێنا. هاریت ستاوئەوەندە بوێرانە و لێزانانە، بە زمانێکی جوان و ئاسانی نزیک لە زمانی ڕۆژانەوە، باسی واقیعی کۆمەڵایەتیی ئەمریکای کردبوو، خوێنەر شەیدای شێوازی نووسینی دەبوو. هاریت ستاو بەو ڕۆمانەی، هەموو ئەوانەی بە درۆ خستەوە کە نکۆڵی لە ڕۆڵی کۆمەڵایەتیی ئەدەب دەکەن، ڕۆمانێک لەناکاو ئەوی کرد بە ناسراوترین ژنی دنیا. هاریت ستاو ئەدەبەکەیبۆ خزمەتکردنی مرۆڤایەتی تەرخان کردبوو، پێش شەڕی ناوخۆ، توانای خۆی لەپێناوی کۆتاییهێنان بە کۆیلایەتی بەگەڕ خستبوو، دوای شەڕی ناوخۆ، ژیانی بەخشی بە داکۆکیکردن لە مافەکانی ژن، ئاخر ئەوسا ژن لە مافەکانی بێبەش بوو، ژن وەک کاڵا و وەک موڵکی پیاو سەرنج دەدرا و یاساکان لە سەنگەری پیاودا بوون.
هاریت ستاو ئوستادی هونەری گێڕانەوە بوو، بوێرانە بە زمانێکی ڕوون دەینووسی و ئەوەندە بەسەر وەسفکردنی شوێن، چنینی ڕووداو، ڕۆچوون بە ناخی کارەکتەرەکانو بەسەرکردنەوەی ژیانی کۆمەڵایەتیدا زاڵ بوو، خوێنەری سەرسام دەکرد.کووخەکەی مام تۆمکە جێی شانازیی مێژووی ئەدەبە، ڕۆڵێکی هێندە کاریگەری وازی کرد کە ئەبراهام لینکۆڵن جاڕی کۆتاییهێنان بە کۆیلایەتیی دا، خەڵکێکی زۆر لەبەردەم ماڵی هاریت ستاودا، کۆ بوونەوە و سوپاس و ستایشی ئەویان کرد.
