بەرزان عەلى

۹

کەوتە باوەشی بێدەنگی مەراسیمەکەوە

هەستایەوە لەنێو تەپوتۆزی مەراقدا

خەونی گەورەبوون لە شەوێکی زستاندا چەشنی هەورەتریشقە خۆی کێشا بە خەیاڵیدا

گەورەبوو دڵی شۆخێک وەکوو ئاگری دۆزەخ سوتاندی

لەشارێکدا دەژیا چەشنی گۆڕ بێدەنگی و تاریکی پاسەوانی بوون

شەوانە ڕۆژە مردووەکانی دەژمارد

دەیویست تەنهایی هەڵبواسێت چەشنی تابلۆیەک

شەوان دەستی لەملی شیعر دەکرد لەنێو شەوەزەنگی ئەستێرەکاندا تۆپەڵێ هەوری دەنا بەدڵییەوە مژی لە نێرگەلەکەی دەدا بەتامی هەتیویی دووکەڵ چەشنی تەم ئازاری دادەپۆشی

بە کەتەری زمان دڵیان لەت کرد

بۆ هەرشوێنێک دەڕۆشت شوێنپێکانی سوور هەڵدەگەڕان

نیگەرانییان لێ نەدەکڕی تەنانت دایکیشی

هەمووان پێکی تەنیاییان دەنۆشی و ئازارەکانیان وەکوو بارمتە بەجێ دەهێشت

بۆ دوورخستنەوەی نیگەرانی خۆی ئالودەی زۆرشت کرد

دڵیان شکاند ئەوانەی لەنێو دڵیاندا دڵنەواییی دڵیان دەکرد

جۆرێک دەژیا وەک ئەوەی فڕێ درابێتە ناو قەحبەخانەیەک

هەموو شەوێک یادەوەرییەکی دەتۆپاند تا ڕۆژەکەی بە کەمترین دۆڕان بگاتەوە بە کوخەکەی

هێندەیان پێدا کێشا بوو خوار دەردەکەوت هیلاک بوو تەنیا لەژێر باڵی چەند وشەیەکی یاخیدا دەحەسایەوە

بۆ ئەوەی شیعر برسی نەبێت و جەستەی نەشێوێت

بەرماڵی خەیاڵی لەنێو قیبلەی کتێبەکاندا ڕادەخست و بەبێدەنگی سواڵی دەکرد

چەند جوان بوو کاتێک لەنێو سەمای یۆگادا دڵی شیعری پڕ دەکرد لەڕۆح

لەشونێکدا دەژیا کونسوڵخانەی بەهەشت لەنێو دڵی

شاردا بەئاشکرا خەریکی قاچاخچێتی بوون

ڕۆژانە ئەو مرۆڤانەیان تیرۆر دەکرد کە لەنێو خەیاڵی فێنکی بەهەشتدا بێ پاسەوان دەسووڕانەوە

ئەوانەی دژەدۆزەخ بوون و هوتافیان دەکێشا لەنێو کەللەی گەرمی مرۆڤێکی ئەم نیشتیمانەدا دواجار خۆیان بوون بە سیخووڕی دۆزەخ و خەیاڵدانیان فرۆشت بە تۆزێک چێژ

خەڵکی شارەکەم لەنێو جەنگدا لەدایک بوون

هەر لەوێش گەورە بوون

مرۆڤەکان بۆنی دەمیان لە بۆنی زێرابەکانی مەکسیک ناخۆشترە کاتێک لە جەنگێکی دۆڕاو دەگەڕێنەوە و چیرۆکی سەرکەوتن دەگێڕنەوە

خودایە ئەم هەموو درۆیە بۆ قیامەتی بەرپا نەکرد؟

لە سووچڕ دەچن کاتێک زمانیان ڕادەوەشێنن و ڕووخسارمان پڕدەکەن لەتیر

لەمار دەچن ساڵی جارێک کاژ دەگۆڕن کەچی لە سەد ساڵدا ژەهری زمانیان ناگۆڕن

لە پشیلە دەچن وەفا بەشی ژەمێک خۆراکیان ناکات

لەڕۆژدا لەنێو یەک ڕیزدا چەشنی ئەستێرەیەک ڕۆحیان دەکشا

لەشەودا چەشنی جەلادێکی دڵڕەقی مافیا یەکترییان دەکوشت

هەموو ژیانیان دابویە دەست قەزا و قەدەر و قوفڵێکیان دابوو لەدەرگای بیرکردنەوەیان بێئاگا لەوەی مردنی ڕۆڵەکانیان بەدەستی جەلادەکان قەزاو قەدەر نییە

هە ژارەکان لەنێو ماڵی خوا دەگرین و دەپاڕینەوە دواجاریش لەسەر سفرەی خواپێداو چەشنی کۆیلەیەک خۆراکی بەسەرچوو دەخۆن

لەنێو بازاڕی ئەم شارەدا ڕێک نزیک مینبەری خودا دەمامک بەخۆڕایی بوو

درۆ لەپێشبڕکێی شاجوانیدا خەڵاتی بردەوە

گۆڕینی ڕووخسار تاوان نەبوو بەڵکوو داهێنانێکی مەزن بوو

مڕۆڤ بۆ فرۆشتن نەبوو کەچی گیان و جەستەی مرۆڤ هەڕاج کرا

ئەوانەی چیرۆکی نادیاری نێو ئەفسانەکانیان دەگێڕایەوە و مرۆڤیان بۆ دەزەخ دەنارد خۆیان لەنێو دنیای فانیدا خەریکی بەهەشت بوون

جەنگ هیلاکی نەکردن

لەوپەڕی خوێڕێتییەوە بگەڕێتەوە و خەتمی گوناهەکان بکەیت

تەنیا چەند لیترێک ئاو بۆ شۆردنی گەڵوگونت و تۆزێک چەمانەوە چەشنی وەرزش تۆ پسووڵەی مرۆڤبوون و پاکبوونەوە وەردەگریت

لەنێو ڕووخساریاندا هەزاران تاوانی شاراوە دەبینم و شەرم ناکەن کەچی ئەوەندە دڵڕەق و گەمژە و نەفام دیارن شەڕ بەتەنیایی من دەفرۆشن

لەم شارەدا سوێندخواردن قەرزی داپۆشنی تاوانە بۆ ئەوەی بازگەی تاوان و سزا تێپەڕێنن

پسووڵەی سوێندخواردنیان لەنێو زمانیاندا هەڵواسی

گوناهن ئەم خەڵکە

لە هەینیدا هەموو شتێک بێدەنگ شار بێدەنگ ماڵ خامۆش مرۆڤ کەڕ و لاڵ دووکانەکان قوفڵ لەزمانیان دەدرێت

خەڵکی لەبەردەم شەقامەکاندا گوێچەکەیان هەڵخست بەتەنافێکی ڕزیودا زمانیان لە شەش ڕۆژی هەفتەدا چەشنی شەقاوە دێت و دەچێت

بێدەنگی مەراسیمەکەی داپۆشی قوڕگی نووسا هێندە هوتافی کێشا

تۆزێک خۆڵی خستە ژێر زمانی چەشنی ئەو منداڵەی لەغەزە لەبری خۆڕاک خۆڵ دەخوات کەچی هیچ کام لە پیاوانی خودا چرکەیەک شەرمەزاری ڕووخساری نەشێواندن

 


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا