ناڵە حەسەن
١
من نامەوێت
ڕوخسار و جەستەم بگۆڕم و
خۆم بکەم بە ژن
بەڵام حەزدەکەم
منی پیاو
بە خەیاڵ و مێشکی ژن
بیربکەمەوە و شیعر بنووسم
بە چاوەکانی ژن بڕوانم و
بە هەستەکانی ژنیش خەون ببینم
٢
کاتێک
لەسەر سەکۆیەکی بڵندەوە
بە دەنگێکی نێرینەی گڕەوە
لەنێو گوتارەکانم دا دەڵێم
( ژنەکەم ، ئۆتۆمبێلەکەم ، خانووەکەم ، دەمانچەکەم ،
قاسەکەم ، سامانەکەم
کورسییەکەم ، تاجەکەم ، دەسەڵاتەکەم ..... !)
منی پیاو
خۆم وەک کۆیلەیەک دێتەبەرچاو
کۆیلەی کاڵا و کۆیلەی زەوی و
کۆیلەی شتومەکە بێ گیانەکان
بۆیە ڕقم لە میمی پاشگر و
لە هەموو میمەکانیتر دەبێتەوە
٣
کاتێکیش
ئەم هەموو جەنگ و خوێن و
کوشتن و مردن و
تاریکی و تێنوێتی و
برسییەتی و کۆچکردنە دەبینم
منی پیاو
خۆم وەک دڕندەیەک دێتە بەرچاو
بۆیە ڕقم لە پیاوبوونی خۆم دەبێتەوە
٤
شەرمەزارم
کە نەمتوانی وەک مرۆڤ
عاشقانە بژیم و
لەگەڵ کوڕ و کچە دڵ پڕ ئومێدەکان
دەست بخەینە ناو دەستی یەکتری و
بەدەوری مەشخەڵی ئاگرێکی گەش
سەما دابەستین و
گۆرانییەکانی موحیبەت و
سروودەکانی ئازادی و
بەستەکانی خۆشەویستی بڵێینەوە
٥
چاو بەرەوژێرم
کە نەمتوانی وەک مرۆڤ بژیم
بە هەورازەکانی جوانی هەڵگەرێم و
هەر لەشوێن خۆم
لەنێو
گۆمە شینکە پڕ قەوزەکانی ناشیرینی مامەوە
بۆیە دەمەوێت
منی پیاو
لەنێو کیشوەری میمی پاشگر و
لەنێو نیشتیمانی پیاوەتی خۆم بڕۆمە دەرەوە !
ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣