شۆڕش/ڕێگای کوردستان - بۆکان
هەینی ١٠ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٥، ڕێوڕەسمی هەڵسەنگاندنی "خەڵاتی نۆبێل" لە لایەن "ئاکادیمیای پاشایەتیی سوید"ەوە بەڕێوەچوو. لە خولی ئەمساڵدا "نۆبێلی ئەدەب" بەخشرا بە "لاسلۆ کراسناهۆرکای"، نووسەری پۆست-مۆدێڕنیستی ناوداری هەنگاری. "ئاکادیمیای سوید" لە بابەت بەرهەمەکانی ناوبراو ڕایگەیاند: «بەرهەمە پاراو و وردبینانەکانی کە لە نێوان ترسە ئاخیرزەمانییەکان، سەلمێنەری هێزی هونەرن».
"کراسناهۆرکای" ساڵی ١٩٥٤ لە شارۆچکەی گیولا، لە باشووری ڕۆژهەڵاتی هەنگاریا (مەجارستان)، لە نزیک سنووری ڕۆمانیا (ڕۆمانی) لەدایکبووە. لە ژانڕەکانی چیرۆک، ڕۆمان و فیلمنامەشدا کاری کردووە؛ بەڵام بە گشتی بە نووسینە درێژ، قووڵ و فەلسەفییەکانی ناسراوە. یەکەم بەرهەمی چاپکراوی نۆڤڵێتی "ساتانتانگۆ(Sátántangó 1994)"یە، کە لە ساڵی ١٩٨٥ بە زمانی هەنگاری نووسراوە. ساڵی ٢٠١٣ وەرگێڕدراوەتە سەر ئینگلیزی و هەر ئەو ساڵەش خەڵاتی "باشترین کتێبی وەرگێڕدراو" و بەدوای ئەوەدا ساڵی ٢٠١٥ "خەڵاتی مان بووکێڕ"ی بەدەست هێناوە. ساڵی ٢٠١٦-٢٠١٧ لەژێر ناوی "تانگوی شیطان" لە لایەن "سپەند ساعدی"یەوە کراوەتە فارسی و لە لایەن بڵاوگەی "نگاه" لە ئێران بڵاو کراوەتەوە.
"ساتانتانگۆ" ڕۆمانە ناودارەکەی دواتر بووە بە ئیلهامی فیلمێکی ٤٥٠ خولەکی، کە ساڵی ١٩٩٤ لە لایەن "بێلا تار" دەرهێنەر و فیلمسازی هەنگارییەوە بەرهەم هاتووە. هەروەها "ئەسپی توورین(A torinói ló 2011)، "پیاوێک لە لەندەنەوە(A Londoni férfi 2007)"، "هاڕمۆنییەکانی وێڕکمایستێڕ(Werckmeister harmóniák 2000)" و "نفرین(Kárhozat 1988)" لە بەرهەمەکانی تری نووسەرن، کە لە لایەن هەمان دەرهێنەرەوە بەرهەم هاتوون. "کراسناهۆرکای" جیا لەم بەرهەمانە خاوەنی زیاتر لە ٢٠ بەرهەمی ڕۆمان، چیرۆک، وتار و دیمانەیە. بەشێکی زۆر لە بەرهەمەکانی لە هەنگارییەوە بۆ سەر زمانەکانی ئینگلیزی، فەڕانسی، ئەلمانی، سویدی و... وەرگێڕدراون.
هیوا هەیە چالاکانی بواری وەرگێڕان هەوڵی وەرگێڕانی بەرهەمەکانی ئەم نووسەرە دیارە بگرە ئەستۆ و بۆ سەر زمانی کوردیش وەرگێڕانی بۆ بکەن. تاکوو خوێنەری کوردیش لە ئەزموونی خوێندنەوەی بەرهەمگەلی ئەم نووسەرە دیارە بێبەش نەبن.
*
"خەڵاتی نۆبێل" بە ئینگلیزی "Nobel Prize" یەکێک لە بەنرخترین و گرینگترین خەڵاتەکانی ئەم سەردەمەیە، کە لە بوارگەلی جۆراوجۆری وەکوو ئاشتی، ئەدەب، پزشکی، ئابووری، فیزیا و کیمیا ساڵانە بە چالاکانی ئەم بوارانە دەبەخشرێت. بونیاتنەری ئەم خەڵاتە "ئاڵفڕێد بڕێنهارد نۆبێل (١٨٣٣-١٨٩٦)" کیمیازانی سویدی بوو. "نۆبێل" ئەندازیارێکی شارەزای چەکوچۆڵ و تەقەمەنی بوو، کە یەکێک لە بەرچاوترین داهێنانەکانی لەم ڕەهەندەدا دروستکردنی تەقەمەنیی "تیئێنتی" بوو. ناوبراو تا کۆتایی تەمەنی هەرگیز هاوسەرگیری نەکرد و بەر لە مردنی وەسێتی کرد کە ٩٤لەسەدی ماڵ و داراییەکەی کە بریتی بوو لە کۆمپانیای گەورەی چەک و چۆڵ، لە پاش نەمانی بۆ خەڵاتێک تەرخان بکرێت و ساڵانە لە سەرتاسەری جیهان پێشکەشی کەسانی نوخبەی بوارە جۆراوجۆرەکان بکرێت. سەرەنجام "ئاڵفڕێد نۆبێل" لە ١٠ی سێپتامبری ١٨٩٦ بەهۆی خوێنبەربوونی مێشک لە ئیتالیا گیانی لەدەست دا. پەنج ساڵ لە دوای مردنی، لە ساڵی ١٩٠١دا وەسێتەکەی بەدی هات و یەکەم خولی "خەڵاتی نۆبێل" بەڕێوە چوو.
بەشێک لە ناودارترین براوەکانی "نۆبێلی ئەدەبی" بریتین لە ڕۆمەن ڕۆلان، هێرمان هێسە، ئاندرێ ژید، ڤیلیام فاکنەر، بێرتراند ڕەسڵ، ئێرنست هێمینگوەی، ئەلبێر کامۆ، ژان پۆل سارتر، میخائیل شۆلۆخوف، گابریێل گارسیا ماڕکێز. وە لە "نۆبێلی ئاشتی"دا مارتن لۆسەر کینگ، ئەنوەر سادات، گۆرباچۆف، نێڵسۆن ماندێلا، ئیسحاق ڕابین، یاسر عەرەفات و باراک ئۆباما لە ڕیزی ناودارترین براوەکانن. هەروەها یەکەم کوردێک لە مێژوودا کە توانی ئەم خەڵاتە بەدەست بهێنێت "نادیە موراد" بوو. نادیە کە یەکێک لە ژنە ئێزیدییە ڕزگارکراوەکانی دەستی تیرۆریستانی داعش بوو، لە ساڵی ٢٠١٨ دا بە هۆی لێدوان و چالاکییەکانیان بە هاوبەشی لەگەڵ "دینیس مەکویگی" بوون بە براوەی خەڵاتی "نۆبێلی ئاشتی".
سەرچاوە: ماڵپەڕی فەرمیی خەڵاتی نۆبێل (www.nobelprize.org) / ماڵپەڕی فەرمیی لاسلۆ کراسناهۆرکای (www.krasznahorkai.hu) / BBCی فارسی / Euro Newsی فارسی