حەمەسەعید حەسەن

 

نەفرەت لەوەی لە چاپەکانی داهاتووی بەرهەمەکانمدا،

ڕستەیەکم، وشەیەکم، یان تەنانەت حەرفێکم دەگۆڕێت.

شۆپنهاوەر

 

 جۆن جالزۆرتی (١٨٦٧ – ١٩٣٣) نووسەرێکی گەورەی بریتانیایی بوو، بەڵام هیچ بایەخ بە بەرهەمی نەدەدرا، لەبری ئەوەی بەرز ئێشەکانی بنرخێندرێت، سووک سەرنجیان دەدرا، ئەوەیش هەستی بریندار کردبوو. بەوەی کە ١٩٣٢ نۆبێڵی لەسەر ڕۆمانە ڕیالیستەکانی وەرگرت، ڕەخنەگران تووشی شۆک هاتن، بەڵام چونکە بەخت یاوەری نەبوو، دوو سێ مانگ دوای ئەو خەڵاتە مەزنە، کۆچی دوایی کرد. لای ئێمە تەنیا نووسەرێک نا، نزیکەی هەموویان، گلەیی ئەوەیان هەیە، کە ڕەخنەی ئەدەبی وەک پێویست ئاوڕی لە بەرهەمیان نەداتەوە، تەنانەت بەشێکیان دەڵێن: کورد ڕەخنەگری نییە، بێ ئەوەی هەستی ئەوانەی دەیان ساڵە، ژیانی خۆیان بۆ ڕەخنەی ئەدەبی تەرخان کردووە، لەبەر چاو بگرن! شآعیری ئینگلیز ۆردزۆرس (١٧٧٠ – ١٨٥٠) لەبارەی کۆڵڕیدج (١٧٧٢ – ١٨٣٤)ی شاعیری هاوزمان و هاوڕێیەوە گوتوویەتی: (هەمیشە دەجووڵێت، بێ ئەوەی هیچ بکات.) کۆڵڕیدج ئیشی جوانی لەدوای خۆی بەجێ هێشت، بەڵام لای ئێمە گەلێک نووسەر هەن، لەمێژە خەریکن و هیچیان دیار نییە، شیاوی بەسەرکردنەوە بێت.

(شیعرنووسین بەڵگەیە بۆ ئەوەی، ژیان بە تەنیا بەشمان ناکات.

گوێ نادەمە کێش و سەروا، ئاخر هەرچەندە بەدەگمەن دوو درەختی لە یەکدی دەچن، کەچی دارستان هەر جوانە.

شاعیری باڵا ئەوە دەنووسێت کە هەستی پێ دەکات، شاعیری مامناوەندی خۆی بڕیار دەدات، هەست بە چی بکات، کۆلکەشاعیر بڕوای بەوەیە کە قەرارە هەستی پێ بکات.)(*)

خاتوونە شاعیری ئەمریکایی ئێمیلی دیکنسۆن (١٨٣٠ – ١٨٨٦)  گوتوویەتی: (کە شیعرێکی ڕاستەقینە دەخوێنمەوە، لە سەرماندا لەرزێکم لێ دێت، هیچ ئاگرێک گەرمم ناکاتەوە.)

جۆزێف جووبێر (١٧٥٤ – ١٨٢٤) دەیگوت: گوڵی بەهرە ناگەشێتەوە، ئەگەر بە سۆزی سەرکوتکراو ئاو نەدرابێت.

جاران دەیانگوت: (شیعر پشتی بە میتافۆرێک قایمە، بتوانین وێنەی بکێشین،) کەچی لەمێژە شیعر ئەو تەکنیکەی فەرامۆش کردووە.

بۆ ئەوەی شاعیرێکی خراپت لێ دەربچێت، بێجگە لە شیعر، هیچی دیکە مەخوێنەوە!

دەڵێن دیلان تۆماس (١٩١٤ – ١٩٥٣) جوانترین شیعری خۆی، بە سەرخۆشیی نووسیوە.

گەورەترین خزمەتێک پێشکەش بە نووسەرێکی بکەین، ئەوەیە بۆ ماوەیەکی دیاریکراو، نووسینی لێ قەدەغە بکەین، ئاخر نووسین بەبێ پشوو، بەهرە دەکوژێت و نووسەر ئەگەر ناوبەناو هەست و ئەزموونی خۆی پاشەکەوت نەکات، وشک دەکات.

وەک چۆن بکوژی پیشەگەر، بە نهێنی پلانی کوشتن دادەڕێژێت، نووسەری بەهرەمەندیش، بە هەمان وریایییەوە پلانی نووسین دەچنێت.

یان دەبێت کتێب نەنووسین، یان کە نووسیمان، دەبێت شتی وای تێدا بڵێین، زاتی ئەوەمان نەبێت، لای کەس بیدرکێنین.

نووسەرێک لە ژیانی ڕۆژانەیدا، هیچی پێ شەرم نەبێت، نووسینەکانی هیچ بایەخیان نابێت.

وەک چۆن نووسەر هەیە، هیچی نوێی پی نەماوە و خۆی دووبارە دەکاتەوە، میللەتیش هەیە، کورد ئاسا هیچی تازەی پێ نەماوە و خۆی کاوێژ دەکاتەوە.

هەر گەلێک شانازی بە زمانەکەیەوە نەکات و پێی وانەبێت، زمانەکەی دەوڵەمەندترین و شیرینترین زمانی دونیایە، گەلێکە کەوتووەتە دەرەوەی مێژوو.

جۆرە مەیموونێک هەیە بە گرووپ پێکەوە دەژین، ئەگەر یەکێکیان لە ئینسان نزیک بووەوە، گرووپبەدەری دەکەن، کەچی گەلی ئێمە ئەوە بە ئاسایی وەردەگرێت، ئەگەر کوردێک دەستی لەگەڵ دوژمنە سەرسەختەکەیدا تێکەڵ کرد!

هەمیشە وا هەست دەکەین، ئەو ئیشەی ئەم و ئەو دەیکەن، ئێمە لەوانی باشتر دەکەین، بەڵام هەرگیز وا هەست ناکەین، کەسێک هەبێت، لە ئێمە باشتر، ئەو ئیشە بکات کە ئێمە دەیکەین.

هەر کەسێکمان بگریت، پێی وایە، ئەوە تەنیا خۆیەتی، بەدوای ڕاستیدا وێڵە و بێجگە لە خۆی، ئەستەمە کەسێکی دیکە بە حەقیقەت بگات.

تەنیا لە منداڵ و لە شێتی قەبووڵ دەکەین، ڕاستگۆبن لەگەڵماندا، ئەوی بوێرێت لاسایی منداڵ یان شێت بکاتەوە، غەزەبی لێ دەگرین.

هەموو جۆرێک لە پەلەکردن، با بۆ چاکەکردنیش بێت، نیشانەیە بۆ هەبوونی کەموکووڕییەک لە ئاوەزدا.

ئێمە بەرەو مردن ڕاناکەین، لە کارەساتی لەدایکبوون هەڵدێین. بە لامانەوە سەختە، لەدایکبوون بە لێقەومان بزانین، ئاخر وا حاڵیی بووین، ژیان سەرەتایەکی جوان و کۆتایییەکی دزێوی هەیە، هەرچەندە بەڵا گەورەکە لە پشتمانەوەیە، نەک لە پێشمانەوە. بوودا چاکی بۆچووبوو کە دەیگوت: (سەرچاوەی کارەساتەکان، لەدایکبوونە، نەک پیری، یان مردن.)

لەو عەدەمە بۆچی بترسین کە چاوەڕێمان دەکات، خۆ هەر لەو عەدەمە دەچێت کە پێش لەدایکبوونمان هەبوو.

تا ئەزموونمان زیاتربێت، داهاتوو ڕەشتر دەبینین. جاران کە کەسێک دەمرد، دەمگوت: هیچ خۆشییەکی لە ژیان نەبینی؟ ئێستا کە زیندوویەک دەبینم، دەڵێم هیچ خۆشییەک لە ژیان نابینێت.

لە  قەڵەباڵغیی هەڵدێین، کەچی لە چۆڵەوانیشدا هەست بە نیگەرانی دەکەین.

کە بێزار دەبین، ئارەزووی مردن دەکەین، کە مەترسیی مەرگ لێمان نزیک دەبێتەوە، هەست بە بێزاری دەکەین.

داماپادا کە لای بوودایی دەقێکی پیرۆزە، دەڵێت: (بۆ ئەوەی هەست بە ئازادی بکەین، هەر کۆتی شەڕ نا، دەبێت کۆتی خێریش بشکێنین.)

باشترین ڕێگە بۆ ئەوە وەتاق بکەوینەوە، ئەوەیە: هەمووان بریندار بکەین، بەڵام لەوانەوە دەست پێ بکەین کە خۆشمان دەوێن.

ئەگەر هەموو ژیانمان نمایشکردن بێت، هەقە خۆمان بە بووکەشووشە بزانین، نەک بە ئینسان.

ئەو کێشە نییە، خەڵک تۆیان لا پەسەندە یان نا، ئەوە کێشەیە، خۆت خودی خۆتت لا پەسەند نەبێت.

لوتکەی وەڕزبوون کاتێکە، دەرەوە بۆ شتێک بگەڕێین کە لە ناوەوەماندایە.

ئەگەر تووشی بەڵایەک هاتیت و هەرەست هێنا، ئەوە هیچ گومانت نەبێت لەوەی کەسێکی بێبەهرەیت، ئاخر بەهرەدار بە بەڵا بەهێزتر دەبێت.

هەر جارێک زەمەن غەدرێکم لێ دەکات، لە دڵی خۆمدا دەڵێم: ڕۆژێک دادێت یەکێکمان بکشێینەوە، خۆ نابێت هەتا هەتایە، سەنگەر لە یەکدی بگرین.

فەندەمەتالیست کەسێکە پێی ئاسایییە خۆی بە کوشت بدات، بەڵام ئامادە نییە، گوێ لەوی دیکە بگرێت.

ئەوە ڕێسایەکی گەردوونییە، کەسە نزیکەکانمان زیاتر لەوانی دیکە، گومان لە بەهرە و توانامان دەکەن، دوژمنی هەرە سەرسەختی بوودا، یەکێک بوو لە ئامۆزاکانی.

کە گەنج بووم، چێژم لەوە وەردەگرت دوژمن بۆ خۆم بخوڵقێنم، هەنووکە کە دوژمنێکم لێ پەیدا دەبێت، هەر زوو لەگەڵیدا دەسازێم، بۆ ئەوەی ناچار نەبم، بایەخی پێ بدەم.

بە درێژایی دیرۆک، ئینسان لەم وەهمەوە بۆ ئەو وەهم و لەم دۆگماوە بۆ ئەو دۆگما بەڕێوەبووە، کە وەهم و دۆگما شەکەتیان کردووە، هانای بۆ گومان بردووە. ئەگەر گومان نەبووایە، وەهم و دۆگما ئینسانیان دەپڕووکاند.

دەتوانین بێ باوەڕ بژین، بەڵام بێ گومان، نا.

بۆ ئەوەی توانای ئەوەمان هەبێت لەبارەی ئایینەوە قسە بکەین، پێویستە یان باوەڕدار بین، یان بێدین، کێشەکە ئەوەیە، ئایینناس، ناتوانێت هیچ کامیان بێت.

لە قۆناغی فرەخوداوەندیدا، ئینسان ئازادتربوو، وەک لە سەردەمی تاکخودایی. کە بتێک دەشکێنین، بتێکی دیکە جێی دەگرێتەوە.

بە گوێرەی میسیۆلۆجیا خوا پێی باش نەبووە، ئادەم و حەوا چاوکراوە بن، بۆیە پێی گوتوون: نابێت لە بەری درەختەکە  بخۆن.

*

(١) إمیل سیوران، المیاه کلها بلون الغرق، ترجمة: أدم فتحي، منشورات دار الجمل، ٢٠٠٣ کولونیا.

(٢) أمیل سیوران، تأریخ و یوتوبیا، ترجمة: أدم فتحي، منشورات دار الجمل ٢٠١٠ بیروت.

(٣) إمیل سیوران، مثالب الولادة، ترجمة: أدم فتحي، منشورات دار الجمل ٢٠١٥ بیروت.

(*) فێرناندۆ پێسوا (١٨٨٨ – ١٩٣٥) شاعیرێکی پورتوگالی.

 


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا