عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)
  


چیرۆکی (ئامە دەمڕەش)، دەقێکی گێڕانەوەی سەرنجڕاکێشە کە لە نووسینی فازیل کەریم ئەحمەدە و لە گۆڤاری نووسەر، ژمارە یەک، ئەیلوولی ١٩٩٠، لە وڵاتی سوید، بڵاوبۆتەوە.(١) ئەم چیرۆکەم بەڕێکەوت لەکاتی گەڕان بەنێو ماڵپەڕ و کتێبخانەکانی نێو ئەنتەرنێتدا لە ماڵپەڕی( هەواڵنامەی کتێب) لە گۆڤاری نووسەر؛ بەرچاو کەوت و خوێندەوە. چیرۆکەکە گەرچی لە ٥ ی تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٨٩ دا نووسراوە، بەڵام ناوەڕۆکەکەی شایانی ئاوڕلێدانەوەیە. من هەوڵ دەدەم دوای ٣٧ ساڵ لەنووسینی چیرۆکەکە،لەم کورتە نووسینەمدا خوێندنەوەیەکی کورت بۆ نالۆژیکبوونی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی نێو چیرۆکەکە بکەم.

کورتەیەک سەبارەت بە ناوەڕۆکی چیرۆکەکە
عەزیز؛ کرێکارێکی تازە دوو هەفتە دامەزراوی کارگەیەکی ئۆتۆمبێسازی گەورەیە لە ئەڵمانیا کە هەزاران کرێکار بە دوو شفت کاری تێدا دەکەن. (کارگەکە کارگەی ئۆتۆمبێل دروست کردنە. هەر بەناو کارگەیە، ئەگینا شارێکە بۆ خۆی. هەتا چاو هەتەر کات، هەر شاخی ئاسن و مەکینە و لوولە و وایەرە.)(٢) ئەم شارە زەبەلاحە بەخوێن و ڕەنجی کرێکارەکان کار دەکات و هەڵدەسووڕێت. کرێکارەکان وەکو کۆیلە مامەڵەیان لەتەکدا دەکرێت. کارەکتەری چیرۆکەکە (عەزیز) زوو کچێکی سەوزەی چاوگەش سەرنجی ڕادەکێشێت. هەرچەندە عەزیز خێزاندارە و دوو منداڵ ( ژووان و کارزان) و ئامەی هاوسەری لە ئەڵمانیا لەگەڵیدان، بەڵام سنووربەزاندنی ئامە چ لە ئەرکی دایکایەتی و چ لە ئەرکی هاوسەریدا، عەزیزی بێزار و وەڕسکردووە. عەزیز و ئەو کچە کرێکارە (نامۆ – کە دواتر دەردەکەوێت ئەویش ناوی ئامەیە) پەیوەندییەکانیان لە پەیوەندی کارکردنەوە دەگۆڕدرێت بۆ پەیوەندی سۆزداریی. عەزیز هەرچەندە بیری منداڵەکانیشی دەکات، بەڵام مامەڵەی هاوسەرەکەی دەیگەێنێتە ئەو بڕوایەی بەدوای بیر لە بنیادنانی پەیوەندییەکی سۆزداری تر بکاتەوە. پەیوەندییەکەش لەسەر بنەمای درۆ و زانیاری ناڕاست دامەزراوە. عەزیز خۆی وەک کەسێکی ئیتاڵی (مارکۆ) دەناسێنیت . سەرەتا وا دەزانێت کچەکە یۆنانییە و پاشان بۆی دەردەکەوێت کوردە و خەڵکی باکووری کوردستانە و لە درێژەی چیرۆکەکە دەردەکەوێت کە نامۆ لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە زیندانی کراوە و سووکایەتی تا ئاستی دەستدرێژی سێکسی پێکراوە. عەزیز شوناسی کەسیی و نەتەوەیی خۆی دەشارێتەوە و هەرچەندە زانیارییەکانی لەسەر کورد و کوردستان گومان لای نامۆ دروست دەکەن. ئەم دوو عاشقە کۆتایی هەفتەکە لەقەراغ دەریا و پاشانیش لەماڵی (نامۆ) خەریکی ڕابواردن و چێژبینینی خۆیان دەبن، تا سەرەنجام ڕۆژێک عەزیز و نامۆ دەیانەوێت لە کارگە بچنە دەرەوە و کاتێکی خۆش بەسەر بەرن، عەزیز دەبینێت ئامە و هەردوو منداڵەکەی لەبەردەم کارگە وەستاون و چاوەڕێی عەزیز دەکەن. (چەند هەنگاوێک پێش ئەوەی وەبەر دەرگای سەرەکی بگەن و شوناسنامە دەرکەن و پیشانی دەرگاوانەکانی بدەن. عەزیز لەچەقی دەرگاکەدا ئامە و ژووان و کارزانی بینی. لەجێگەی خۆی دا ڕەپ بوو، هەناسەی لێ بڕا و خوێنی تیا نەما. نەدەیتوانی نەبەرەو پێشەوە هەنگاو بنێ، نە بەرەو پاشەوە…خۆی وەکو ئەو ڕۆژە هاتەوە بەرچاو کە هەلیکۆپتەرەکان کردبوویانە نیشانە و سەر و پشت و دەست و پێ ی چاوەڕوانی بارانی گوللە بوون.)(٣) لێرە وەستایانە چیرۆکنووس کۆتایی چیرۆکەکەی بە خوێنەر سپاردووە.

ژیانی پەناهەندەیی و نالۆژیکیی پەیوەندی کۆمەڵایەتی
چیرۆکنووس فازیل کەریم ئەحمەد ئەم چیرۆکەی حەوت ساڵ دوای گەیشتنی بە وڵاتی ئەڵمانیا نووسیوە. لەم چیرۆکەدا هەرچەندە هەوڵیداوە خەیاڵ ئەدەبیی خۆی تێکەڵ بە واقیعی ژیانی پەناهەندە بکات، بەڵام سەرکوتوو نەبووە. ئەوە ڕاستە دەکرێت ئامە دەمڕەشێکی لەوجۆرە لە ئەڵمانیا یان وڵاتێکی تری ئەوروپی بوونی هەبێت، بەڵام گشتاندنی کەسایەتی ئامە بەسەر دۆخی سەرجەم ژنانی پەناهەندەی کورد لە ئەڵمانیا و ئەوروپا دوورە لە واقیعەوە.(ئێواران لەبری ماندوونەبوون و بەخێرهاتنەوە لێ کردن، یەکسەر پێم دەڵێ: عەزە زوو هەستە چێشتێکی خۆشمان بۆ لێ بنێ. لەبرسانا خەریکە دڵم دێتە دەرەوە.) (٤) یان (هێشتا قوزەلقورتەکە لە گەرووی نەچۆتە خوارێ، هاوار دەکات: عەزە خوێڕی پەلەکە دەفرەکان بشۆ و چایەکی خەست و خۆڵیش لێ بنێ. تۆزێکی کە میوانمان دێ و جوان نییە ئەم ناوە وا پیس و شێواو بێت. پێش ئەوەی بنوێ دەڵێ: عەزە ماکەر، هەر زۆر هیلاکم و هەموو گیانم تێشکاوە، سوپەرمارکێت نەماوە سەری پێدا نەکەم، دەی هەستە تۆزێ پشتم بشێلە. شەوانیش پرخەی خەوی سەعاتە ڕێیەک دەڕوا. هەر نیو سەعات جارێکیش کۆڵە مستێکم تێ دەگرێ و دەڵێ: ئەوە چیە وەکو مانگای مالوان پاڵ کەوتووی و دوو قسەی خۆشیشم بۆ ناکەی…هەندێ شەویش سەعات یەک بۆ دیسکۆ دەچێ و شەشی بەیانی دێتەوە.)(٥) ئەم جۆرە مامەڵە کۆمەڵایەتییە لەوڵاتێکی ئەوروپیی وەکو ئەڵمانیا، مامەڵەیەکی تەندروست و واقیعی نییە. ئەم گرێبەستە هاوسەرگیرییەی ئامە و عەزیز سنوورەکانی ڕێز و مافی ئینسانیی تێپەڕاندووە و تا ئاستی کۆیلەیی و ژێردەستیی دابەزیوە. ئەگەر ئەم پەیوەندییەی ئامە و عەزیز وەکو پەیوەندی ستەمکار و ستەملێکراو چاو لێبکەین و عەزیز وەکو هاوسەرێکی بێدەسەڵات و بێئاگا لە مافەکانی ببینین( کە وا نییە)، ئەوا ئەو پەیوەندییە لای منداڵەکان( ژووان و کارزان) جێی قەبووڵ نییە و ئەوان لە باخچەی ساوایان و قوتابخانەوە فێری پەیوەندییەکی تەندروست و ڕێزلێنان و ژیانی دوور لە هاتوهاوار و ژاوەژاو و توندتیژیی دەکرێن. بۆیە ئەگەر ئەم دۆخە پڕ لە ستەمە لەلایەن عەزیزەوە قەبووڵ بکرێت، ئەوا لەلایەن منداڵەکانییەوە ڕەت دەکرێتەوە و مامۆستای قوتابخانەی لێ ئاگادار دەکرێتە و پاشان پۆلیس و دەوڵەت سنوور بۆ ئەم تووندتیژییە دادەنێن. لەلایەکی ترەوە جنێو و سووکایەتییەکانی (ئامە) و هەروەها چوونی بۆ دیسکۆ لەسەعای یەکی شەو تا شەشی بەیانی و جێهێشتنی هاوسەر و هەردوو منداڵەکەی لەماڵەوە زۆر دەگمەنە و دوورە لە واقیعی ژیانی ئاسایی پەناهەندە کوردەکان لە ئەڵمانیا و زیاتر خەیاڵزادەی نووسەرە. لەملاشەوە پەیوەندی سۆزداری نێوان(نامۆ و عەزیز) لەو ماوە کورتە پێوانەییەدا و تا دەگاتە پێکەوە نووستن، ناچێتە عەقڵی هیچ خوێنەرێکی زیرەکەوە. بەتایبەتیش هەردووکیان کوردن و هەڵگری هەمان نەریت و پاشخانی کلتوورین. خۆ ئەگەر کوردیش نەبوونایە و ئەوروپیی یان ئەڵمانیی بوونایە هێشتا سەدان فرسەخ لە ژیانی ئاساییەوە دوورە. چونکە لە ئەوروپا نە پیاو قاتییە و نە سێکسیش ئەو تابوویەیە کە کەس دەستی پێ نەگات. بۆیە دەبینین چیرۆکنووس زیادەڕۆیی بە بابەتەکەوە کردووە و ئەمەش بەبڕوای من لە بەهای چیرۆکەکەی کەم کردۆتەوە.(لەیەک نزیک بوونەوە، تا گیانیان بەریەک کەوت. بەترس و لەرزەوە دەستی لەسەر پشتی دانا. تەزوویەک بە لەشیا هات. پێستی هێندە ناسک و تورت بوو، هەستی دەکرد دەست بەسەر پەڕەی گوڵدا دەهێنێ. نەیدەویست دەست لە شێلان هەڵ بگرێ، نامۆش خۆی کربووە ماستی مەییو…دەستی بە قژیا هێنا، شەمزاندی. زانی تەواو خاو بۆتەوە، هەناسەی تێکەڵاوی هەناسەی کرد.)(٦) مەسەلەی سێکسکردن مافێکی سروشتی مرۆڤەکانە و قسەیەکمان لەسەری نییە، بەڵام ئەم تێگەیشتن و متمانەیە بەیەکتر (لەکاتێکدا هەردووکیان درۆ لەگەڵ یەکتر دەکەن)، ناتوانرێت لەماوەی دوو سێ هەفتە و تانەنەت لەماوەی دوو سێ مانگیشدا دەستەبەر بکرێت. بۆیە ئەم نالۆژیکییە لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی دوو کرێکاری پەناهەندەی کورد لە ئەڵمانیا بەهای چیرۆکەکەی هێناوەتە خوارەوە.

لەسەر کرێکاریبوونی چیرۆکەکە و مەسەلەی ژن
ئەم چیرۆکە(ئامە دەمڕەش)، باس لە ژیانی کرێکارانی پەناهەندە دەکات لە ئەڵمانیا. واتە هەم وێنای دۆخی نالەباری ژیانی کرێکار وەک کۆیلەی نیزامی سەرمایەداری و هەمیش وێنای دۆخی پەناهەندەی کورد و ڕۆژهەڵاتیی کردووە. دیارە ئەمە خاڵێکی بەهێز و گەشی دەقەکەیە. چیرۆکەکە لەناو کارگەوە دەست پێدەکات و هەر لە کارگەش کۆتایی دێت. گەرچی ڕووداوەکان چەندجارێکیش دەچنە دەرەوەی کارگە. چیرۆکەکە وەسفی وردی کارگە و کارەکانی تێدایە و تەنانەت دەچێتە سەر چاودێر و بەرێوەبەر و نەقابە و کۆبوونەوەی کرێکاران و ئاسایش و سەلامەتی کار و ژینگەی بەرهەمهێنان و تەنانەت ئاماژەش بە هەر سێ بەرگە شینەکەی (کەپیتاڵ) ی مارکس دەدات. (لەم شەوانەدا دەڕوانم بێجامەیەکی خەت خەتی سووری لەبەر کردووە و چاویلکەیەکی زلی لەسەر لووتە کفتەیی یەکەی هەڵواسیوە و هەر سێ بەرگە شینەکەی (کەپیتاڵ)ی لەسەر یەکتر هەڵچنیوە و دەڵێ: من دەمەوێ لەوە تێ بگەم کە بۆچی ئەم پیاوە کاری ناوماڵی ژنی لەسەر داهاتی نەتەوەیی نەژماردووە. ئەمە هەڵەیەکی تیۆری گەورەیە، کە ئەو بەرامبەر ژنان کردوویەتی.)(٧) چیرۆکنووس سەرەتا (ئامەدەمڕەش)مان وەکو ژنیکی بێ پرەنسیپ و نیمچە بەڕەڵڵا و بێڕێز و تەنانەت ستەمکاریش بۆ وینا دەکات و دواییش دەبینین ئامە خەریکی ڕەخنەیە لە کەپیتاڵی کارڵ مارکس. واتە ئامە دەمڕەش کەسێکی تێگەیشتووە و بەئاگایە لە خەباتی چینایەتی و خاوەی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانەیە. ئەم ناکۆکییە لە نیشاندانی کارەکتەری (ئامە) دەقەکەی لەبەردەم بێمتمانەیی خوێنەر داناوە. بۆیە دەبینین لێرەدا پەیامێکی تر خۆی لەنێو دێرەکانی چیرۆکەکە مەڵاسداوە. ئەویش وێناکردنی ژنانی شۆڕشگێڕ و بەئاگا لەخەباتی چینایەتی بە بێرێز و ستەمکار و بەرەڵڵا کە تەنها خەریکی سووکایەتیکردن بە هاوسەرەکانیان. پیاوانیش (هاوسەرەکانیان) لە بری ئەو ستەم و سووکایەتییەی پێیان دەکرێت تۆڵە لەو ژنەکانیان دەچن خیانەتیان دەکەن.(ئەم لە هەلێک دەگەڕا یەک دوو ڕۆژێک لە ئامە بچێتە سەنگەرەوە، بۆ ئەوەی سنووری دەسەڵاتی خۆی بزانێ و ئەوەندەی بەڕەکەی پێ درێژ بکاتەوە.) (٨) لەمەش سەیرتر؛ نامۆش لەڕاستیدا ناوی(ئامە)یە.(من ناوم ئامەیە. هەر لەمنداڵیشەوە خوشک و براکانم ئەم ناوەیان لێ ناوم.)(٩). نامۆش پاشخانی سیاسیی و تێگەیشتنی تایبەت بە خۆی هەیە بۆ ژیان و کارکردن.(من نامەوێ داهاتووی ژیانم لەسەر بناغەی خەون دامەزرێنم. دەمەوێ بیر بکەمەوە و نەخشەی دەربازبوون لەدەست ئازاری کرێکاریی دابنێم. من نامەوێ بە مردووێتی ماڵ ئاوایی لە جیهانی کارگە و مەکینە بکەم.)(١٠) چیرۆکنووس بەجۆرێک وێنای ژنی کرێکار و پەناهەندەی کوردی کردووە کە تەنها سەرچاوەی سووکایەتی و بێڕێزیی و هەروەها هۆکاری دامرکاندنەوەی ئارەزووە هەڵچووەکانی پیاو بێت. ئەم وێناکردنە، بەرجەستەکردنەوەی تێڕوانینی بۆرژوازیی و کۆنەپەرستانەیە. چونکە لەلایەکەوە ژنی وەکو ژێردەستە و خزمەتکاری پیاو قەبووڵە و لەلایەکی ترەوە سیاسەت و خەبات و تێکۆشانی بەپیاوان ڕەوا بینیوە و ئاگایی سیاسی چینایەتی ژنانی وەکو هەڕەشە لەسەر پیاوان نیشانداوە.

ئەنجام
ناوەڕۆکی ئەم چیرۆکەی(١١) فازیل کەریم ئەحمەد، وەک چیرۆکێکی سەرنجڕاکێشی کرێکارێکی پەناهەندەی کورد، کە پاشخانی سیاسی و پێشمەرگایەتی هەیە، خوێنەر بۆ خۆی کیش دەکات. هاوسەری ئەو کرێکارە تازە دەست بەئیش کردووەی نێو کارگەیەکی ئۆتۆمبێلسازی ئەڵمانیا،(ئامە) لە بنەماکانی هاوسەرگیری حاڵی نەبووە و سووکایەتی بە مێردەکەی دەکات و خێزانەکەی بە هیچ شێوەیەک بەلاوە گرنگ نییە. بۆیە پیاوەکەش لەبری ئەو سووکایەتییە، دێت تۆڵە لە (ئامە) دەکاتەوە و بە درۆ و زانیاری ناڕاست سەبارەت بە خۆی و شوناسە سیاسیی و نەتەوەییەکەی، دەست لەگەڵ ژنێکی کرێکاری نێو کارگەکە تێکەڵ دەکات کە ئەویش لە بنەچەدا کوردە. ڕووداوەکان لەناو کارگەیەک ڕوو دەدەن کە پڕە لە هەڵوێست و ستەم و چەوسانەوە. ژن لێرەدا لەبری هاوسەر و دایکێکی دڵسۆز، کەسێکی سیاسی و ڕۆشنبیر، بەڵام بێ ڕوح و بەزەیی و دڕندە و بێڕێزە. کێشەی سێکس پانتاییەکی لەجیهانی بیرکردنەوەی تۆڵەی کارەکتەرکی سەرەکی چیرۆکەکە داگیرکردووە. پاڵەوانی چیرۆکەکەش(عەزیز) سەرباری پاشخانە سیاسییەکەی(پێشمەرگەکەیەکی لایەنێکی سیاسی بزاڤی نەتەوەیی کوردستان بووە)، لە چارەسەری کێشەکانی نێوان خۆی و ئامەی هاوسەری، بێدەسەڵات و هیچ لە هەگبەدا نەبووە. بەمجۆرە لەبری کێشەکانی چەوسانەوەی کرێکاران و ستەمی بێپەردەی سەرمایەداری، نووسەر لەڕێگەی (کرێکارێک)پاڵەوانێکی ناواقیعیی و لاوازی وەکو عەزیز، ئاڕاستەی سیاسی و مەعریفیی خوێنەر بەرەو هەندێ کێشەیەکی کۆمەڵایەتی دەبات؛ کە هیچ خزمەتێک بە دۆزی خەباتی چینایەتی کرێکاران ناکات. ئەم چیرۆکە تەژییە لە نالۆژیکیی کە ئەمەش پەیوەندی بە تێگەیشتنی نووسەرەوە هەیە بۆ ژیان و خەباتی چینایەتی و کێشە کۆمەڵایەتییەکانی ژنان و پەناهەندەیی و مەسەلە جەوهەرییەکانی ئینسان.
٦ ی حوزەیرانی ٢٠٢٦

سەرچاوە و پەراوێزەکان:
(١)گۆڤاری نووسەر، ئۆرگانی یەکێتیی نووسەرانی کورد لە سوید، دەستەی نووسەرانی بریتبوو لە حەمەسەعید حەسەن و ڕەفیق سابیر و شێرکۆ بێکەس. ژمارە یەک و دوا ژمارەی لە ئەیلوولی ١٩٩٠. https://www.hewalname.com/ku/?p=3147
(٢)و(٣)و (٤)و(٥)و(٦)و(٧)و(٨)و((٩)و(١٠)فازیل کەریم ئەحمەد، چیرۆکی ئامە دەمڕەش، گۆڤاری نووسەر، ئۆرگانی یەکێتیی نووسەرانی کورد لە سوید، ژمارە یەک، ئەیلوولی ١٩٩٠، لاپەڕەکانی ١٠٧ و ١٠٦ و ٩١ و٩١ و ١٠٠-١٠١ و ٩١ و ٩٩ و ١٠١ و ١٠٠ .
(١١)هەر ڕستە و پەرەگرافێکی نێو چیرۆکەکەم لەم نووسینەدا بەکارهێناوە، ڕێنووسەکەیم وەکو خۆی نووسیوەتەوە و دەستکاریم نەکردووە.
 

powered by social2s


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا