
شەماڵ بارەوانی
نامەی هەژدەهەم
ئازیزەکەم، نازانم بۆچی دوێنێ هیچ نامەیەکت نەهاتبوو؟ تکایە بێنازم مەکە. نامەکانت بۆ من وەکو مۆرفین وان، زۆر ئازارشکێنن. بە نامەکانت ئاسوودەییم پێ دەبەخشیت. نانا بینووسە "لە بارەی هەر شتێکەوە کە لە سەرتدایە بۆم بنووسە. ناتوانیت وێنای بکەیت نامەکانت چەندە نرخیان هەیە لە لام، چەندە ئارامم دەکەنەوە. جنێویش بنووسیت، قبووڵمە."* گوتم هەرچی به مێشکتدا دێت بینووسە، تەنها بێناز و بێ نامەم مەکە. خۆزگە دەتزانی ئەو ڕۆژانەی کە هیچ نامەیەکت ناگات، چەندە هەست بە پووچی هەموو شتێک دەکەم و لە تەنیایی ڕۆ دەچم. هەست دەکەم تەنیاترین مەخلووقی ئەم گەردوونەم. ئازیزەکەم، لە هیچ شوێنێک ئۆقرە ناگرم. زۆر پەرتەوازەم. له خەمەکانی دایکم دەچم. دەڵێیت بەرنەفرەتێکی ئەبەدیی کەوتووم. هیچ شتێک دڵخۆشم ناکات. خۆزگە منیش دەگەیشتم بەو ساتەی کافکا* و دەمگوت" ئەو تەنیاییە قورس و سەرلێشێواوییەی کە لەژێر ئەستێرەکەدا هەستم پێ کردبوو، لەناوچووە."* بەڵام ئەمە مەحاڵە مەحاڵ!
ـــــــــــــــــــــــــ
*ئەوەی ناو جووتکەوانە بچووکەکە، نامەیەکی(ئانتۆن چیخۆفە) بۆ خۆشەویستەکەی (ئۆلگا کنیپەر).
* مەبەست کارەکتەری ڕۆمانی(کافکا لە کەنار دەریا)یە.
*کافکا لە کەنار دەریا، هاروکی موراکامی، ل١٨٩.
ــــــــــــ
نامەی نۆزدەهەم
ئازیزەکەم، دووڕۆژە چاوەکانم بێئەندازە بەرەو سنووری کزی ڕۆیشتوون و ئەو سۆمایەی جارانیان نەماوە. ددانێکی لای ڕاستیشم زۆر ژان دەکات و زۆر ئازارم دەدات. دوێنێ ڕۆیشتم بۆ لای پزیشکی ددان، پێی گوتم کلۆر بووە. ئەو ماوەیە زۆر خووم دابووە خواردنی چلۆرە و گرێمەستی، هەست دەکەم ئەوە لە پشت هۆکاری کلۆربوونی ددانەکەمەوە بێت. چەند شەوێکە سەریشم زۆر دێشێت. لە ژیانمدا ژانەسەرم نەگرتووە، نازانم ئەو ژانەسەره کەرباوکە لە کوێ و بۆچی هاتووە؟! گەدەم ئێستا باشترە. پێشتر زۆر پیوازم دەخوارد و تووشی ئلتیهاب بووبوو. وەلێ لەوەتەی پیوازم واز لێ هێناوە. ژانی گەدەم نەماوە. ئێستا دەتوانم بۆ ژەمی نیوەڕۆ خواردنە دڵگیرەکەی خۆم، مەبەستم ساوەرە، به دڵی خۆم بخۆم. دەی گیانی من، کات درەنگە و دەبێ بڕۆم بخەوم. بەیانی نامەکەی ترت بۆ دەنێرم. شەوشاد.
نامەی بیستەم
ئازیزی من، بەیانی باش. دڵم لە هەموو شتێک شکاوە. تاقەتی هیچم نەماوە. من قەت ئەو کوڕە پڕ وزە و بەهێزەی جاران نیم. هەرگیز وەک دە ساڵ بەر لە ئێستا نیم. زۆر هەست بە بێتاقەتی دەکەم. بریا منیش وەکو ئەو پیرەمێردەی کە چیخۆف لە(یادداشتەکانی پێرەمێردێک)دا باسی دەکات، تاقەت و توانای وشترێکم هەبوایە. هەرچەندە من وەکو ئەو بە دەست بێخەوییەوە گیرم نەخواردووە و لەوەیان هیچ کێشەیەکم نییە. ئازیزی من، دوو ڕۆژە هێڵنجێکی مەعنەوی زۆر بەهێز دەمگرێت. حەزناکەم قسە لەگەڵ هیچ کەسێک بکەم و هیچ کەسێکیش قسەم لەگەڵدا بکات. سەرم گێژ دەخوات و دەست و قاچەکانم وەکوو دەست و قاچی پیرەمێردێکی تەمەن نەوەت ساڵی دەلەرزن. تەنانەت ئارەزووی خواردنم نەماوە و زۆر لە خۆم دەکەم تا قومێک ئاو دەخۆمەوە. تۆ بڵێی ئەوە نیشانە و هێماکانی پیری نەبن؟ نەخێر، بڕواناکەم. خۆ جارێ تەمەنم زۆری بەبەرەوە ماوە. ئەی دەبێ ئەمە چی بێت؟ لەوانەیە هۆکارەکەی ئەو خەمۆکییە بێت کە دەمێکە وەکو دەستاڕ زۆر بە سەختی ڕۆحم دەهاڕێت. ماوەیەکە هەست دەکەم مەرگ لە شێوەی تارماییەک سەرەتاتێکم لەگەڵدا دەکات. بەڵێ، هەست دەکەم ئەو بۆسەی بۆم داناوەتەوە. ئازیزەکەم، هەست دەکەم کات زۆر بە خێرایی بەرەو کۆتایی دەڕوات و ئیتر یارییەکە کۆتایی دێت. مەبەستم یارییە پووچەکەی منە لە بۆتەی ژیاندا. دەزانم ئەوە بیرۆکەیەکی هەرزەکارانەیە و تەنها مرۆڤە لاوازەکان پەنای بۆ دەبەن، بەڵام کاتێکیش کە دەگەیت به کۆتایی تونێلەکە و بژاردەیەکی تری باشتر لەوەت لەبەردەم نامێنێت، چەند خۆشە بە ئیشتیاوە بەرەو پیری مەرگ بڕۆیت.