لەیۆنانییەوە: ئومێد قەرەنی
- بۆ خریستۆس براڤۆ - ٢
ئەگەر ئەم نامەیەت پێگەیشت
هەر چۆن هەیە دڵنیامكەوە لەو پەیامەی
لەو چارەنووسەی دەیزانم و دەیبوغزێنم
خەونەكانم بۆ لێكدەوە
لە شنەبای پەنجەرەكە تێپەڕە و
بە دزییەوە گەڵایەكان بلاوێنەوە
وەگەرنا با وە سەمایان دەخا.
ئەو شەوانەی خەستەخانە دەروونییەكان دەدرەوشێنەوە
بە گۆرانییەك لە پشتی پەرژینەكەوە دەستپێدەكەی
بە دێڕەكان هێرشدەبەی.. لە تاریكیی هەنگاودەنێی
زایەڵەی نیشتمانی یاخییە غەمگینەكانی.
من لە گۆرانییە ناسازەكەی ئێستاوە بۆت دەنووسم
ناوم (لێفتێریس)ە و نە پەرژینێك دەبینم نە ئاسمان؛
لێرە برووسكەكان لە سینەدا دەگرمێنن.
میكانیزمە نامۆیەكان.
گوتی ''وەرە ژوورەوە''
ئەمنیش وەمكرد
دەتگوت ئەوە یەكەم جارە بەر ''با'' كەوم
دەنگیشی دەهات ''وەرە ژوورەوە''
ئەو پێیگوتم.. ئەمنیش وەمكرد..
پازلی هەزار پارچەیی.
هەڵەگەلێك ڕوویاندا
لە نێوەڕاستی ژوورەكەدا
لەسەر بەڕەكە پەرشوبڵاوبوونەوە
پارچەكانی، بە هەزار ناوەوە
ڕوخساری مە بوون.
سوور .
لە دیمەنەكە
تەنیا شتێك كە وەبیرم نایە
ئەو گوڵەیە كە پۆشیبووت
بۆنی سرووتی لیتانی ٣
لە هەموو شوێنێك دەپڕژاند.
ئەرێ وەبیرمە، پەلكەكانی پەژموردە بوون
ئەوەشم لەیادە!
دەكۆشام پێت بڵێم، دەڵێ
كە مردبووم
یان، ڕەنگە... نا!
سوور بوو.
_________________________________________
١- لێفێتێریس چۆنیس (Lefteris Tsonis - Τσώνης Λευτέρης): ساڵی ١٩٨٤ لە ئەسینا لە دایكبووە. هەر لەوێش دەژیێ و كاردەكا، دوو كۆمەڵە شیعری بڵاوكردۆتەوە: (''مەیزانیی''، بڵاوكراوەی ئێكاتی، ٢٠١٥) و (''كرتەی تاریكییبەخشی دوگمەكە''، بڵاوكراوەی ئێكاتی، ٢٠٢٣). لێفتێریس چۆنیس بەوە دەناسرێتەوە كە خوێنەر پەلكێشی نێو گێژەلوولكەی وشە و زمان دەكا، جیهان لە شیعرەكانیدا وەك ڕەنگدانەوەیەك لە پڕێكدا دەكرێتەوە و وندەبێ.. چونكە وێنەكان وەكو ئەوەن كە لە ناكاو هەڵكرێن و بكوژێنەوە، لە شیعرەكانی تەنها جەخت لەسەر ڕووی دەرەوەی شتەكان ناكاتەوە بەڵكە رەهەندە ناوەكییەكانیش ئاشكرادەكا، چیڕۆكی گچكەگچكەن كە گەشتی دەروونیی شاعیر و خەڵكی دەوروبەری وێنە دەگرن، بێدەنگییەكان هەڵدەكۆڵن. شیعرەكانی لێفتێریس لە ئەنتۆلۆژیایی شیعری هاوچەرخی یۆنانیی جێگیركراون و بەردەوام لە ڕۆژنامە و گۆڤارە چاپكراو و ئەلیكترۆنییەكان بڵاودەكرێنەوە.
٢- خریستۆ براڤۆ: لە (لێفتێری - نووسەری شیعرەكە)م پرسی: - بۆچی ئەم شیعرەت بۆ خریستۆس براڤۆیە؟ گوتی: - ئاخر خریستۆس بە شیعرە كورتەكانی راستەخۆ لەگەڵ دڵمان قسەدەكا تەواوی یادەوەریمان زیندوو ڕادەگرێ، زۆر جار بەسەر نەوەی وێژەیی هەفتایەكان هەژمار دەكرێ.. لێ ئەو زۆر تایبەت بوو و ڕێچكەیەكی جیاوازی شیعرییشی هەیە، شیعرەكانی چڕوپڕ و مۆسیقا ئامێزن و دەچنە قووڵایی ڕووداوەكان، ئەو سەختیی و نائومێدییەی كە ئەو كات خەڵكەكەمان تێیدا دەژیان زیندووڕاگرتووە.
خریستۆس لە سەردەمی شەڕی ناوخۆدا نەژیاوە، لێ باوكی و هاوگوندییەكانی ڕووداوەكانی شەڕیان بۆ گێڕاوەتەوە كە كاریگەرییان لەسەری درووستكردووە، ئەو لە ساڵی ١٩٤٨ واتە ساڵێك بەر لە كۆتاییهاتنی جەنگ لە دایكبووە، باوكی جەنگاوەری سەر بە سوپای دۆڕاوەكان بووە لە شەڕی ناوخۆدا، داپیری فێری گێڕانەوەی سەربردە و ئەفسانە و گۆرانییە میللیيەكانی كردووە، بیروەرییەكان و نووسینەكانی بە شێوەیەكی فرە سەرنجڕاكێش دەچنە نێو ناخ و جێپەنجەی خۆیان دەنەخشێنن. خریستۆس لە ساڵی ١٩٨٧ بە نەخۆشیی لە تەمەنی ٣٩ ساڵیی كۆچی دوایی كرد.
٣- لیتانیا (λιτανεία): واتە ڕێپێوانی ئایینی، سرووتێكی دینیی مەسیحییەكانە.