هاڤان محەمەد
سڵاو " دڵی من
ڕۆژەکانی من ئاوایە،
بەیانیان کە چاو دەکەمەوە تۆ دەبینم ، حەزدەکەم بەیانی باشێک بکەم ، تا هێوای ڕۆژێکی بەختەوەرت بۆ بخوازم و ڕەنگ و دەنگت بڕژێتە بەیانیمەوە ، جار جارە دڵم قوڵپێک دەدا دەچمەوە سەر ئەو وشەو ڕستانەی تۆ کە وەک کڵۆ شەکرن و دەمم شیرن دەکەن !
کات دەچێتە سەر نیوەڕۆ.
ساتێک لەگەڵ وێنەکانت دەدوێم ، ئەوانەی هەردەم لە چاوم نزیکن نەفرەت لە فرمێسکەکان دەکەم ئەگەر بەرچاوم لێلکەن و بەڕونی تۆ نەبینم ، کاتی زەردەپەڕ دێت دەستێک دەخەمە دەستی بیرەوەریەکانت ، پیاسەکی دوو قۆڵی دەکەین ، بەیادی ئەو ڕۆژەی باغێکی شار ، ئیتر شەو کەزیەکانی دەکاتەوە ، وەلێ نەتریفەی مانگ سوکناییە ، نە ڕۆشنایی لە ئەستێرەکان دەبینم ، هەر خەریکی ئەوەم پاڵ بەکاتەوە دەنیم ، میڵی کاتژمێرەکە هەرچەندێک پێشاندا خۆ باکمان پێنیە ، گرنگ ئەوەیە تۆ دەردەکەوی ، ئیتر چاوەڕوانی و ئازارو هیلاکی ، لەیاد دەچن ، من و تۆ و شەو دەبینەوە ڕێبواری هەمان ڕێگا ، تا دوا هەنگاو دەڕۆین ، شەو هەرەسان دەکەین ، تا تکا دەکات بگەینە کۆتایی و شەو شاد بکەین .
*کۆمەڵی نامەیەکی ئاراستەکراو بە پێنوسی هاڤان محەمەد وەک زنجیرە هەموو رۆژانی شەممە نامەیەک بڵاودەکرێتەوە