
قوبادی جەلیزادە
تا هەنووکە نیشتیمانەکەمم بە لەشساغی نەدیوە.
یا،
دەستێکی گیراوە لە گەچ
یان لاقێکی لەجێچووە.
تا هەنووکە نیشتیمانەکەمم بە جلێکی سوورەوە نەدیتووە
هەمیشە ڕەشپۆش.
یا،
بۆ گەریلایەکی شەهیدی لەباکوور
یا بۆ پێشمەرگەیەکی لە ڕۆژهەڵات
یا بۆ شەڕڤانێکی لە ڕۆژئاڤا
یا بۆ ڕۆژنامەنووسێکی شەهیدی لە باشوور.
تا ئێستا بەسەر لێوی نیشتیمانەوە، زەردەخەنەیەک شکۆفەی نەکردووە.
هەمیشە دەگری.
یا لەسەر تەرمی باخچەک
یا کوێرە کانییەک
یا لەسەر تەرمی کۆترە باریکەیەک.
تا ئێستا بەیانییەک گوێم لە نیشتیمان نەبووە گۆرانییەک بڵێ
هەمیشە ناڵاندوویەتی
یا،
بۆ جگەرگۆشەیەکی ئەنفالی
بۆ تێکۆشەرێکی ژووری ئینفرادی
یا بۆ شێرەژنێکی بەر دەمی قەنارە.
تا هەنووکە نیشتیمانەکەم بە سگێکی تێر نەدیتووە
لەبن دابارینی بەفردا بەردەوام ،ڕووت و قوت و پێخواست.
بە تیکە نانێکی ڕەقەوە دێت و دەچێ.
نیشتمانەکەم ؛
نەخۆشە
ڕەشپۆشە
چاو بە فرمێسکە
دەناڵێنێ
برسی و ڕووت و قووتە.
بەڵام؛
نەکەوتووە.
هەمیشە هەر بە پێوەیە نیشتیمان.