❞بۆ شلێر ڕەسووڵی و پەریناز خوسرەوانی کە خۆیان بە پەنجەرە ئەسپارد!❝

 شۆڕش

 

نیگاکانت وردە وردە خەریکە ترسناک دەبێت. شل بوویت و چاوت تۆخێکی خوماریی لەسەر نیشتووە. بە مل و سینگ و کەمەرمدا پێدا دێیت تا خوار، لە ڕان و بەلەکم ورد دەبیتەوە. دەست و پێت چەشنی میغناتیس بەرەو من دێت، بەریان دەگریت. لە ژێر شاڕواڵەکەتەوە قیت بووەتەوە و ناتهەوێت زەق بنوێنێت، سەرنجم ڕابکێشێت. لە ناو زەینتدا چەشنی شانۆکارێک بەر لە تۆمار کردنی ڕۆڵگێڕییەکەت، ڕاهێنانی سێناریۆکە دەکەیت. چرپە... چرپە...

ناوێرم ڕاستەوخۆ چاو لە چاوت کەم، دەڕوانمە بەر پێت. جار لەگەڵ جار  گەمارۆ چڕتر دەبێتەوە. هەناسەی بەربینت چنگێکە لە هەناوم ڕۆدەچێت و سییەکانم دەڕنێت. بۆنی جەستەت تێکەڵاو لەگەڵ عەترەکەت، چەشنی بڵاو بوونەوەی گازێکە لە فەزایەکی داخراودا، هێڵنجم پێی دێت. یەکەمجارە لە بۆنی مێگامارە قێزم بێت. هەست دەکەم کەوتوومەتە ناو ئۆقیانووسێکەوە؛ شەپۆل لەگەڵ شەپۆل زیاتر ئاو دەچێتە ناو لووت و گەروومەوە. چرپە... چرپە... مەودامان نەماوە.

‌دەزانیت کە ناهێڵم کەس پێ بزانێت. بە خاتری ئابڕووی خۆشم بێت، هەرگیز دەنگ ناکەم. خۆ جاری پێشوو دەستت لە ناوقەدم هاڵاند. مەچەکەکانمت لە پشتەوە بەیەکەوە توند گرت. خۆتت پێوە لکاندم و بە خۆتەوە گوشیم. بەڵام ئاخرسەر تەقەی دەرکە ڕزگاری کردم. کەچی وەها ئاسایی هەڵسوکەوت دەکەم، دەڵێی هیچ شتێک نەقەوماوە و هیچ تاوانێک ڕووی نەداوە. تەنانەت ئێستاش گوێم بەرەوڕووی زەنگی مەترسیدا گرتووە.

پشتم بە دیوارەکەوە ناوە. چیتر ڕیگام بۆ کشانەوە نییە. دەستەکانت لەسەر ڕوومەتم دادەنێیت و بە ملمدا دەیهێنێتە خوار و لەسەر مەمکەکانم گیری دەکەیت. هێدی هێدی سەرت دەهێنیتە پێش. دەمت لەسەر ملم دادەنێیت. دەیمژیت. هەستی چزی دووپشکم پێدەدات. فەزای شوێنەکە هەڵدەسەنگێنم. هەوڵ دەدەم کە سترێس و دڵەخورپەم بۆت دەرنەکەوێت. بەڵام لوولەکێشیی تووکار، جلکی هەڵخراو لە ناو ژوور، پەردەی بە بزمار هەڵواسراو، بێدەنگییەکی بێ خەوش، کلیلی ناو دەستت و...، هەموو ئەمانە فەزایەکی غەریب و نامۆ دروست دەکەن. تەزوو بە گیانمدا لە هاتوچۆیە. چاوەکانم چەشنی باڵندەی تازەبەداوەبوو، لە ناو خەفەسی ژوورەکەدا حەجمانیان نییە. بەڵام ئەمجارەیان هەموو کونەکان سواغ دراون بۆ دەربازبوون!

ئەگەر بشڵێم کە بۆ وەرگرتنەوەی کەواکەم چووبووم، دەڵێن ئەی ئەوە نییە لە ماڵ نەبووە! کێ باوەڕ دەکات بڵێم وتوویەتی خۆی لە ماڵەوەیە! ئەی ناڵێن ئەگەر خۆت حەزت لێنەبوو، بۆ چوویە ناوەوە؟! خۆ بە ڕاکێش ڕاکێش نەیبردیت، خۆت چوویت! داوای لیوانێک ئاو دەکەم. بۆ ئەوەیکە ئاسایی بنوێنیت، دەچیت بۆ متبەخ و دەرکەی یەخچاڵ دەکەیتەوە. دڵنیای لەوەیکە ڕێی دەرچوونم نییە. لەگەڵ کردنەوەی درکەکە خشپەی غاردانم دێتە گوێت. شەقەشەق دەسکی دەرکەکە ڕادەوەشێنم، ناکرێتەوە. بە دیوەخاندا بەرەو پێ پلیکانەکان ڕادەکەم. دەچم بۆ ژوورەکەی سەرەوە. دەرکە لەسەر خۆم کلیل دەکەم. بەڵام پەنجەرەیەک بوونی نییە... .

بە هێمنی دەرکەکە بە کلیل دەکەیتەوە؛ پەرداخێک ئاو بە دەستەوە، لەسەرەخۆ دێیتە ژوورەوە...


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا