
چەند ڕۆژێکە
قەڵەمەکەم بێتاقەتە و
دەستی ناچێتە هیچ شتێ
لە سوچێکی ژوورەکەیدا
کپ و بێدەنگ ڕادەکشێ!
*
نە دیقەتی گوڵێ دەدا
نە ئارەزووی
قاوەیەکی خەستیش دەکا
پەیتا پەیتا
سیگار دوای سیگار
پێ دەکا!
ساردوسڕە و هیچ شەرابێ
مەستی ناکا!
*
قەڵەمەکەم نیگەرانە و
نە گەرمەنیگای هیچ ژنێ
دەیبزوێنێ
نە دەنگی دزێوی هاژەک
دەیهەژێنێ!
*
لە دوێنێوە
پێنووسەکەم بێتاقەتە و
سەرەکاسە قورسەکەی خۆی
خستۆتە نێو لەپی دەستی!
ئەشکی خوێنین دەبارێنێ
بۆو ڕۆژانەی بەفیڕۆچوون
بێ ئەوین و خۆشەویستی!
*
عەیامێکە
دڵبەرەکەم بێ ئۆقرەیە و
منیش پەرێشانی ئەوم
چەند شەوێکە
ئەو بێدارە و
منیش وەکوو ئەو بێ خەوم!
*
زۆر لە مێژە نیوەیەکم
لە چوارچێوەی
دیوارێکدا زیندانییە و
بەنابەدڵ
گالیسکەی ژین ڕادەکێشێ!
زەمەنێکە
بێ من دەمرێ و
غەرقە لە زەریاچەی ئێشێ!
جەمال حەمید
تەموزی 2026
