شۆرش پەیامنێری رێگا لە سنەوە

«ئیمڕۆژ بۆ بەندیخانەیک ئەچم کە پەڕاوێز و دووچاوەکی ئێنە لێکدان لە سێیە. بەندیخانەی ژنانی سنە. پەڕاوێز و دووچاوەکیی ڕەگەز، چین و نەتەوە. بەڵام بەمانەوەو من پێش هەرچتێک هیوام نیا ناو جانتاکەم»... ئەمە دواوتەی ژنە خەباتکارێک بوو، بەر لە خۆڕادەست‌کردنی بۆ بەندیخانە... دواوتەی فێمینیستێکی نەسرەوتوو، کە لەم سەردەمی هێژموونیی گڵۆبالیزاسیۆن و مۆدێڕنیتەی سەرمایەدارییەدا، لەگەڵ بەکاڵاکردنی ژنان و سڕکردنی ڕای گشتییان بە زریق‌و‌بریقەی جیهانی لیبڕالیزم بەرەنگاری دەکرد... دواوتەی ڕۆژنامەوانێکی بوێر، پێنووسی هاواری کچانی خەتەنەکراو و ژنانی دەمکوتکراو... دەنگدانەوەی قوربانییانی کوشتن بە پاساوی نامووس و هاوسەرگیریی مناڵان بوو... بەر لە ٣٢٥ ڕۆژ بەندکران بە تاوانی مافخوازی لە پیناو ژنایەتی!

ژینا مودەڕیس‌گورجی لەدایکبووی شاری سنەی کوردستانی ئێران بوو. پیشەی سەرەکی، هەڵسووڕاندنی کتیبفرۆشییەکی دڵکەرەوە و خنجیلانە بە ناوی "ژیرا" لە شەقامی "٦ی ڕێبەندان"[ششم بهمن]ی ئەو شارە بوو، کە ببوو بە مەکۆی هۆگرانی هزر و ئەندێشە و خوێندنەوەی شارەکە. ئەگەرچی "ژیرا" لە درێژەی دارەدارەی خۆیدا بە بیانووگەلی وەکوو «بێ‌حیجابی»، «ڕەچاو نەکردنی دابونەریتی ئیسلامی» و هتد -بەڵام بە ئامانجێکی تر!- ڕووبەڕووی داخران و «پلۆمپ‌کران» بوویەوە، بەڵام تەنانەت بە بەندکرانی "ژینا"ش، چرای "ژیرا" نەکووژایەوە و پێی ژنانی "ژیر" و هاوشارییانی هۆگری ئاگایی، لەم مەکۆی ڕۆشنبیرییە نەبرایەوە. بەڵام "ژینا" تەنیا بەمە نەوەستا. ئەو هەستا بە کۆکردنەوەی ژنانی هاوبیری خۆی، کە بیر و ئامانجیان ڕۆشنگەریی ژنان و پەرەپێدانی ئاگایی زایەندی(ڕەگەزی) بوو لە ناو کۆمەڵدا. ڕادیۆ ژیان بۆ بەرهەمهێنانی پۆدکەستی ڕۆشنگەریی ژنانە دامەزراند. هەروەتر گرووپێکی ڕۆشنبیری-موتالعاتی(کتێب‌خوێنی)یان بە ئامانجی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ توندوتیژی دژ بە ژنان و داکۆکی‌کردن لە مافە ڕەواکانیان دامەزراند؛ کە توانییان کۆمەڵێک چالاکیی بەرچاو و کاریگەر وەکوو کۆبوونەوەگەلی زانستی و باس-تەوەر، بەڕێوەبردنی ڕێ‌پێوان و ڕێورەسمی جۆراوجۆری وەک "٨ی مارس"(ڕۆژی جیهانیی ژن) و "٢٥ی نۆڤامبر" (ڕۆژی جیهانی بەرەنگاری توندوتیژی دژ بە ژنان) بەڕێوە ببەن و لە بەرامبەر ئەم تاوانکارییە کۆمەڵایەتییانەی لە کوردستانی ئێران دژ بە ژنان دەکرێت، خاوەن هەڵوێست بن. 

ئەمە بوو بە سەرەتای بەربەستە سیاسی و دادوەرییەکان لە بەردەمی و بەم بۆنەیەوە تۆمەتی «پێکهێنانی گرووپی نایاسایی بە مەبەستی ڕووخاندنی حکوومەت» خرایە پاڵی و سزای ١٦ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپا! پاش ماوەیەکی کەم ڕووداوی "کوشتنی ژینا ئەمینی" لە ١٦ی سێپتامبری ٢٠٢٢دا، مانگرتن و خۆپیشاندانگەلێکی بەرفراوانی لە سەرتاسەری کوردستان و ئێران لێکەوتەوە. "ژینا" هەر لە یەکەم ڕۆژەکانەوە هەڵسووڕاوانە و هەستیارانە سەبارەت بە کارەساتی کوشتنی ئەو "ژینا"ی تر، وەکوو ڕۆژنامەوانێکی بەرپرسیار لە پڕۆگڕامی هەواڵی میدیا ئێرانییەکاندا بەشداری دەکرد و تاوتوێ و شرۆڤەی ڕووداوەکانی دەکرد. سەرنجام ٤ بۆ ٥ ڕۆژ دواتر بەم بۆنەیەوە، لەسەر شەقامی "سەفەری"ی سنە ‌قۆڵبەست کرا. پاشان لە دوای تێپەڕینی ٤٠ ڕۆژ لە لێپرسینەوە و قۆڵبەست‌کران، بە بارمتەی ١٠٠ ملیۆن تمەنی ئازاد کرا. بەڵام لە دوای ٦ مانگ کە هێشتا ناڕەزایەتییەکان لە ئارادا بوو، لە ١٠ی ئاپریلی ٢٠٢٣ بۆ جاری دووهەم قۆڵبەست کرا و ئەم جارەیان لە دوای سێ مانگ و بە بارمتەی ٥ ملیاڕد تمەنی، بە شێوەی کاتی ئازاد کرا. لە ئاکامدا لە پاش دادگایی‌کردن، سێ تۆمەتی «هاوکاری کردنی دەوڵەتانی نەیار[ی کۆماری ئیسلامی]»، «بانگەشە لە دژی سیستەم» و «پێکهێنانی گرووپی نایاسایی بە مەبەستی ڕووخاندنی حکوومەت»ی بەسەردا سەپا و بە ٢١ ساڵ بەندکران تۆمەتبار کرا. لە درێژەی دوو دادگایی پێداچوونەوە، تۆمەتی «هاوکاری کردنی دەوڵەتانی نەیار[ی کۆماری ئیسلامی]» کە لە درێژەی بەشداری کردنی لە کۆبوونەوەیەکی "ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان" لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لەسەر تەوەری بارودۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران خرابووە پاڵی، ڕەت کرایەوە و سزای بەندکرانی بۆ ٢٨ مانگ (١٤مانگ+١٢مانگ) دابەزی و ڕۆژی ٢ی نۆڤامبری ٢٠٢٤ خۆی ڕادەستی بەندیخانەی شاری سنە کرد. پاشان بە سۆنگەی "ماددەی ١٣٤ی سزادانی ئیسلامی"یەوە کە تەنیا ڕێگەی بە بەڕێوە بردنی ١٦ مانگ لە سزاکەی دەدا، وە هەروەها کەمکردنەوەی ماوەی قۆڵبەستکرانی  لە ماوەی حوکمەکەی، ڕۆژی ڕابردوو ٢٢ی سێپتامبری ٢٠٢٥، لە دوای کۆتایی هاتنی ماوەی سزادانی، لە بەشی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی سنە ئازاد کرا.

ئەم بەسەرهاتە تەنیا پەیوەند بە "ژینا مودەڕیس گورجی"یەوە  نییە. بەڵکوو چیرۆکی دەیان و سەدان ژنی مافخوازی کوردستانی ئێرانە، کە بە هۆی چالاکیی سڤیل، ژینگەپارێزی، فێرکاری زمانی کوردی، داکۆکی لە مافی مرۆڤ و... ساڵانە بەرەوڕووی ئازار و ئەشکەنجەی دەروونی و فیزیکی دەبنەوە و تەنانەت چارەنووسی هەندیکیشیان بە زیندانی هەتاهەتایی و سێدارە خەتم دەبێتەوە... .

"ژینا" ساڵی ڕابردوو لە لایەن BBCیەوە وەکوو "ژنی ئیلهام‌بەخش و کاریگەری ساڵ" بەربژێر کرا.


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا