شیعری : میلاد تارانی
وەرگێڕانی : خدر ئیبراهیم خدر
( ١ )
لەوانەیە تا بە ئێستا دەگات
هیچ کەسێک بە تۆی نەگووتبێت !
بەڵام دەخوازم بزانیت ....
مەزنترین ئەو شانسەی دەوروبەرت
بەدەستیهێناوە ،
لەدایکبوونی تۆ بووە !
بمبوورە کە زوو بۆم نەدرکاندیت ...
( ٢ )
ئەو دەمەی
ئازاری چڕنووکی ژیان
بەسەر ڕەگی ئارەزووەکانتەوە هەستپێدەکەیت
بیهێنەوە یادت ،
جوانی نەیزەکەکان
لە شکانی دڵی ئەستێرەکانەوە دێت ...
( ٣ )
سەفەر بە لای منەوە
بێجگە لە دڵتەنگی ، هیچی تر نابەخشێت ....
بەڵام ژیان ئەوەی فێرکردم
بۆ ئەوەی شتەکان مەزنتر و شکۆدارتر ببینین
دەبێت بڕێک لێیان دووربکەوینەوە ...
( ٤ )
بە هەزار و یەک فێڵ
لقە گوڵێکی نایلۆنم
لە نێو چەپکە گوڵەکانی نێو گوڵدانەکەدا
شاردەوە ....
لە دەفتەری بیرەوەریەکانتدا نووسیم :
(( تۆم خۆشدەوێت ،
تا ئەو کاتەی
دووا گوڵی نێو ئینجانەکە هەڵدەوەرێت ..!
( ٥ )
بە سەرکەوتنی پاڵەوانی چیرۆکەکانت
هەردەم ئومێدەواربە ،
چونکە نائومێدی
لەو درۆیە دەچێت ، کە باپیرەکان
لە بارەی جەنگی یەکەمی جیهانیەوە
دەیگێڕنەوە ...
( ٦ )
دەڵێن فریشتەکان
بەزەیی خواوەند بۆ ماڵەکانمان
دەگوازنەوە ....
چەند بەچێژە
بینینی فریشتەیەک ،
لەوکاتەدا
دەرگای دراوسێکەمان دەکووتێت ..!
سەرچاوە : مجلە موفقیت، شمارە ٨٤، سال ٨، شهریور ١٣٨٤